رۆژنامەی ھەولێر

عێراق یەك لەو وڵاتانەیە خاکێکی زۆری لێ بە چەك و تەقەمەنی پیس داگەڕاوە

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

لە سەرانسەری عێراقدا، بە داخەوە پیسبوون بە چەك و تەقەمەنی بەردەوامە و، ژیانی منداڵانی خستووەتە مەترسیەوە؛ مەترسیەکی وەها کە كاریگەریەكانی زۆر زێدەترە لە برینداربوونی جەستەیی. پاشماوەی شەڕ و تەقەمەنی لە كێڵگە و رێگاكان و ئەو شوێنانەی هەموو رۆژێك بەكاردێن، منداڵان دەخاتە مەترسیەوە؛ شوانیکردن، یاریكردن، یان هاتوچۆی قوتابخانە، هەرهەمووی کەوتووەتە بەر مەترسی. كاتێكیش تەقینەوە روو دەدا، دەرەنجامەكانی زۆرجار دەبێتە هۆی دابڕانی درێژخایەن و، تەنانەت هەمیشەکی لە خوێندن؛ فێربوون دژوارتر دەكات، منداڵان دوا دەخات یان بە تەواوی لە قوتابخانەیان دادەبڕێت. بەسەرهاتی سیروان ئەوە روون دەكاتەوە كە چۆن تاکە رووداوێک رەوتی خوێندن و پەروەردەی منداڵێك بۆ هەمیشە دەگۆڕێت و، خێزانەكەیشی دەخاتە سەختی و ناخۆشی.

سیروان نەبی دەڵێت: “دەستی راستم پەڕی؛ ئەو دەستەی پێیم دەنووسی”؛ سیروان 16 ساڵان بوو بەسەرهاتێك رەوتی ژیانی لێ گۆڕی و خوێندنەكەی لەناكاو راگرت. ئەمڕۆ سیروان تەمەنی 18 ساڵانە و هێشتا سوورە لەسەر خوێندن، ئەگەرچی چەند ساڵ لە خوێندن دواكەوت پاش تەقینەوەی بۆمبێكی چێنراو لە نزیك ماڵەكەیان لە ناوچە شاخاویەكانی سیدەكانی سەر سنووری هەرێمی كوردستان.
ئەو شوێنەی سیروانی لێ نیشتەجێیە، پیسداگەڕان بە چەك و تەقەمەنی بەردەوامە و، بووەتە مەترسی بۆ ژیانی خەڵك. وەك زۆرێك لە لاوانی گوندنشین، ئەو شوانەتیی دەكرد و یارمەتی خێزانەكەیانی دەدا لە بەخێوكردنی ئاژەڵ لە زێدی بابوباپیرانیان، بێئاگا لە مەترسیە شاراوەكانی ژێر خاكەكەی.
بەیانیەكی مانگی تەمووزی 2023، سیروان مەڕی دەلەوەڕاند لەو شاخەی دوو كیلۆمەترێك لە ماڵەكەیانەوە دوورە؛ هەموو رۆژێك بەوێدا تێدەپەڕی. وەك هەمیشە، بۆ بەرچایی و قاوەتیکردن لەو ناوەدا گیرسایەوە.
“ئەو رۆژە، شتێكم دۆزیەوە كە جوان دەینواند،” هەر وەكچۆن خۆی دەیگێڕێتەوە. “بچووك بوو، وەك لوولەیەك، زەرد و بریقەدار. بە روونی لەسەر زەوی كەوتبوو.”

كە سیروان دەستی بۆ برد، دەستبەجێ بە دەستیدا تەقایەوە.
تەقینەوەكە قۆڵی راستی وردوخاش كرد و پارچەی ئاسنی زۆری لە قاچەكانیدا بەجێ هێشت. هێشتا لەهۆش خۆی نەچوبوو، هاواری بۆ یارمەتی كرد، بەڵام لە سەرەتادا خێزانەكەی وایان دەزانی لەلایەن ئاژەڵە كێویەكەوە بریندار كراوە. چوار كەس هەڵیانگرت و گەیاندیان بە ئۆتۆمبێلێك. بەپەلە لە نەخۆشخانەیەكەوە بۆ یەكێكی دی گواسترایەوە، تا لە كۆتاییدا گەیەنرایە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی هەولێر. لەوێش پزیشكان ناچار بوون هەمان شەو قۆڵی راستی لێ بکەنەوە.

پێش نەشتەرگەریەكە كەس بە سیروانی نەگوتبوو كە قۆڵی لەدەست دەدات. كاتێك زانی كە هۆشی هاتەوە.
“تەمەنم 16 ساڵ بوو. دەستی راستم نەما؛ ئەو دەستەی كە بۆ نوسین بەكارم دەهێنا،” ئەو وا دەڵێت.
شیرازەی پەروەردە تێك چوو؛ برینداربوونی سیروان كاریگەری لەسەر هەموو لایەنێكی ژیانی رۆژانەی هەبوو. بەڵام كاریگەرییەكە لەسەر خوێندنەكەی دەستبەجێ و گەورە بوو. نووسین، خوێندنەوە، تەنانەت هەڵگرتنی كەرەستەكانی قوتابخانە بوون بە ئاستەنگ. فێربوونی نووسین بە دەستی چەپی كاتی ویست و لە پۆل دواكەوت.
سیروان دەڵێت: “ئەم روداوە 90٪ـی ژیانی منی گۆڕی. ناتوانم زۆر شت وەك جاران بكەم. نووسین قورس بووە. خواردن قورس بووە. بەڵام سوپاسگوزارم كە لە ژیاندا ماوم.”
سەرتانسەری عێراق، بەردەوام بە چەك و تەقەمەنی پیس دەبێ و، بووەتە هەڕەشە بۆ سەر منداڵان. پاشماوەی تەقەمەنی و جەنگ، شوێنی ژیانی منداڵانی پیس کردووە؛رێگای قوتابخانە و، گۆڕەپانی یاری و گەمەی لێ پیس کردوونە؛ بەتایبەتی دەبنە قوربانی كە زۆرجار سەرنجیان دەڕوات بۆ شتێکی بریقەدار و نەناسراو، بێئاگا لەو مەترسیەی كە ئەو شتانە دروستی دەكەن.
عێراق وەك یەكێك لەو وڵاتانە دادەنرێت كە زۆرترین پیسبوون بە چەك و تەقەمەنی لە خۆ دەگرێت. تەقەمەنیەكان كاریگەریان لەسەر ناوچەیەكی فراوانی خاكدا هەیە، بەتایبەتی لە ناوچە سنووریەكان، كۆمەڵگە گوندنشینەكان، هەروەها ئەو ناوچانەی كە لەم دواییەدا لە ناكۆكی دەرباز بوونە. ئەم مەترسیانە نەك تەنها دەبنە هۆی كوشتن و بریندارکەوتن، بەڵكو بژێوی ژیانی خەڵك تێك دەدەن، جووڵە سنوردار دەكەن، هەروەها دەستوێڕاگەیشتن بە خوێندن و خزمەتگوزاریە سەرەكیەكان پەك دەخەن.

ژیان لەگەڵ دەرئەنجامەكاندا
بە پشتگیریی كۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور، سیروان ئێستا قۆڵێكی دەستكردی بۆ کراوە؛ هەرچەندە ئامێرەكە بە شێوەیەكی سەرەكی بۆ جوانكاریە، بەڵام یارمەتیی دەدات لە كۆمەڵگەدا ئاسانتر بێت و بڕوات و، متمانەی بە خۆی هەبێت؛ بە شەوان، دەستە دەستکردەکە لێدەكاتەوە.

ئەو روونی دەكاتەوە: “كۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور هاتەلامان و دەربارەی روداوەكە لێی پرسین. قۆڵیان پێوانە كردم و، پاش ماوەیەكی كەمیش قۆڵی دەستكردم وەرگرت. پێیان گوتم دەتوانم بگەڕێمەوە بۆ بنكەی بووژاندنەوەی جەستەیی لە هەولێر ئەگەر هەر كێشەیەكم لەگەڵیدا هەبوو.”
سیروان هێشتا وەك شوانێك یارمەتیی خێزانەكەی دەدات، بەڵام تەنها لە نزیك ماڵەكەیاندا. هەردوو قاچی هێشتا پارچەی تەقینەوەكەی تێدایە، كە یادخەرەوەیەكی رۆژانەیی روداوەكەیە. خوشك و براكانی یارمەتی دەدەن لە كارە رۆژانەكانیدا، هەروەها ئەو بەردەوامە لە راهێنانكردن لەسەر نووسین بە دەستی چەپی.
بە شانازییەوە دەڵێت: “پۆلی حەوتەمم تەواو كردووە. هەوڵ دەدەم خۆم بگونجێنم.”

كاریگەری لەسەر خێزانێك
بۆ باوكی سیروان، نەبی ساڵح، كاریگەریی تەقینەوەكە زۆر زێدەترە لە برینداربوونێكی جەستەیی.
ئەو دەڵێت: “ئێمە لە ڕووی داراییەوە باش بووین. پاش روداوەكە، چەندین مانگمان لە نەخۆشخانە بەسەر برد. ئەمە كاریگەری لەسەر هەموو خێزانەكە هەبوو.”
ئازاری هەست قورس بوو. دایكی سیروان پاش روداوەكە نەخۆش كەوت و ئێستا بەدەست ئازارێكی درێژخایەنی سنگیەوە دەناڵێنێت كە پەیوەندیی بە گوشار و خەمەوە هەیە.
باوكی دەڵێت: “كاتێك شتێكی لەم جۆرە دەقەومێت، زیان بە هەموو خێزانەكە دەگەیەنێت. بەڵام ئێمە پشتگیری دەكەین، هەروەها سوپاسگوزارین كە رزگاری بووە.”
پیسداگەڕان بە چەك و تەقەمەنی زۆرجار دەبێتە هۆی دەرەنجامی درێژخایەنی مرۆیی كە لەوەی راستەوخۆ لە تەقینەوەكە دەكەوێتەوە، مەزنتر دەبێت. رزگاربووان و خێزانەكانیان دەشێت رووبەڕووی تەنگژەی دارایی، پەشۆکانی دەروونی، هەروەها بەربەستی هەمیشەیی ببنەوە لە بەردەم خوێندن، كاركردن و، تێكەڵبوون بە كۆمەلگا.

هۆشیاریی بڵاوكردنەوە بۆ رێگریكردن لە كارەساتی داهاتوو
سیروان ئێستا پەیامێكی هەیە كە خۆزگە دەخوازێت ئەو زووتر بیبیستبا.
ئەو دەڵێت: “ئەگەر شتێكی نامۆت بینی، با جوان و بریقەداریش بێ، قەڵەم بوو، لوولە بوو، هەرچییەک بوو، دەستی لێ مەدە. رەنگە بتەقێتەوە. پەیوەندی بكە بە ژمارە خۆڕاییەکەی 182، دەزگای گشتی كاروباری مینی هەرێمی كوردستانی عێراق.”
هۆشیاریی لەسەر مەترسی و رەفتاری سەلامەتتر لە وڵاتێكدا كە تیایدا مەترسیەكانی تەقەمەنی بەربڵاو ماونەتەوە، زۆر گرنگن. شوان، جووتیار، منداڵان، هەروەها ئەو كەسانەی پاش ناكۆكیەكان دەگەڕێنەوە زێدی باوباپیرانیان، لە نێو ئەو كەسانەدان كە زۆرترین مەترسییان لەسەرە.
كۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور لە نزیكەوە لەگەڵ كۆمەڵگە زیانلێكەوتووەكان، دەسەڵاتە نیشتمانیەكان و هاوبەشەكانی كار دەكات بۆ هۆشیاركردنەوە دەربارەی مەترسیەكانی تەقەمەنیەكان، پشتگیری كردنی زیانلێكەوتوان و بەهێزكردنی توانا نیشتمانیەكان بۆ چارەسەركردنی پیسبوونی ژینگە بە چەك و تەقەمەنی. لەڕێی پەروەردە، یارمەتیدانی زیانلێكەوتوان، هەروەها داكۆكیكردن، كۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور ئامانجی كەمكردنەوەی زیانەكانەو یارمەتیدانی كۆمەڵگەكانە بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی سەلامەتتر بژین.
بۆ سیروان، گەشتی ژیان بەردەوامە. چەشنی داڕشتنێك پیت بە پیت و، بە هێواشی بە دەستی چەپی دەینووسێتەوە، هەرچەندە خۆی كەسێكی راستەیە.
ئەڤین یاسین، بەشی پەیوەندی و راگەیاندنی هەولێر لە كۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور لە عێراقدا كە بەدواداچوونی كردووە و كۆپیەكی بەدواداچوونەكەی بۆ هەولێر ناردووە، ئاماژەی بەوە داوە كە كۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور كە لە دەسپێكی جەنگی ئێران-عێراقەوە لە ساڵی 1980 لە عێراقدا ئامادەیە، جەخت دەخاتە سەر چارەسەركردنی دەرەنجامەكانی ناكۆكیە چەكداریەكان و بارودۆخەكانی دیكەی توندوتیژی لە سەرتاسەری وڵاتدا. لەگەڵ كۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازیە بەرفراوانەكاندا، گرنگیەکی زێدەتر دەدات بە گواستنەوەی زانیاری، هەوڵەكانی بووژاندنەوە و ئاوەدانكردنەوە، لە كاتێكدا زۆرێك لە خەڵكی لە سەرتانسەری عێراقدا هێشتا پێویستیان بە جۆرێك لە یارمەتی و پشتگیریی مرۆیی هەیە.