رۆژنامەی ھەولێر

گۆشەیەک لە ڕای گشتی

فازڵ میرانی
ڕاگەیاندن بە هەموو لقەکانیەوە پێداویستییەکی بنەڕەتییە و هەر لقێکیشی بۆ شوێنکەوتووانی خۆی هەر بەو شێوەیە بایەخی بنەڕەتی هەیە. زانستیبوون لە پێکهێنان و گەیاندنی ڕای گشتیدا، هیچ پاساوێک بۆ نەزانین قبووڵ ناکات، هەروەها لە ڕاگەیاندندا چەواشەکاری کارێکی ڕەوا نییە؛ ئەوە تاوانێکە کە ویژدان و عەقڵی ساغ سەرکۆنەی دەکەن، بەر لەوەی وەک تاوانێکی یاسایی سزای بۆ دیاری بکرێت. ڕاگەیاندن بە گشتی، بە هەر جۆرە ئەدایەکەوە بێت، دەرئەنجامێکە کە گوزارشت لە سروشتی دەسەڵات و زیندوێتیی کۆمەڵگە دەکات. بە شێوەیەکی گشتی، ڕاگەیاندن پانتاییەکەی فراوانتر بووە، ئامرازەکانی پێشکەوتوون، تێچووەکەی زیادی کردووە و کاریگەرییەکەی لەسەر جەماوەر قووڵتر بووەتەوە؛ لەگەڵ ئەوەشدا، هەموو ڕاگەیاندنێک لەو تاوانانە بێبەری نییە کە دەسەڵاتی فەرمانڕەوا ئەنجامیان دەدات، جا ئەو دەسەڵاتە هەرچییەک بێت و لە هەر کات و شوێنێکدا بێت.
هیچ دەسەڵاتێک بێگوتارێکی ئاڕاستەکراو نییە؛ بە شێوەیەکی گشتی، دەسەڵات خاوەنی گوتارێکی فەرمییە کە خۆی تەمویلی دەکات، هەروەها گوتارێکی لایەنگری هەیە کە ئەویش هەر بە نهێنی تەمویل دەکرێت، لەگەڵ گوتارێک کە پەرچەکردارە و ڕاگەیاندن دروستی کردووە و دەبێتە سێ جۆر: لایەنگر، نەیار و بێباک. بێلایەنی و سەربەخۆیی، دوو سیفەتی کارن کە لە ئەگەری بەدیهاتنیاندا لە نێو ڕاگەیاندندا زێدەڕۆیی کراوە، بەتایبەت لە ڕاگەیاندنی ئاڕاستەکراودا؛ چونکە لە دوای لێهاتوویی و پیشەییبوون لە کاردا، فاکتەرێکی کاریگەر دەردەکەوێت کە ئەویش سەرچاوەی تەمویلە. جگە لە تەمویلیش، هەموو کایەکانی کۆمەڵگە -بە دەسەڵاتیشەوە- ئەو ژینگەیە نین کە لەسەر بنەمای قبووڵکردنی بێلایەنی یان ڕووبەڕووبوونەوە پەروەردە کرابن.
دەستکەوتنی زانیاریش کارێکی ئاسان نییە، هەروەها پشکنین و شیکردنەوە لەسەر بنەمای زانیاری، دوو کاری سادە نین؛ لێرەدا مەبەستم لەو گوتارەیە کە پڕە لە ڕاستی، نەک قسەی بێمانا و پڕوپووچ. قەیرانەکان بەتایبەتی یەکێکن لەو تاقیکردنەوانەی کە پتەویی ڕاگەیاندن دەردەخەن؛ چونکە ئەگەری درۆکردن لەگەڵ جەماوەر و لادانی سەرنجیان لە ڕاستییەکان و هەڵبەستنی ڕووداو و یاریپێکردنیان، پرسێکە کە ڕەنگە بۆ ماوەیەک کەلێنێک پڕ بکاتەوە یان ئاشکرابوونی ڕاستییەکان دوابخات، بەڵام نامێنێتەوە. ئەمەش نەک تەنیا لەبەر ئەوەی ڕاستی بە ڕووتی خۆی دەسەپێنێت، بەڵکو ململانێی سیاسی و ململانێی دەزگاکانی پڕوپاگەندە، ناهێڵن نە سیاسەتی درۆزن و نە ڕاگەیاندنی چەواشەکار، دەرفەتی ئەوەیان هەبێت چێژ لە دەستکەوتە دەستکردەکانیان وەربگرن.
لە ناوچە جوگرافییەکەمان و کایەی ئەدای فیکریی گشتییدا، ئەدای ڕاگەیاندن -ئەگەر بە ڕیتمی ڕووداوەکان بپێورێت- هێشتا لە ئاستیاندا نییە، بگرە بەشدارە لە ئاڵۆزترکردنیاندا؛ هەروەها لە ئەدایدا لەرزۆک و ناڕاوەستاوە کاتێک بابەتەکە پەیوەندی بە ئاشکراکردنی کارەکانی ناوەندەکانی هێز و دەسەڵاتە فەرمییەکان و کاریگەرییەکانیان لەسەر کۆمەڵگە هەبێت. هێشتا ئەو دیمەنەی کە دیمانەکارێکی ڕاگەیاندن و دیمانەکراوێک -بە هەر پلە و پۆستێکی بڕیارسازییەوە بێت- کۆدەکاتەوە، دیمەنێکە کە فاقیدی زانستیبوونە لەو ئەدایەی کە ڕای گشتی دروست دەکات؛ ڕەنگە ئەم کەموکووڕییە هەردوو لایەنەکە بگرێتەوە. ئەم دۆخە بەسەر میدیای نووسراو و بیستراویشدا جێبەجێ دەبێت، بەتایبەت دوای دەرکەوتنی جۆرێکی تری کاریگەر، کە ئەویش ئەدای تاکەکەسییە بۆ تۆمارکردنی ڕووداوەکان لە ڕێگەی مۆبایلە زیرەکەکانەوە، کە خاوەنەکانیان ڕووداوێک ڕاو دەکەن و لە فەزای زانیاریدا بڵاوی دەکەنەوە. لەگەڵ هەموو ئەم قەرەباڵغییەی ڕووداوەکاندا، ڕاگەیاندن هیچ پاساوێکی نییە -ئەگەر ناوی پسپۆڕی لە خۆی بنێت- کە زانیارییەک بەبێ بەڵگەی باوەڕپێکراو و بەبێ بەدواداچوون و شیکردنەوە پێشکەش بکات یان تەنیا دووبارەی بکاتەوە؛ چونکە زانیاری کاڵایەکە و نرخی ڕاستەقینەی لەوەدایە کە بێگەرد بێت و بە ئەمانەتەوە بگاتە دەستی وەرگرەکەی.
وا دیارە ئێمە بەدەست کەمیی زۆرێک لە کەرەستەکانی بونیادنانی دروستی کۆمەڵگەوە دەناڵێنین، لەوانەش کەمی لە “دروستکردنی” ڕا پێش گەیاندنی، هەروەها کەمی لە کاریگەریی ئەرێنی پێش ئەوەی تەنیا کاریگەری بێت. بەڵگەی ئەمەش، ئەو سەنگەرگرتنە فەرمی و جەماوەرییەیە بە ڕکابەری و دوژمنایەتییەوە لە هەمبەر ئەو پرسانەی کە وا بڕیار بوو سیاسییەکان بەوپەڕی ئەمانەتەوە کاریان لەسەر بکەن و بڕیاردەرانی ڕاگەیاندنیش بە پیشەییبوونەوە هاوشانیان بن؛ تاوەکو هەردووکیان یان یەکێکیان تەواوکەر بن لە نیشاندانی ئەو وێنەیەی کە دەبێت سەروەری و مافەکانی تاک و هاووڵاتیبوون چۆن بن، نەک ئەوەی کارەکان ببنە شێواندن لەچاو دەقی دەستووردا، ئەو دەستوورەی وێنای کۆمەڵێک داواکاری دەکات کە هێشتا لە ناو بەڵێنە جێبەجێنەکراوەکاندا بە دیلی ماونەتەوە. بەڵام وەک ئەوەی دەردەکەوێت؛ ئەوەی “پێویستە ببێت” شتێکە و ئەوەی “بەدەست هاتووە” شتێکی ترە.