رۆژنامەی ھەولێر

هاری كین لە یاریی هەڵبژاردەكەی دابڕا، بۆ یارییەكەی ریاڵ مەدرد ئامادە دەبێ؟

مامەیارە ئەحمەد – هەولێر

 

لە یارییەكەی ئیسپانیا و میسڕ، فیكەی ناڕەزایی دژی خوان گارسیا لێ دەدرا
خوان گارسیا، گۆڵپارێزی یانەی بەرشلۆنە، لە یاریی نێوان ئیسپانیا و میسڕ، ڕووبەڕووی ناڕەزایی هاندەرانی یانەی ئیسپانیۆل بووەوە.
خوان گارسیای گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی ئیسپانیا، كە لەو یارییەدا كە لە یاریگەی ئاڕ سی دی ئەی بەڕێوە چوو و ئەو لەسەر پەیژەی یاریگەكە بوو، ڕووبەڕووی فیكەی ناڕەزایی بووەوە.
بە پێی زانیارییەكانی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، هاندەرانی ئیسپانیا پاڵپشتیی هەڵبژاردەكەیان بوو لە یارییەكەدا، بەڵام ئەو پاڵپشتییە هەموو یاریزانانی نەگرتەوە، خوان گارسیا ئەو پاڵپشتییە نەیگرتەوە، لەو كاتەی خەریكی خۆگەرمكردنەوە بوو دەركی بەوە كرد كە هاندەرانی یانەكەی پێشتری (ئیسپانیۆل)، كە یارییەكە لە یاریگەی ئەوان بەڕێوە چوو، هێشتا هەستی نەرێنییان بەرانبەری هەبوو.
بەشێكی هاندەرانی نزیك لە شوێنی گۆڵپارێزەكە، هەر كاتێك تۆپی بۆ بچووایە لە كاتی خۆگەرمكردنەوە، فیكەی ناڕەزاییان بۆی لێ دەدا، هەروەها كاتێك ناوی لە مایكرۆفۆنی یاریگەكەوە هێنرا، دیسان فیكەی ناڕەزایەتییان لێ دا، بە جۆرێك چەپڵە و دروشمی دیكەش نەیانتوانی ئەو دەنگانە بشارنەوە.
یارییەكە دەستی پێ كرد و گارسیا لەسەر كورسیی یەدەگ بینرا و هاوكارەكەی دەیڤید رایا گۆڵپارێز بوو.
دی لاڤۆینتیی راهێنەری ئیسپانیا، بۆ یاریی پێشتریان بەرانبەر سڕبیا، لە ماوەی وەستانی نێودەوڵەتیدا، خوان گارسیای لە لیستی یارییەكە دوور خستبووەوە.
بە پێی زانیارییەكانی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، دوای پێكانی مارتن زوبیمێندی، راهێنەر خوان گارسیای گۆڵپارێزی بەرشلۆنەی بانگهێشتی پێكهاتەی ئیسپانیا بۆ یارییەكەی میسڕ كردەوە، كە بەبێ گۆڵ كۆتایی هات.
لەو كاتەوەی هاوینی ڕابردوو خوان گارسیا چووەتە بەرشلۆنە، پەیوەندیی گارسیا و هاندەرانی ئیسپانیۆل باش نییە، پێشتریش لە یەكەم یاریی نێوان بەرشلۆنە و ئیسپانیۆل دوای چوونی گارسیا بۆ بەرشە لەسەر یاریگەی ئیسپانیۆل، هاندەرانی ئیسپانیۆل پێشوازییەكی دوژمنكارانەیان لێی كرد.
خاڵی لاوازی دیكەی یارییەكەی نێوان ئیسپانیا و میسڕ، مامەڵەی بەشێكی هاندەرانی ئیسپانیا بوو، كە ڕێزیان لە سروودی نیشتمانیی میسڕ نەگرت و لە سەرەتای دەستپێكردنی سروودەكەوە دەستیان بە لێدانی فیكەی ناڕەزایی كرد.

هاری كین لە یاریی هەڵبژاردەكەی دابڕا، بۆ یارییەكەی ریاڵ مەدرد ئامادە دەبێ؟
بۆ یاریی دۆستانەی ئامادەكاریی مۆندیالی 2026 لە نێوان هەردوو هەڵبژاردەی ژاپۆن و ئینگلتەرا، تۆماس تۆخێلی راهێنەری ئەڵمانیی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، هاری كین، سەركردەی هەڵبژاردەكەی دوور خستەوە.
لە چوارچێوەی كەمپی ئێستەی هەڵبژاردەی ئینگلتەرادا، ئەوە دووەم یاریی دۆستانە بوو، یاریی یەكەم لەگەڵ ئۆروگوای 1-1 یەكسان بوون، لەو یارییەی هەینیی ڕابردوو بەڕێوە چوو.
ماوەیەكی كەم پێش یارییە دۆستانەكەی سێشەممەی ڕابردوویش بەرانبەر ژاپۆن، تۆخێل بڕیاری دا هاری كین لە یارییەكە دوور بخاتەوە و هەڵبژاردەی ئینگلتەراش لەو بارەیەوە روونكردنەوەیەكی بۆ وردەكاریی ئەو پێشهاتە لەناكاوە بڵاو كردەوە.
هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، باسی لەوە كردووە: دوای ئەوەی هاری كین لە مەشقەكاندا تووشی كێشەیەكی بچووك بوو، بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی خۆپارێزی، بڕیارمان دا پشووی پێ بدەین، بەڵام لەگەڵ یانەكەدا دەمێنێتەوە بۆ پشكنینی زیاتر.
كینی تەمەن 32 ساڵان، یەكێك بوو لەو یاریزانانەی بەشداریی یارییەكەی هەینیی ڕابردووی نێوان ئینگلتەرا و ئۆروگوایی نەكردبوو، لەو یارییەی لە یاریگەی وێمبڵی بەڕێوە چوو.
كین لەو یارییە بەشداریی نەكرد، چونكە تۆخێل لەو یارییانەدا ڕۆڵەكانی دەگۆڕی، بە جۆرێك دەیەوێ یاریزانانی دەرەوەی پێكهاتەی سەرەكی پێش مۆندیال تاقی بكاتەوە.
لای خۆیەوە رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، باسی لەوە كرد كە پێكانی كین، ترسی بۆ بایرن میونشن دروست كردووە، چونكە تەنیا چەند ڕۆژێكی بۆ یارییەكەیان لەگەڵ ریاڵ مەدرید لە چامپیۆنس لیگ ماوە.
سێشەممەی داهاتوو، ریاڵ مەدرید، لە چوارچێوەی یاریی چوونی قۆناغی چارەكی كۆتایی چامپیۆنس لیگ، میوانداریی بایرن میونشن دەكات.
تیپەكەی ڤیسێنت كۆمپانی، شێوازێكی تۆپی پێی مەترسیدارە و هەموو هێرشبەرەكانی جیاوازی دروست دەكەن، بەڵام كاتێك باسی گۆڵكردن دێتە ئاراوە، ناوی هاری كین، دەچێتە سەرووی ناوی هەموویانەوە، بەو پێیەی لە 40 یاریدا، 48 گۆڵی تۆمار كردووە و 5 گۆڵی بۆ هاوڕێكانی دروست كردووە.
رۆژنامەكە باسی لەوە كردووە، كە بڕیار بوو هاری كین بەشداریی یارییە دۆستانەكەی ئینگلتەرا و ژاپۆن بكا، بەڵام لەناكاو لە دواساتەكاندا لە پێكهاتەكە دوور خرایەوە، نائامادەبوونیشی بۆ پێكانێكی بچووك گەڕێندرایەوە، كە لە یەكە مەشقییەكانی پێشتردا تووشی بووبوو. وا دەرناكەوێ پێكانەكە مەترسیدار بێ، بەڵام بەشداریكردنی لە یارییەكان بە تەواوی ڕەت نەكراوەتەوە. لەگەڵ ئەوەیش، هەر پێكان و پاشەكشەیەكی بچووك، دەبێتە كێشەیەكی گەورە بۆ یانە ئەڵمانییەكە.