پۆلیسی پارێزگای هەولێر لەبارەی رووداوەكەی شەوی رابردووی شارەدێی كەورگۆسك لە سنووری هەولێر رایدەگەیەنێت كە 5 تۆمەتبار دەستگیر كراون.
پۆلیسی هەولێر رایگەیاند: شەوی رابردوو لە شارەدێی کەورگۆسکی سەر بە شاری هەولێر، لەسەر کێشەیەکی کۆنی کۆمەڵایەتی لەنێوان دوو بنەماڵەدا، ڕووداوێکی تەقەکردن ڕوویدا و بووە هۆی کوژرانی 6 کەس و برینداربوونی 3 کەسی تر.
راشیگەیاند: دەستبەجێ هێزەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر، لە شوێنی ڕووداوەکە ئامادەبوون.
هەروەها رایگەیاند: لەسەر ئەم ڕووداوە بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی هەولێر، 5 تۆمەتبار دەستگیرکراون بەناوەکانی (م ، م ، ع) و (ع ، م ، ع) و (م ، م ،م) و (د ، ر ، م) و (ش ، ر ، م)، هەروەها دەستیشمان گرتووە بەسەر 20 پارچە چەکی جۆری سووک و مام ناوەند.
پۆلیسی هەولێر لە كۆتاییدا ئاماژەی بەوە دا كە پەڕاوی لێکۆڵینەوەی ئەم تۆمەتبارانە ئاڕاستەی دادگا کراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیشیان بەردەوامە.

