سلێمان تاشان – ههولێر
عێراقی فیدراڵی هەر لە دامەزراندنیەوە کێشەی سەربەخۆیی و نەبوونی سەروەری هەبوو، کاتێک دەوڵەتی سوننە ڕووخا ئەو دەوڵەتەی شوێنی گرتەوە هەرگیز نەیتوانی خۆی لە دەوڵەتی قووڵ ڕزگار بکات و تا ئەم ساتەش بە دەستی دەناڵێنێت.
ئەو لایەنانەی دوای ڕژێمی بەعس حوکمی عێراقیان بەدەستەوە گرت هیچ کاتێک لەگەڵ ئەو وڵاتە نەبوونە هاوپەیمانێکی ڕاستەقینە کە ڕۆڵی لە سەرخستنی هێزەکانی شیعەدا هەبوو و لە ستەمی کەمینەی سوننە ڕزگاری کردبوون.
هێزەکانی شیعە ئەوەندەی لە بیری ئایدۆلۆژی و بەرژەوەندی بەرتەسکی تایفی و مەزهەبیدا بوون بیریان چوو بۆچی فەرمانڕەوانیی دەکەن، ئامانجیان لە دامەزراندنی دەوڵەتی فیدراڵی چییە و دەیانەوێت چی پێشکەشی گەلانی عێراق بکەن.
سەرهەڵدانی شەڕی تایفی لە لایەک و شەڕی دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە لایەکی دیکە و پاشان سەرهەڵدانی داعش و کۆمەڵێک ڕووداوی دیکە، عێراقی بەسەر جەمسەرەکانی هێز لە ئاستی ناوچەیی و جیهانیدا دابەش کرد.
زۆربەی کابینەکانی عێراق بە هەماهەنگی لە نێوان ئێران و ئەمریکا دامەزراون، ئەو دوو وڵاتە هەر کامێک لای خۆی هەژموونی بەسەر دام و دەزگاکانی عێراقدا هەبوو و لە هەمان کاتدا جۆرێک هاوئاهەنگی لە نێوانیاندا بە شێوەی ناراستەوخۆ لەئارادابوو.
بۆ نموونە لە شەڕی دژی داعش لەو کاتەی فەرماندەکانی هێزی هاوپەیمانان لە گۆڕەپانی جەنگ لە ئاسمان و زەوی یارمەتیی عێراقیان دەدا لە هەمان کاتدا هێزی ئێرانی و قودس و حەشدی شەعبی بە چەک و هامەڕی ئەمریکی لە هەمان ئامانجیان دەدا.
ئەم دۆخە تا سەردەمی سەپاندنی سیاسەتی زۆرترین گوشار لە لایەن دۆناڵد ترەمپ دژی ئێران بەردەوام بوو و ئەو هاوئاهەنگییەی جاران نەما و تەنانەت ئەمریکا لە بەغدا فەرماندەی قودسی سوپای پاسدارانی کوشت و قۆناغێکی نوێی ململانی دەستیپێکرد.
لە خولی دووەمی دەسەڵاتی ترەمپ دۆخکە بەتەواوی تەقیەوە ئێران و ئەمریکا کە لە عێراق دوو نەیاری یەکتر و هاوئاهەنگی دەوڵەتی فیدراڵی بوون ئەم جارە هەر کامێکیان هەوڵی دا ئەوی دیکە لە گۆڕەپان بخاتە دەرەوە.
ئێران هەوڵێکی زۆری دا لە ڕێی گرووپەکانی نزیک لە خۆی لە پەرلەمان و حکوومەت کۆتایی بە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بهێنێت بەڵام سەرکەوتوو نەبوو و لە بەرامبەردا ئەمریکاش هەوڵی دا دەستی ئێران بە تەواوی لە دام و دەزگاکانی عێراق کورت بکاتەوە و ئەویش لەم هەنگاوانەیدا شکستی هێنا.
رووداوەکانی لبنان، سووریا و غەزە دۆخی تەناهیی ناوچەکەی ئاڵۆزتر کرد و پاشەکشەی بە هەژموونی ئێران لە ناوچەکە کرد، ئێران هەوڵەکانی خۆی چڕ کردەوە دوای لەدەستدانی ئەو وڵاتانە، عێراقیش لەدەست نەدات.
ئەمڕۆ سی و نۆ ڕۆژە جەنگێکی سەختی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لەئارادایە و دەوڵەتی فیدراڵیی عێراق کە خۆی بە دۆستی هەر دوو لایەن دەزانێت بێلایەن بووە بەڵام کەوتووەتە نێوان دوو بەرداشی جەنگ.
عێراق ئاسمانەکەی لە ژێر کۆنترۆڵی ئەمریکا و بەشێک لە زەوییەکەی لە ژێرهەژموونی ئێراندایە. سی و نۆ ڕۆژە هەناردەی نەوتەکەی لە بەسڕە وەستاوە و لەو ماوەیەدا تەنیا ڕێگە بە دوو کەشتی نەوتی عێراق دراوە لە هورمز بپەڕێتەوە کە دووەمیان ڕۆژی یەکشەممە بوو.
ململانێ و شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران لە عێراق بەردەوامە، ڕۆژی شەممە شیعەکان دوای پەیامی سەدر لە چەندین پارێزگا پاڵپشتیی خۆیان بۆ ئێران ڕاگەیاند و داوای دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکایان کرد، لەسەر زەوی پرۆکسی ئێرانی لە ژێرخانی ئابووری و سەربازی و بە قسەی خۆی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەدات و لەبەرامبەردا ئەمریکاش لە لێدانی گرووپەکانی بەرەی مقاوەمە بەردەوام بووە و زیانی زۆری پێ گەیاندوون.
چارەنووسی ژیان و ئابووری و ئاسایش و سەقامگیری و دامەزراندنی حکوومەت لە عێراق بە چارەنووسی جەنگەکە گرێ دراوە. سەرکەوتنی هەر لایەنێکی جەنگ سەرکەوتنی هەژموونی هەمان لایەنە لە عێراق و شکستی هەر کامێکیش لە عێراق هەمان واتا دەبەخشێت.

