رۆژنامەی ھەولێر

فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی و ئیڤان تۆرگینیڤ

ئارام كۆشكی – سلێمانی

 

نووسەرە مەزنەکان، نەک تەنها کتێبەکانیان، بەڵکو وتار و نامە و چاوپێکەوتنەکانیشیان شایستەی خوێندنەوە و سەیرکردنە. گەلێک نامەی گرنگی نووسەرانم خوێندووەتەوە، وەک نامەکانی فرۆید و یۆنگ، یان نامەکانی ئەحمەدی شاملۆ و فروغی فروغزاد و زۆری دیکە، کە وانەگەلێکیان لێوە فێربوون سەبارەت بە هونەری ژیان و نووسین، کە لە بەرهەمەکانیاندا هەستم بەو لایەنە گرنگانە نەکردووە. واتە دەشێ وتار، نامە و چاوپێکەوتنەکان، هەندێک لایەنی دیکەی ئەو نووسەر/ هونەرمەندەمان پێ بناسێنن، کە ئێمە شەیدای بەرهەمەکانیانین و لەوێشەوە دەروازەی تێگەیشتنی زیاترمان لە بەرهەمەکانیان بۆ دروست ببێت.

فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی و ئیڤان تۆرگینێڤ؛ دوو گەورە نووسەر ڕووسیان، کە جگە لە کاریگەریی و پێگەیان لەسەر ئەدەبی وڵاتەکەیان، کاریگەرییان لەسەر ئەدەبی جیهانی هەیە و پێگەیان لە نێو ئەدەبی جیهانیدا گەلێک دیارە. ئەم ماوەیەی پێشوو بەشێک لە نامەکانی نێوان ئەم دوو نووسەرەم خوێندەوە کە مەدینە ئەحمەد کردوویەتی بە کوردی و لە دوتوێی کتێبێکدا ناوەندی ڕەهەند بەچاپی گەیاندووە. ئەم نامانە بریتییە لە کۆمەڵێک نامەی نێوان ئەم دوو گەورە نووسەرەی ڕووسیا. مێژووی ئەم نامانە بۆ سەرەتای هاوڕێیەتی نێوان هەردوو نووسەر دەگەڕێتەوە، تا کۆتایهاتنی هاوڕێییەتییەکەیان بەهۆی هەڵە تێگەشتنەوە دەخاتە ڕوو. جگە لە هاوڕێییەتی نێوان هەردوو نووسەر، دۆخی دەروونی و کۆمەڵایەتی و دارایی هەردوو نووسەریش دەخاتەڕوو، کە لە بارودۆخێکی سەختی داراییدا نووسین خەونی گەورەیان بووە.
“ئەی. س. زیڵبیرشتین” لەبارەی گرنگی ئەم نامانەوە لە وتارێکدا کە لە پێشەکی ئەم کتێبەدا دانراوە دەنووسێت “نرخی نامەمان بۆ دەرناکەوێت، تاوەکوو ڕۆنەچینە جیهانە قووڵەکەی. نامەکان تژین لە هەقیقەتی سەرنجڕاکێش، کە هیچیان کەمتر نییە لە سەربووردەی ژیان و کێشانی کەسایەتییان و داهێنان و گوزارشتکردنی ژیانی ئەوکاتیان، لە کۆتایشدا تێگەشتنی سەردەمەکەیان و پەیوەندی ئاڵوگۆڕکردنیان لەگەڵ هاوسەرەکانیان.”
لە دواتردا ئەوەش دەخاتەڕوو کە “زۆرجاریش لە ئەنجامی نامەکاندا وێنەی نووسەر لە خەیاڵماندا لەدایک دەبێت.” هاوکات توێژەران لەبارەی نامەکانەوە دەڵێن: “گەنجینەیەکی ئەدەبی قەدرگرانە، بە پلەی یەکەم نووسراوێکی باوەڕپێکراوی سەربووردەیی و مێژووی ئەدەبە کە پێشتر نەمانبینیوە. بەبێ توێژینەوەی نامەکانیان ناتوانیت بیر لە هیچ کارێکی ئەدەبیان بکەیتەوە.”
ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە ئەم نامانە بەشی هەرە زۆریان مێژووەکەیان بۆ قۆناغی سەرەتای یەکترناسینیان دەگەڕێتەوە، چونکە لە قۆناغەکانی دواتردا ململانێیەکی توند دەکەوێتە نێوان ئەم دوو نووسەرەوە، کە تا ئاستی دەنگدابڕین لە یەکتر پەرە دەستێنێت.
یەکێک لە گرنگترین نامەکانی تۆگینڤدا بۆ دۆستۆیڤسکی باسی ڕۆمانی باوک و کوڕەکان دەکات و لەبەشێکی نامەکەدا دەنووسێت “ئەزیزەکەم فیۆدۆر میخائیلۆڤیچ/ بە نامەکەت زۆر سەرسامبووم. دیارە لەکاتی خوێندنەوەی نامەکەم زانیوتە، کە هەواڵەکانم سەبارەت بە ڕۆمانەکەم بۆ باسکردوون (مەبەستی ڕۆمانی و باوک و کوڕەکانە). هەرگیز ئەمە لە خەیاڵمدا نەبووە. ئیتر چۆن دەکرێـت ئاماژەی شتێکی وا لە نامەکەمدا هەبێـت؟ ئەم دەنگۆیانە لە ئەدەبەکەماندا هەیە، بە تایبەت بەشێوەیەکی شاراوە و پێویستدەکات بەدوای ڕوونکردنەوەیەکی تایبەت بەم دەنگۆیانە بگەڕێین. لەگەڵ ئەمانەشدا گرنگییەکی ئەوتۆی نییە. تاکە خەمی من، ئەوەیە تۆ و کاتکۆڤی بێزار کردبێت!”
هاوکات لە نامەیەکی فیۆدۆر دۆستۆیڤسکیشدا سەبارەت بە نووسین و نەخۆشکەوتنەکەی بۆ تۆرگینیڤ دەنووسێت:
” ئەزیزە قەدرگرانەکەم، ئیڤان تۆرگینیڤ/ تکایە لێمببوورە، بمبوورە کە وەڵامی کۆتا نامەی بادنی تۆم نەدایەوە. جگە لەمەش، تا ئاستی تلانەوەی ویژدانم دەرهەق بە تۆ گوناهبارم، چونکە وەڵامی دوو نامەی پێش نامەکەی بادنم نەدابووەوە. بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە، لەکاتێکی زۆر دژوار و پڕ نیگەرانیدا نامەکەی تۆم پێگەشت؛ مەبەستم لەکاتی ڕاگرتنی گۆڤارەکەماندا بوو. ئەوەندە کار و خەمی لەکۆڵنراوم هەبوو، تەنانەت نەشمتوانی تا مانگێک دەست بدەمە قەڵەم و بنووسم. هاوڕێکەم، بڕوادەکەیت نەشمتوانی هیچ بنووسم؟”
لە دواتردا سەبارەت بە نەخۆشکەوتنەکەی دەنووسێت ” نەخۆشی ژنەکەم (سیل) و دابڕانم لێی (لەبەرئەوەی بەهار لە پترسبۆرگ بوو بەبێ ئەوەی تیایدا بمرێـت، بەڵام دواتر بەهۆی کەشی هاوینەوە پترسبۆرگی جێهێشت و منیش لەگەڵیدا بووم)، دواتر نەخۆشی درێژخایەن و مەترسیداری خۆشم (کە دوای ئەوەی لە مۆسکۆ هاتمەوە تووشم بوو)، هەموو ئەمانە ڕێگر بوون لەوەی نامەت بۆ بنووسم. گەر زۆر پێویستی بکردایە، بێگومان دەرفەتێکم دەدۆزییەوە و وەڵامم دەدانەوە. وەکوو ئەوەی لە یادم بێـت، ئەوکاتیش دەمویست قسەت لەگەڵ بکەم، ڕاستتر بڵێم دەمویست بە ورد و درشتی باسی ئەوە بکەم چی لەناو ئەدەبەکەماندا ڕوودەدا؛ هەر بۆیە چاوەڕێی کاتی گونجاوم دەکرد، تا ئەوەی هەموو کاتێکم لەدەستچوو.”
ئەم کتێبە گەشتێکە لەنێوان ژیانی تایبەتی ئەم دوو نووسەرە و جیهانی نووسین و خەمخۆرییان بۆ نووسین، کە دەتوانێت کۆمەڵێک وانەی گرنگمان سەبارەت بە سووتان بۆ نووسین قوربانیدان بۆ داهێنان پێبڵێت، لەوەش زیاتر ئەم ڕۆحییەتی هاوکاریی و خەمخۆرییەی لەم نامانەدایە کەموێنەیە، هەرچەندە لە دواتردا ململانێ لەنێوان ئەم دوو نووسەرەدا پەیدا دەبێت، بەڵام ململانێکان لەسەر داهێنانە و بووە هۆی ئەوەی هەردووکیان بە نەمری بمێننەوە و دوای تێپەڕینی ئەو هەموو ساڵە ئێمە ئێستاش یادیان بکەینەوە، کە ئەمە تەنها هێزی داهێنانە نەمری بە نووسەران دەبەخشێت.