كارزان گلی – ههولێر
توركیا چوارەم وڵاتە لە جیهاندا كە زۆرترین گەشتیار رووی تێدەكات، بەڵام بۆ ئەمساڵ گەشتیاران چاویان لەسەر جەنگی ئەمریكا و ئێرانە، هەموو ئەو شارە گەشتیارییانەی نزیكی ئێرانن، گەشتیاران هۆتێل و فڕۆكەیان هەڵوەشاندووەتەوە، بەتایبەت شارەكانی نزیك لە دەریای سپی.
وەزارەتی گشتوگوزاری توركیا نایشارێتەوە، ئەگەر جەنگی ئێران و ئەمریكا بەردەوام بێت و تا هاوین درێژە بكێشێت، توركیا دووچاری زیانێكی زۆر گەورە دەبێتەوە و كەرتی گەشتیاریی ئەو وڵاتە بەرەو داڕووخان دەڕوات.
توركیا بە وڵاتێكی گەشتیاری ناسراوە، گەشتیاری وڵاتانی كەنداویش روو لە توركیا دەكەن، بەگوێرەی راپۆرتێكی دەزگای ئاماری توركیا، ساڵی ٢٠٢٥ تەنیا لە وڵاتانی كەنداوەوە ٨ملیۆن گەشتیار رووی لە توركیا كردووە، هەروەها ئێرانیش لە ریزبەندی پێنجەم وڵاتە گەشتیاری لێ بچێتە توركیا؛ ساڵی ٢٠٢٥ـی زایینی ٣ملیۆن گەشتیاری ئێرانی رووی لە توركیا كردووە.
بەڵام بەگوێرەی ئەو راپۆرت و هەواڵانەی لە میدیاكانی توركیا بڵاو دەكرێتەوە، لە ٢٠٢٦دا كودەتایەكی گەورە لە ڕووی گەشتارییەوە روو لە توركیا دەكات، چونكە ئەم جەنگە دەبێتە هۆی ئەوەی گەشتیاری ئێرانی روو لە توركیا نەكەن، هەروەها گەشتیاری ئەورووپایی و وڵاتانی كەنداویش روو لە توركیا نەكەن، چونكە ترسیان هەیە بكرێنە ئامانج.
هەموو ساڵێك چوار رۆژ بەر لە جەژنی نەورۆز ١ملیۆن گەشتیاری ئێرانی روویان لە باكووری كوردستان دەكرد و یادی ئەو جەژنەیان دەكردەوە، بۆیە هۆتێل و رێستوڕانتەكان پڕی گەشتیار دەبوو، بەڵام بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بڵاو كراوەتەوە، تاوەكوو ئێستا یەك گەشتیاری ئێرانی نەهاتووەتە باكووری كوردستان و هۆتێلەكان بەتاڵ ماونەتەوە، ئەمەش زیانێكی یەكجار گەورەیە بۆ كەرتی گەشتیاری باكووری كوردستان.
ئاژانسی (DW) توركی بڵاوی كردوەتەوە، هاتنی گەشتیاری ئێرانی بۆ توركیا لە دوای ٢٨/٢/٢٠٢٦ـەوە، واتە لەو ڕۆژەی جەنگی ئەمریكا و ئێران هەڵگیرساوە، ١٠٠٪ دابەزیوە، واتە یەك گەشتیاری ئێرانیش رووی لە توركیا نەكردووە. باس لەوەش دەكات، گەشتیاری كەنداویش ئەمساڵ بە ڕێژەیەكی زۆر نەهاتوونەتە توركیا، ئەمەش زیانێكی گەورەیە بۆ كەرتی گەشتیاری توركیا.
زیانی گەورە بەر باكووری كوردستان دەكەوێت، چونكە گەشتیاری ئێرانی بەزۆری روو لە وان و مێردین دەكەن، واتە ساڵانە زیاتر لە ٢ملیۆن گەشتیاری ئێران روو لەو دوو شارە دەكەن، چونكە نزیكە لە باكووری كوردستان و دەتوانن بە سەیارەی خۆیان بێنە ئەو دوو شارە و شارەكانی تری باكووری كوردستان، بۆیە ئەگەر تا هاوین گەشتیاری ئێرانی بەو شێوەیە نەتوانن بێنە توركیا، زیانێكی گەورە بەر باكووری كوردستان دەكەوێت و هۆتێل و رێستوڕنت و دوكانەكانی سابون و كەلوپەل، دەكەونە قەیرانێكی سەختەوە.
وەزارەتی گەشتوگوزاری توركیا بڵاوی كردووەتەوە، لە ٢٠٢٥دا، لە تەواوی جیهاندا ٦٤ملیۆن گەشتیار روویان لە توركیا كردووە، داهاتی كەرتی گەشتیاری لە توركیا ٦٥ملیار دۆلاری ئەمریكی بووە، هەروەها توركیا توانیویەتی كەرتی گەشتیاری بەرەوپێش ببات، چونكە لە ریزبەندی هەشتەم وڵاتە لە جیهاندا كە زۆرترین گەشتیار رووی تێدەكات.

