وەرگێڕان: شۆڕش غەفووری – هەولێر
دەیڤد باڵداچی (David Baldacci) ڕۆمانە پڕفرۆشە هەستبزوێنەکان، کە لە کاتی ئەم گفتوگۆیە تازەترین ڕۆمانی بە ناوی (ئامانجەک؛ The Target) لێ بڵاو بووەوە، باسی ئەزموونی نووسینی خۆی دەکات هەر لە منداڵییەوە تا ئێستا.
– لە کوێ دەژییت و بۆ ئەو شوێنەت هەڵبژاردووە؟
دەیڤد باڵداچی: لە ڤێرجینیا دەژیم، ڕێک لە دەرەوەی واشنتۆن دیسی. من لە ڤێرجینیا لەدایک بوومە و هەموو تەمەنم لەوێ بووم. پێش بیست ساڵ بۆ کاری پارێزەری هاتمە دی سی و ئەو ناوچەیەم زۆر خۆشویست، چونکە شوێنێکی نایابە بۆ نووسەران، ئاخر دەتوانم سەیری پەنجەرەکە بکەم. ئیتر بیرۆکەکان خۆیان دەڕژێنە نێو سەرمەوە.
– باشە، باشترین باربیکیوی ڤێرجینیا کوێیە؟
دەیڤد باڵداچی: هاااا! کە لە ڕیچمۆند (Richmond) گەورە دەبووم، شوێنێک هەبوو بە خێزانی شەمموان دەچووین و لەوێ کەباب و ستەیکمان دەخوارد بە ناوی (Bill’s Barbecue) بەڕاستی بەتام بوو.
– باسی ڕۆتینی بەیانیانت بکە کە لە خەو هەڵدەستی چ دەکەیت؟
دەیڤد باڵداچی: زۆربەری کات زوو لە خەو هەڵدەستم. منداڵێکم لە زانکۆیە و ئەویتریشم لە قوتابخانەی ئامادەییە کە ئەمیان دەبێت زوو بڕوات. دوو سەگیشمان هەیە، یەکێکیان لای ئەو دەخەوێت و ئەوی تریان لە ژووری نوستنەکەی ئێمە. کاتێک کە دووەمینەکەمان دەوروبەری کاتژمێر ٦ی بەیانی دەڕوات، سەگەکەی تر دێتە بەردەم دەرگای ژوورەکەمان و لە دەرگا دەدات. ئێمەش دەرگای بۆ دەکەینەوە و ئیتر ناچار هەڵدەستین و دەیانبەین بۆ پیاسەیەکی چەند کیلۆمەتری. دواتر دەچمە ئۆفیسەکەم و دەست بە کار دەکەم.
– ئایا شتێکی جیاواز یان نامۆ لە شوێنی کارەکەت هەیە؟
دەیڤد باڵداچی: نزیکەی ١٢ ساڵە لەم ئۆفیسەم. سێ کەسم لەگەڵدایە کە کارە جیاوازەکانم بۆ ڕادەپەڕێنن تا سەرەنجم تەنها لەسەر نووسین و توێژینەوە بێت. کۆمەڵێک یادگاری زۆرم هەیە. لە ژووری کۆبوونەوە، قەڵغان و زرێپۆشێکی گەورەم هەیە کە لە بەریتانیا هێناومە. ناوم ناوە: سێر ئۆلیڤەر ستۆن (Sir Oliver Stone)؛ بەناوی یەکێک لە کارەکتەرەکانم. ئەگەر کۆبوونەوەیەکی قورسم هەبێت، دەڵێم ئەو شمشێرەی بەدەستیەوەیە دێتە دەرێ و بەکاردەهێنرێت! تەنها بۆ ئەوەی خەڵکەکە ئاگادار بن..
– باسی پرۆسەی نووسینت بکە.
دەیڤد باڵداچی: من لەو جۆرە کەسانە نیم کە بڵێم دەبێت ڕۆژانە ئەوەندە وشە بنووسم. هەمیشە هەستم کردووە ئەگەر ژمارەیەک دابنێیت، وەک ئەوە وایە نەتەوێت بنووسیت. ئەگەر بڵێیت باشە ٢٠٠٠ وشەم نووسی و تەواو، بەڵام ئەی ئەگەر وشە و بیرۆکەی نایابترت بۆ هات، چی؟ ئاخۆ دووبارە دەوەستیت و دەچیت بۆ گۆڵف؟ لەگەڵ ئەوەشدا جاری وایە دەکرێت ٢٠٠٠ وشە بنووسیت کە هەمووی بێکەڵک بن. بۆیە کە دادەنیشم بۆ نووسین، ئیتر بیرۆکەکان لە مێشکدا خۆیان ڕوون دەبنەوە و دەزانم دەمەوێت چی بڵێم. لە ڕۆژێکدا کار لەسەر چەند پڕۆژەیەک دەکەم؛ لەوانەیە سێ بۆ چوار کاتژمێر لەسەر ڕۆمانێکی ترەیلەری کار بکەم، دواتر چەند کاتژمێرێک لەسەر سیناریۆیەک. ڕەنگە چەند کاتژمێرێکیش بۆ پێداچوونەوە یان نووسینی کتێبێکی مێردمنداڵان تەرخان بکەم. بۆ من، دوای سێ چوار کاتژمێر کارکردن لەسەر یەک پڕۆژە، ئیتر وزەم تەواو دەبێت، بەڵام لە جیاتی ئەوەی کارەکە ڕابگرم و بچمەوە ماڵەوە، دەچمە سەر پڕۆژەیەکی تر. من تەنها ئاشقی نووسینم. ئەمە تەنها کار نییە، بەڵکو شێوازی ژیانە. ئەگەر خەریکی نووسین یان داڕشتنی چیرۆکێک نەبم، دڵخۆش نابم. نووسین وەک سووتەمەنی وایە بۆ من.
– باسی ڕۆتینی خۆت بکە پێش دەستپێکردنی نووسین؛ ئایا حەز دەکەی نەخشەڕێگە و پلانی کتێبەکە پێشتر دابنێیت یان تەنها لێدەگەڕێیت چیرۆکەکە خۆی بڕوات؟
دەیڤد باڵداچی: من لەو جۆرە نووسەرانەم کە لێدەگەڕێم چیرۆکەکە خۆی گەشە بکات. هەموو شتێک دیاری ناکەم. کە دادەنیشم بۆ نووسین، هیچ بیرۆکەیەکم نییە کتێبەکە چۆن کۆتایی دێت. نامەوێت بزانم، چونکە ئەوکات هەست دەکەم خەریکی پڕکردنەوەی چوارچێوەیەکی دیاریکراوم، ئەوەش بێزارکەرانەیە. من تاوەکو سەد لاپەڕە لەگەڵ کارەکتەرەکانم بەسەر نەبەم، نازانم توانای چییان هەیە. ئەی چۆن بزانم لە کۆتاییدا چی دەکەن ئەگەر هێشتا بە باشی نەیانناسم؟ سەرەتا قاچم دەخەمە ناو ئاوەکە و هەستی پێ دەکەم، دواتر لێدەگەڕێم بڕوات. زۆربەی کات بەبێ پلان دەڕۆم، هەندێک جاریش کەمێک پلانی بۆ دادەنێم. هەمیشە بیری لێ دەکەمەوە. نەخشەی زۆر ورد بەکارناهێنم.
– جێی سەرسامییە کە ساڵانە زیاتر لە کتێبێکی پڕفرۆش بڵاو دەکەیتەوە و خوێنەرێکی ئەوەندە زۆرت هەیە. زۆربەی چاپەرەکان پێشنیار دەکەن نووسەر تەنها ساڵی یەک کتێب بڵاوبکاتەوە بۆ ئەوەی میدیا و ڕەخنەگران سەرەنجیان پەرت نەبێت. کەی گەیشتیتە ئەو قۆناغەی بتوانیت زیاتر لە کتێبێک بنووسیت و فرۆشێکی زۆریشت هەبێت؟
دەیڤد باڵداچی: ئەمە پلانێکی دوورمەودا نەبوو. نزیکەی شەش ساڵ لەمەوبەر، ڕۆمانێکم زۆر خێراتر لەوەی چاوەڕێم دەکرد تەواو کرد. وزەی یەکێکی تریشم تێدا بوو و ئەویشم زوو تەواو کرد. ئیتر بینیم لە ساڵێکدا دوو کتێبم هەیە. دوای ئەوە گوتم ئەمە بۆ من گونجاوە، چونکە کە ساڵی یەک کتێبم دەنووسی، هەستم دەکرد کاتێکی زۆری بەتاڵم هەیە. بڵاوکردنەوەی دوو کتێب لە ساڵێکدا (بەهار و پاییز) زۆر لەگەڵ شێوازی کارکردن و خشتەی من دەهاتەوە. دیسانەوە دەڵێمەوە، هەموو شتێک پەیوەندی بە چێژوەرگرتنەوە هەیە. ئەگەر چێژ لە شتێک ببینیت، زیاتر و باشتر ئەنجامی دەدەیت. من هەرگیز هەست ناکەم ناچارم بنووسم، بەڵکو دەمەوێت بنووسم.
– لە لاپەڕەی یەکەم و بەشی یەکەمی ڕۆمانێک، دەبێت چ ڕووبدات بۆ ئەوەی کتێبەکە سەرکەوتوو بێت و خوێنەر ناچار بکات بەردەوام بێت لە خوێندەنەوە؟
دەیڤد باڵداچی: یەکێک لەم دوو شتە، یان هەردووکیان: یەکەم، دەبێت کارەکتەرێکی سەرنجڕاکێشت بدەمێ کە یان پشتگیری بکەیت یان دژی بیت. دووەم، دەبێت شتێک ڕووبدات. مەبەستم ئەوە نییە مەرجە کەسێک بمرێت یان شتێک بتەقێتەوە. تەنها دەبێت مەتەڵێک، کێشەیەک یان گرێیەک بخەیتە ڕوو ئەم کارەکتەرە (کە خوێنەر لە چەند لاپەڕەی یەکەمدا خەریکە پێی سەرسام دەبێت) ناچار بێت چارەسەری بکات. ڕێک وەک دەسپێکی فیلم وابێت. لە دە خولەکی یەکەمدا دەبێت هەموو شتێک ڕوون بێت: کارەکتەرەکان کێن و ڕووبەڕووی چ کێشەیەک دەبنەوە. لە کتێبەکانیشمدا دەمەوێت وەسفکەر بم، دەمەوێت خوێنەر بخەمە ناو کەشەکەوە و کارەکتەرێکی وای بدەمێ کە گرنگی پێ بدات.
– چ کتێبێک کاری تێکردیت کە واز لە پارێزەربوون بهێنیت و ڕوو بکەیتە نووسین؟
دەیڤد باڵداچی: من لە منداڵییەوە دەنووسم. ١٥ ساڵی تەمەنم بە نووسینی کورتەچیرۆک بەسەربرد. من لە منداڵیدا خوێنەرێکی سەرسەخت بووم و هەر ئەوەش وای لێکردم ببمە نووسەر. ئاشقی فەنتازیا بووم؛ (سی ئێس لویس – C.S. Lewis)، (لویس کارۆڵ – Lewis Carroll)، (تۆڵکین – Tolkien). یەکەم کتێب کە خوێندمەوە ناوی (سمۆرە جادووییەکە – The Magic Squirrel) بوو. زۆر چاکم لەبیرە، تەمەنم شەش ساڵ بوو. چەند ساڵێک لەمەوبەر چومە ئینتەرنێت و چاپێکی یەکەمی ئەو کتێبەم کڕییەوە. وەک نووسەرێکی باشووری ئەمریکا، کاتی خۆم زۆر بە خوێندنەوەی نووسەرە گەورەکانی وەک (تروومەن کاپۆتی – Truman Capote)، (ئیدۆرا وێڵتی – Eudora Welty)، (تڵانەری ئۆکۆنار – Flannery O’Connor)، (ویلیام فاکنەر – William Faulkner)، (ولیام ستیرۆن – William Styron) و (هارپەر لی – Harper Lee) بەسەر بردووە. چیرۆکی بەهێز و کارەکتەری نایاب. هیچ عەیبێکی تێدا نییە کتێبێک وەها بێت کە خوێنەر نەتوانێت دایبنێت؛ ئەوە تەنها واتای ئەوەیە نووسینەکەت سەرنجڕاکێش و زۆر شایەنی خوێندنەوەیە.
– چی دەتخاتە پێکەنین؟
دەیڤد باڵداچی: ئەو گاڵتانەی کە مرۆڤ بە خۆی دەکات، کاتێک من دەبمە نیشانەی گاڵتەکە. حەز ناکەم بە خەڵکی تر پێبکەنم، بەڵام ئاشقی ئەوەم بە خۆم پێبکەنم.
– چی دەتگریێنێت؟
دەیڤد باڵداچی: کاتێک ئازاری ئاژەڵێک دەدرێت یان دەکوژرێت.
– هیچ باوەڕێکی خورافیت هەیە؟
دەیڤد باڵداچی: حەزم لە ڕێکی و تەرتیبە. گۆشەی ڕاست. کەمێک نەخۆشیی وەسواسیم هەیە. هەرچەندە هەندێک جار لە ناو پشێویدا دەنووسم، بەڵام بە گشتی لە کاتی نووسین حەزم لە ڕێکییە بۆ ئەوەی بەرهەمدارتر بم.
– ئەگەر بتوانیت یەک کەسی مردوو زیندوو بکەیتەوە، کێ دەبێت و بۆچی؟
دەیڤد باڵداچی: لی هارڤی ئۆسواڵد (Lee Harvey Oswald)، ئەو کەسەی تۆمەتبار بوو بە کوشتنی (کەنەدی). چەند پرسیارێکم لێی هەیە..
– چ دەستەواژەیەک زۆر بەکار دەهێنیت؟
دەیڤد باڵداچی: لێژییەکە بەڕاستی خلیسکێنەیە (the slippery slope is indeed slippery) کەمێک سەیرە، بەڵام پڕە لە ڕاستی.
– چ کاتێک هەستت کرد نووسەرێکی سەرکەوتوویت؟
دەیڤد باڵداچی: لەگەڵ یەکەم کتێبم (دەسەڵاتی ڕەها؛ Absolute Power) دەچوومە سەنتەری بازرگانی جیهانی، کتێبخانەیەکی لێ بوو. ساڵی ١٩٩٦ بوو. یەکەم جار بوو کتێبەکەی خۆم لەسەر ڕەفەیەک ببینم. وتم “واو”. ئەوە تەنها یەک جار ڕوودەدات. بەڵام یادگارییەکی خەمناکیشە بە هۆی ١١ی سێپتێمبەر چی بەسەر ئەو شوێنە هات.
– چیرۆکێکی کۆمیدیمان بۆ بگێڕەوە کە لە گەشتی ناساندنی کتێبەکانت ڕووی دابێت.
دەیڤد باڵداچی: لەگەڵ هاوسەرەکەم نانمان دەخوارد، خانمێک بەردەوام سەیری دەکردم. دواجار هاتە لامان و لە تەنیشتم دانیشت. گوتی: “تۆ هەر ئەو کەسەی کە بیری لێ دەکەمەوە، وایە؟” گوتم: “چیرۆک دەخوێنیتەوە؟” گوتی: “بەڵێ”. گوتم: “کەواتە پێدەچێت هەر ئەو کەسە بم”. دواتر بە دەنگێکی بەرز هاواری لەو سەری چێشتخانەکە بۆ مێردەکەی کرد و گوتی: “نەمگوت جۆ! ئەمە (جۆن گریشام؛ John Grisham) خۆیەتی! هاوسەرەکەم لە پێکەنینا چایەکەی لە لووتییەوە دەرپەڕییە دەرێ، دواتر زۆر بە ئەدەبەوە گوتی خانمەکە جۆری کتێبەکانی ڕاست پێکاوە بەڵام نووسەرەکەی هەڵەیە. ژنەکە گوتی: “ئای خوایە، تۆ باڵداچیت؟” گوتم بەڵێ. ژنەکە دیسان هاواری کردەوە: “ڕاستت کرد جۆ! ئەمە ئیتاڵییەکەیە!” (ئاماژە بۆ بنەچەی ئیتاڵیی باڵداچی). ئەوە کاتێکی زۆر سەیر بوو بۆ کەرامەتی نووسەرایەتیم!
– چ ئامۆژگارییەکت هەیە بۆ ئەو کەسەی دەیەوێت ببێتە نووسەر؟
دەیڤد باڵداچی: لەبارەی ئەو شتانەوە مەنووسە کە دەیزانیت، لەبارەی ئەو شتانەوە بنووسە کە “دەتەوێت” بیزانیت. هەرگیز دوای مۆدێل مەکەوە. لەبەر ئەوەی کرایتۆن باسی دایناسۆری کردووە یان براون باسی کۆدەکانی کردووە، تۆش مەیکەرەوە. لەسەر شتێک بنووسە کە خولیات بۆی هەیە. چێژی لێ ببینە و وەک کار سەیری مەکە. وەک یارییەک وابێت بۆ خەیاڵت.
– دەتەوێت چی لەسەر کێلی قەبرەکەت بنووسرێت؟
دەیڤد باڵداچی: “باوکێکی باش بوو”.
– شتێکمان پێ بڵێ کە خەڵک لەبارەتەوە نایزانن؟
دەیڤد باڵداچی: براکەم هونەرمەندێکی پیشەییە، هەمیشە ئیرەییم پێ دەبرد، بەڵام منیش لە ڕاستیدا وێنەکێشێکی زۆر باشم. نیگارکێشان ئارامم دەکاتەوە؛ حەزم لە کێشانی وێنەی شتومەکەکانە.
– ئایا لە ئایندەدا پێشانگایەکی دەیڤد باڵداچی دەبینین؟
دەیڤد باڵداچی: هیچ شتێک بە دوور نازانم!

