رۆژنامەی ھەولێر

هیچ مەترسییەک بۆ سەر ئاسایشی خۆراک لە هەرێمی کوردستان لەئارادا نییە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

بەپیچەوانەی ئەو دەنگۆیانەی سەبارەت بە قەیرانی خۆراک و گرانی بەهۆی جەنگ لە نیو خەڵک و کۆڕ و کۆمەڵەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بوونەتەوە، هیچ هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی خۆاک لە ئارادانییە و هەرێمی کوردستان لەم ڕووەوە لە باشترین پێگەی خۆیدایە.

ئەمڕۆ سی و نۆ ڕۆژ بەسەر دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێراندا تێدەپەڕێت، شەڕێک کە کاریگەریی زۆر نەرێنی لەسەر وڵاتانی ناوچەکە و جیهان هەبووە و گەرووی هورمز کە یەکێکە لە ڕێگا سەرەکییە بازرگانیەکان داخراوە و بەدەگمەن ڕێ بە کەشتییەکان دەدرێ لەو گەرووە بپەڕنەوە.
لە ڕووی بازرگانییەوە بەشێکی زۆر لە پێداویستییەکانی عێراق لەم گەرووەوە دابین دەکرا و لە چین و وڵاتانی ترەوە دەگەیشتە بەسڕە و پاشان بۆ سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەگوازرایەوە.
زیاتر لە مانگێکە ئەو دەروازەیە داخراوە و هیچ شتومەکێک هاوردە نەکراوە، تەنیا ئەو کەلوپەلانە بۆ ناوخۆی عێراق گواستراونەتەوە کە پێشتر لە کۆگەکان هەڵگیرابوون.
ئەم دۆخە کاریگەری نەک لەسەر عێراق بەڵکوو لەسەر کوێت و بەحرێن و قەتەر و ئیمارات و وڵاتانی دیکەی کەنداو هەبووە و لەرووی دابینکردنی پێداویستییەکانی بازاڕەوە دەکرێ بگوتری دۆخی هەرێمی کوردستان لە سەرجەمیان باشترە چونکە جێگرەوەی بۆ بازرگانی هەیە.
کەسانێک هەن کە بە مەبەست یان لەرووی ناهۆشیارییەوە خەڵک دەترسێنن و وا پێشان دەدەن کە ئەگەر جەنگ درێژە بکێشێت ئەوا قاتی و قڕی پەیدا دەبێت، ئارد نامێنێت و پێداویستییە سەرەکییەکان نرخیان ئەوەندە گران دەبێت کە بە کەس دابین ناکرێن.
لەراستیدا هەموو ئەو دەنگۆیانە دوورن لە ڕاستی وکۆمەڵێک فاکتەر و هۆکار هەن کە وادەکەن ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی لە ڕووی خۆراک زۆر پارێزراو بێت و هیچ کێشەیەکی بۆ نەیەتە کایەوە.
یەکەم هۆکار ئەوەیە هەرێمی کوردستان سنوورێکی بەرفراوانی هەیە و لە لایەک بە ئێران لە لایەکی دیکە بە کەنداو و لە لایەکی تر بە تورکیا و ئەوروپا گرێ دراوە و لە هەموو حاڵەتێکدا لەوانەیە تەنیا یەک دەروازەی دابخرێت بەڵام هێشتا چەندین دەروازەی دیکەی هەن کە بە کراوەیی ماونەتەوە. تا ئەم ساتە سنوورەکانی هەرێم لەگەڵ ئێران دانەخراون و ڕاستە هاوردەی هەندێک پێداویستی خۆراک لە ئێرانەوە کەمی کردووە بەڵام ئەمە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر نرخی شتومەک لە کوردستان نەبووە.
دەروازەی ئیبراهیم خەلیل بە یەکێک لە گەورەترین و گرنگترین بازاڕە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان هەژمار دەکرێت، ئەو دەروازەیە نەک پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستان بەڵکو هیی تەواوی عێراقیشی پێ دابین دەکرێت، دەروازەکە عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە

بە تورکیا و ئەوروپا گرێ دەدات.
فاکتەرێکی گرنگی تر کە هۆکارە لەوەی هەرێمی کوردستان تەنانەت لە ئەگەری درێژەکێشانی جەنگ تووشی هیچ کێشەیەکی خۆراک نەبێتەوە ئەوەیە بارانێکی زۆر باریوە و ڕووبەرێکی زۆری خاکی کوردستان بە گەنم و بەرهەمە کشتوکاڵییەکان چێندراوە و لە دوو مانگی داهاتوودا گەنم ئەوەندە زۆر دەبێت هیچ شوێنێک نامێنێت کە گەنمی تێدا کۆگە بکرێت چ جای ئەوە خەڵک خوا نەخواستە تووشی برسێتی و نەهامەتی ببێتەوە.
تەنانەت بەدەر لەم پێشبینییانە خۆی وەزارەتی بازرگانی عێراق ڕای گەیاندووە هەر ئێستا بەشی تەواوی ساڵی ٢٠٢٦ گەنم لە سایلۆکان هەیە و هیچ کێشەیەکی خۆراک نایەتە کایەوە. وەزارەتی بازرگانی هەرێمی کوردستانیش پێشتر خەڵکی لەوە دڵنیا کردۆتەوە کە ئەگەر هەموو دەروازەکانیش بە تەواوی دابخرێن هێشتا بەشی شەش مانگ کۆگەکان پڕن لە پێداویستییەکانی
هاووڵاتییان.لە هەفتەکانی ڕابردوودا ژماریەکی

زۆر لەو کەشتییانەی پێشتر لە هورمزەوە شتیان بۆ عێراق دەگواستەوە ڕێیان بەرەو دەریای سوور و پاشان دەریای ناوەڕاست گۆڕیوە.
بەشێک لەو پێداویستییانە لە ڕێی بەندەری عەقەبەی ئوردنەوە دەگەنە عێراق و بەشێکی دیکەش لە ڕێی بەندەرەکانی تورکیاوە دەگەن بە دەروازەی نێوەدەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل و بە تەواوی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراقدا دابەش دەکرێن.
هیچ پێویست بە دڵەڕاوکێ و نیگەرانی ناکات، هەمووان سەرینی دڵنیایی بخەنە ژێر سەریان چونکە ئاسایشی خۆراکی هەرێمی کوردستان پارێزراوە و ئەو جەنگە هەر چەند درێژەش بکێشێت هیچ کێشەیەک بۆ پرسی خۆراک و پێداویستییەکانی تر لە کوردستان ناهێنێتە کایەوە.