ڕائیب جادر – هەولێر
دەزگای گشتیی کاروباری مین لە ھەرێمی کوردستان ھۆشداری بە ھاووڵاتییان دەدات لە مەترسی ڕاماڵینی مین و تەقەمەنی و پاشماوەی جەنگ و دەرکەوتنیان بەھۆی بارانبارین و لافاو. سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین لە ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: بەشێک لە مینەکان لە شوێنی خۆیان خزیون و چوونەتە خوارەوە، ئاماژە بەوەش دەکات، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە چوار کەس بوونەتە قوربانی.
تیمەکانی بەھاناوەچوون لە بەرێوەبەرایەتیی گشتییەکانی کاروباری مین، بە شەو و ڕۆژ لە ئامادەباشی تەواودان بۆ ھەر ڕووداوێکی نەخوازراو کە ببێتە مەترسی بۆ سەر گیانی ھاووڵاتییان، لەگەڵ بارینی بارانی زۆر، کار و بەرپرسیارێتی ئەم تیمانە قورستر دەبێت، تاوەکو بە زووترین کات بگەن بە ھەر شوێنێک کە مەترسیی لێبێت.
بەگوێرەی ئامارەکانی فەرمانگەی کاروباری مین لە وەزارەتی ژینگەی عێراق، لە ساڵی ٢٠٠٣ـەوە زیاتر لە ٤٥٠٠ کیلۆمەتر خاکی عێراق و ھەرێمی کوردستان لە مین پاککراوەتەوە.
ڕاگەیاندنی دەزگای گشتی کاروباری مین، بڵاوی کردەوە، سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین و بە ئامادەبوونی ئەندامانی ئەنجوومەنی کارگێڕی کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی کارگێڕی لەبینای سەرۆکایەتی دەزگای مین لە شاری ھەولێر بەڕێوەچوو، لەکۆبوونەوەکەدا چەند تەوەرێک گفتووگۆیان لەسەر کرا، لەوانە کاراکردنەوەی زیاتری چالاکییەکانی مینلابەری لە تەواوی کوردستان بە ئامانجی زیادکردنی بەرھەم و خێراترکردنی پڕۆسەی پاکسازی مین لە ھەرێمی کوردستان.
لە تەوەرێکی دیکەدا تیشک خرایەسەر ئامادەکارییەکانی دەزگای مین بۆ ڕۆژی جیھانی ھۆشیارکردنەوە لە مین و پاڵپشتی کاروباری مین کە دەکەوێتە ڕێکەوتی ٤/٤ی ھەموو ساڵێک یەکێکی تر بوو لە تەوەری کۆبوونەوەکە.
ھەرچەندە تیمەکانی بەرێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مین لە شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان لە ئامادەباشیدان، بەڵام ئەرکی سەرەکی دەکەوێتە سەر شانی ھاووڵاتییان کە بۆ پاراستنی گیانی خۆیان و منداڵەکانیان، لە ناوچە گوماناوییەکان دوور بکەونەوە و پابەندی ڕێنماییەکان بن، تاوەکو بەھاری ئەمساڵیان نەبێتە کارەسات.
لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زیاتر لە ١١ ملیۆن مەتر دووجا زەوی لە مین و ٥٢ کێڵگەی مین پاککراونەتەوە. عەلی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مینی ھەولێر، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: باران بارین زۆرجار دەبێتە ھۆی دەرکەوتنی مین یان پاشماوە تەقەمەنییەکان، بەڵام تاوەکو ئێستا لە ھەموو کێڵگە مینەکان ھیچ پاشماوەی تەقەمەنی بە دەرنەکەوتوون.
بەڕێوەبەری دەزگای مین لە ھەولێر، ئاماژەی بەوەشدا، کارمەندەکانیان بەردەوامن لە پاککردنەوەی کێڵگە مینەکان و ھەروەھا ھاووڵاتییان ئاگادار دەکەنەوە لە دەرکەوتنی مین و تەقەمەنییەکان، بۆیە داواکارین لە ھاووڵاتییان ھۆشیار بن، بەتایبەت لەو شوێنانەی کە گومان دەکرێت پێشتر مۆڵگە و ڕەبایەی بەعس بوون، چونکە زۆر جار لەو جۆرە شوێنانە لە کاتی بارانبارین و خزینی زەوی مین و تەقەمەنی وەدەر دەکەون و مەترسین لەسەر گیانی ھاووڵاتییان، ھەر شتێکی لەو جۆرەیان بینی، تیمەکانمان ئاگادار بکەنەوە.
کاروباری مین لە ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢ دەستی کردووە بە پاککردنەوەی کێڵگە مینڕێژکراوەکان. جەبار مستەفا، سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین لە ھەرێمی کوردستان، ئاشکرای کرد: لە ئەنجامی ئەو بارانە بەخوڕەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا باریوە، مین و تەقەمەنییەکان لە قەدپاڵەکان خزیون و شوێنیان گۆڕاوە، ئەمەش مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ژیانی خەڵک دروست دەکات.
جەبار مستەفا داوای لە ھاووڵاتییان کرد بە ھۆشیارییەوە مامەڵە بکەن کاتێک دەچن بۆ ھێنانی گیای بەھارە، ھەروەھا داوا دەکەین ھاووڵاتییان ھەر کاتێک تەنێکی نامۆیان بینی، پەیوەندی بە ھێڵی گەرمی ١٨٢ی دەزگاکەمانەوە بکەن، بۆ ئەوەی ڕووداوی نەخوازراو نەکەوێتەوە.
لەبارەی ئەو ناوچانەی زۆرترین مەترسییان لەسەرە، سەرۆکی دەزگای کاروباری مین، گوتی: قەزای پێنجوێن لە پارێزگای سلێمانی لە پلەی یەکەم دێت، دوای ئەویش قەزاکانی چۆمان لە سنووری پارێزگای ھەولێر و ئامێدی لە سنووری دھۆک دێن، ئاماژەی بەوەش کرد، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە، دوو کەس بەھۆی تەقینەوەی مین گیانیان لەدەستداوە و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.
لەبارەی ڕووبەری ئەو خاکەی ھێشتا مینڕێژکراوە، سەرۆکی دەزگای کاروباری مین، وردەکاریی ئامارەکانی خستەڕوو و گوتی: کۆی ڕووبەری مینڕێژکراو لە ھەرێمی کوردستان ٧٧٦ کیلۆمەتری چوارگۆشە بووە، ڕووبەری پاککراوە ٥٧٦ کیلۆمەتری چوارگۆشە، ڕووبەری ماوە، ٢٠٠ کیلۆمەتری چوارگۆشە لە زاخۆوە تاوەکو خانەقین.

