رۆژنامەی ھەولێر

پارێزگاری هەولێر، دەستخۆشی لە سەرۆك و بەڕێوەبەران و تیمەکانی شارەوانی و خزمەتگوزاری دەکات

ئەمڕۆ دووشەممە 2026.3.30، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دیوانی پارێزگا لەگەڵ کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر و بەڕێوەبەرانی شارەوانییەکان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری هەولێر دەستخۆشی لە سەرۆکایەتی شارەوانی و سەرجەم تیمە مەیدانییەکان و کارمەندانی خزمەتگوزاری کرد بۆ هەموو ئەو كارانەی لە رابردوودا ئەنجامیانداوە، بەتایبەتی لەو ماویەدا كە دەستیانكرد بە هەڵمەتی چڕی ڕێكخستنەوەی بازاڕە میللیەكان و زیادكردنی ڕێژەی سەوزایی و قیڕتاوكردنەوە و چارەسەركردنی چاڵ و شكستی شەقامە گشتیی و سەرەكیەكانی گەڕەك و شوێنە جیاجیاكان كە بەهۆی ڕێژەی زۆری باران بارینەوە گرفت و كێشەیان بۆ هاتووچۆی هاوڵاتیان دروستكردبوو.

پارێزگاری هەولێر، هەروەها هەواڵ و كارەكانی چەند ڕۆژی ڕابردووشی بەرز نرخاندن كە سەرەڕای پشووی فەرمی، تیمەکان بە شێوەیەکی بەردەوام لە ئەرکدا بوون بۆ پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتییان و کردنەوەی مەنهۆڵ و چەپەر و ڕێڕەوە ئاوییەکان و ڕێگریکردن لە دروستبوونی لافاو، کە بەهۆی ماندووبوونی ئەوان و تیمەكانی تری فەرمانگە و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكەوە توانرا مەترسییەکانی ئەو شەپۆلە بارانە چڕەی ڕووی لە شارەکە کردبوو کەم بکرێنەوە و خزمەتگوزارییەکان بەردەوام بن.