قــادر توانــا
هۆدایەگیان
من ناتوانم لێت دابڕێم
من ناتوانم بەتەنیایی هەنگاو بنێم
من ناتوانم بەرگەی تەزووی
سەرما بگرم
من ناتوانم بەبرسیەتی ڕێگا ببڕم
ئەم ڕێگایە سەخت و دوورە
پڕ هەوراز و کەندەڵان و سەرەوژوورە
بەسەرهاتە
شانۆگەری ژین و مەرگی ڕێی نەهاتە
هۆدایەگیان
ڕێ تاریکە و شەوارەکان
چنڕۆک لەچاوی ڕۆژ دەگرن
دەبنە ماری سەر دووشانی ئەژدەهاک و
چنگ لەمێشکی سەری زارۆک
گیردەکەن و هەڵی دەدڕن
هۆدایەگیان هەر دەڕۆین و
ئەم ڕێگایە نابڕێتەوە
خەو لەچاوانم زڕاوە و
جارێکی تر نانوێتەوە
هۆدایەگیان ئاهونیزای هاوارەکان
لەنێو شەقی پۆستالێکی
بێبەزی و بێشەرمیدا
لەگەڵ نووزەی کۆرپەیەکی
سەرمابردووی سک برسیدا
هەناسەکان دەخنکێنن
ویژدانەکان دەورووژێنن
لەدوا خۆزگە و
دواهەناسەی سەرە مەرگا
لەنێو شەپۆلی ئاوارە و
دەربەدەری زەبروزەنگا
تراژیدیای مەرگەساتێک
لەنێو مێژووی خوێنڕێژیدا
دادەهێنن
هۆدایەگیان
من فرمێسکی تاڵی و سوێریت
بەدەروونی پڕ ئازارم دەشۆمەوە
هەنیسکەکانت قووت دەدەم
خەمەکانت دەخۆمەوە
لەباوەشی بێنازیتا
لە مووچڕکی ترس و لەرزی
بێزاریتا
خۆزگەکانت دەخوێنمەوە
ئەم داستانە لەژێر ناوی
ڕێگای هات و نەهاتیدا
بۆ نەوەکانی داهاتوو
دەنووسمەوە
هۆدایەگیان هەر دوێنێ بوو
لەشاڵاوی نێو سەنگەری
بەرگریدا
لەکاروانی ڕێبازێکی
نەبەزیدا
پشکۆی ئەیلوول بوو بەکڵپە و
بابەگوڕگوڕی داگیرساند
لەنێو شۆڕشەکەی گوڵاندا
نەورۆزێکی سەرکەوتنی
پێ هەڵگیرساند
هۆدایەگیان هەر دوێنێ بوو
شەهیدەکان هەڵسانەوە
بوون بەئاڵاو
لەکوردستان ئاڵانەوە
هۆ دایەگیان هەر دوێنێ بوو
لەنێو قوڵپی گریانێکی مانگرتووما
لەسەر لێوی هەنیسکی برسی و تینووما
تابلۆیەکی خۆرم بینی
بەزەرد و سوور نەخشێنرابوو
لێی نووسرابوو
یەکگرتنمان ئایندەیە
بۆ ئازادی و سەربەخۆیی سەرچاوەیە
ئاواتێکە و
لەنێو چەمکی شیعرەکانی
حاجی و ئەحمەدی خانیدا
لەنێو پەتی سێدارەکەی
مەهابادی دڵڕەقیدا
لەشۆڕشەکەی شێخ سەعیدی
خوێناویدا
لەنێو خۆزگەی کەشکۆڵەکەی
خەباتنامەی بارزانیدا
دەبێتە ئاسۆ و سەرلەنوێ
لەنێو ڕەگی سەرکەوتندا
سەردەردێنێ و دەڕوێ . دەڕوێ
1991 سوید

