رۆژنامەی ھەولێر

ڕێگای ستراتیژی ( کۆڕێ _ شەقڵاوە _ قەندیل ) دەست بە جێبەجیكردنی كراوە

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە مەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کارەکان و قۆناغەکانی جێبەجێکردن، بە یاوەری هونەر نوری، بەڕێوەبەری گشتیی ڕێگاوبانی هەولێر و سوارە ئەكرەم، قائیمقامی قەزایی شەقڵاوە، پڕۆژەی دروستکردنی دووسایدی ڕێگای ( کۆڕێ _ شەقڵاوە _قەندیل ) و تەواوکردنی هەردوو تونێلی (میراوە – ماوەران)ی بەسەرکردەوە، کە بەشێکی گرنگی رێگای هاملتۆنە و رێگایەکی بازرگانی و گەشتیارییە لە سنووری پارێزگای هەولێر.

لە بەسەرکردنەوەکەدا، پارێزگاری هەولێر دەستخۆشی لە بەریوەبەرایەتی گشتیی ڕێگاوبانی هەولێر و كۆمپانیایی جێبەجێكار و تیمەکانی ئەندازیاری کرد و ئاماژەی بەوە دا کە تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە خزمەتێکی گەورە بە کەرتی گواستنەوە و ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان بەگشتیی و هەولێری پایتەخت بە تایبەتی دەگەیەنێت و جەختی لەسەر گرنگیی ئەم ڕێگایە کردەوە وەک شا دەمارێکی بازرگانی و گەشتیاری کە پایتەخت بە ناوچە سنوورییەکان دەبەستێتەوە.
ئەو پڕۆژەیە، کە بە گۆژمەی ( 95 ملیار دینار ) دەستبەجێبەجێکردنی کراوە، پێکهاتووە لە دروستکردنی دووسایدی ڕێگاكە بە درێژی ( 10 ) کیلۆمەتر، کە تێیدا جگە لە تەواوکردنی هەردوو تونێڵی (ماوەران و میراوە ) بە نوێترین تەکنەلۆژیای سەردەم، سێ یەکتربریش بە شێوەی ئۆڤەر پاس و ئەندەر پاس لە خۆ دەگرێت و بە یەکێک لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سنووری پارێزگای هەولێر هەژمار دەکرێت، کە بەشێکی گرنگ و سەرەکیی “ڕێگای هاملتۆن”ە و ئاسانکارییەکی گەورە بۆ جوڵەی بازرگانی و گواستنەوەی کاڵا لە نێوان ناوەندی پارێزگا و قەزا و ناحیەکانی دەوروبەری دەکات، دوای تەواوبوونیشی جگە لە كەمكردنەوە و کورتکردنەوەی جەنجاڵی و ماوەی گەشتکردن لە ڕێگاكەدا، کاریگەریی ڕاستەوخۆی دەبێت لەگەشەکردن و بوژاندنەوەی كەرتی گەشتیاریی ناوچەکە.