رۆژنامەی ھەولێر

بەڵێ بۆ لێپرسینەوەی یاسایی

شێرکۆ حەبیب
دوای سەرکەوتنی تیپی تۆپی پێی عێراقی بۆ یاریەکانی کۆتایی جامی جیهان، لێکەوتنەوەی زۆری لێکەتەوە، و هەر کەسە ئازادە لە دەربڕینی بۆ چوونەکانی، لە هەولێر کەسێک ئاڵای عێراقی لە دەست هاووڵاتیان وەرگرت، هەڵبەتە ئەوەش کاردانەوەیەکە بەرامبەر هەست کردنێک بە ئەوەی بەرامبەر کوردستان کرا و دەکرێ.

ئەوەی جێگای سەرسوورمانە هەندێ کەناڵی ئاسمانی لە دوای ئەوەی لە هەولێر دیاردەیەک پەخش بکەن کە لای ئەوان نامۆیە، ئەو ئارامی و پێکەوە ژیانە و پێشکەوتن و سەقامگیری و خزمەتگوزاریانە ئاماژەیان پێ ناکەن.
وەرگرتنی ئاڵا لەلایەن ئەو هاووڵاتییە کوردەوە بوو بەسەر دێری هەواڵەکانی و وتیان دەبێ لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵ بکرێت!! ئەگەر چی ئەو هاووڵاتیە بێ رێزی بەرامبەر ئاڵای عێراق نەکردووە، چونکە سوکایەتی بە ئاڵای هیچ وڵاتێک جێگای قەبووڵ کردن نییە، چۆن ئێمە ئاڵای کوردستانمان لا پیرۆزە هاووڵاتیانی ئەو وڵاتانەش ئاڵاکەیان بە پیرۆز دەزانن، و چۆن ئێمە قەبووڵ ناکەین سوکایەتی بە ئاڵای پیرۆزی کوردستان بکرێت دەبێ رێز لە ئاڵای وڵاتانیش بگرین.
هەڵبەتە ئەو کەناڵە نەک هەر لە پەرۆشی ئاڵای عێراق، بەڵکو بۆ ئەوەی ئەوە بەدرۆ بخاتەوە کەوا هەولێر دژی ئاڵای عێراقە، و داوا دەکات لێپرسینەوەی یاسایی لە گەڵدا بکەن.
زۆر ئاساییە لێپرسینەوە لەگەڵ کەسێک بکرێت کە دژە یاسا رەفتار دەکات، ئایا ساتێک لێپرسینەوەی لەگەڵ بکرێت، لێیناپرسن بۆ ئەم کارەت کرد؟ هەر چەندە سوکایەتی بە ئاڵای عێراق نەکردووە، بەڵکو لە کاردانەوەی ئەو هێرش و دژایەتییەی دژ بە کوردستان کراوە و دەکرێت. خۆزگە کاتێک کەناڵێکی کوردی داوای لێپرسینەوەی یاسایی دەکات، خۆزگە داوای لێپرسینەوەی لەوانە بکات کە کوردستان دەکەن ئامانجی مووشەک و دڕۆن، خۆزگە داوای ئەوە بکات ئەوانەی شەش پێشمەرگەیان شەهید کرد و ٣٠ تریان زمدار کرد، ئەوانەی ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیان کردە ئامانج لە دهۆک بدرێنە دادگا، ئەوانەی سوکایەتیان بە ئاڵای کوردستان کرد و خستیانە ژێر پێیان دوای ١٦ ئۆکتۆبەر، خۆزگە لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵ ئەوانە بکرێت کە مووچە و بودجەی کوردستان نانێرن، خۆزگە لێپرسینەوە لەگەڵ ئەوان بکرێت کە بوون بە کەوا سوری بەر لەشکر و چاوساغی دوژمنان، خۆزگە لێپرسینەوە بکەن کە پەرلەمانی عێراقیان کردۆتە شوێنی دژایەتی کوردستان، نەک هاووڵاتیەکی سادەی هەولێر کە بێڕێزی نەکردووە، هەڵبەتە ئەو کردەوەیەشی هۆکارێکی هەیە کە هەستی هەژاندووە بەرامبەر ئەو زوڵمەی بەرامبەر میللەتەکەی دەکرێت، خۆزگە ئەو جۆرە کەسانەی رق و کینەیان بەرامبەر هەولێر یا هەر شارێکی دیکەی کوردستان هەیە لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت.