كارزان گلی – ههولێر
لەسەر داوای داواكاری گشتی ئیستانبۆڵ، سەرۆكی شارەوانیی وشاك دەستگیر كرا؛ تۆمەتی ئەوەی دراوەتە پاڵ، گەندەڵیی كردووە و پۆستی خۆی بەكار هێناوە بۆ وەرگرتنی پەرتیل.
ئۆزكان یاڵم، سەرۆكی شارەوانیی وشاك لەسەر لیستی جەهەپە، بەتۆمەتی ئەوەی گەندەڵی لە شارەوانیدا كردووە، هەروەها بە گەندەڵی چەند پڕۆژەیەكی داوەتە كەسە نزیكەكانی خۆی و پارەی یانەورزشی وشاكی خواردووە و كردویەتیە سەر هەژماری خۆی، بۆیە داواكاری گشتی ئیستانبۆڵ داوای كردووە دەستگیر بكرێت و بدرێتە دادگا.
ماوەیەكە ئۆپەراسیۆنێكی گەورە بۆ دەستگیركردنی سەرۆكشارەوانییەكانی جەهەپە دەستپێكردووە، هەموو ئۆپەراسیۆنەكانیش بە تۆمەتی گەندەڵی بووە، بەڵام سەرۆكی جەهەپە رەتی دەكاتەوە سەرۆكشارەوانییەكانی ئەوان گەندەڵییان كردبێت و دەڵێت، بڕیارەكان سیاسین.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، ماوەیەك لەمەوبەر لە وتارێكدا ئاماژەی دا، ئەوەی لە شارەوانییەكانی جەهەپەدا كراوە كارەساتە و گەندەڵییەکی زۆر گەورەیان کردووە و دەبێت رووبەڕووی دادگا بكرێنەوە.
پارساڵ، ئەكرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆكی شارەوانیی ئیستانبۆڵ دەستگیر كرا، تۆمەتی ئەوەی درابووە پاڵ، گەندەڵی لە شارەوانییەكەیدا كردووە، هەروەها بڕوانامەكەشی بڕواپێكراو نییە لە توركیا، دوای ئیمامئۆغڵوش ئیدی زیاتر لە ١٠ سەرۆكشارەوانیی سەر بە جەهەپە بە تۆمەتی گەندەڵی لە شارەوانییەكانیان دەستگیر كراون و شارەوانییەكانیشیان قەیوم كراوە.
ئەگەرچی سەرۆكی شارەوانیی وشاك تۆمەتەكان رەت دەكاتەوە، بەڵام دەستگیر كراوە و چەند پەرلەمانتارێكی سەر بە ئاكەپە دەڵێن، پێویستە لە بەردەم دادگا بەرگری لە خۆت بكەیت و بێتاوانی خۆت سەلمێنیت.
ئەوەی لە توركیا قسەی جیدی لەسەر دەكرێت، كردنەوەی دۆسییەكی گەورەی گەندەڵییە لەسەر مەنسوور یاڤاش، سەرۆكی شارەوانیی ئەنكەرا.
داواكاری گشتی ئەنكەرا دۆسییەیەكی گەورەی لەسەر مەنسوور یاڤاش كردووەتەوە، بەوەی لەكاتی کۆرۆنادا چەند كۆنسێرتێكی گۆرانی و موزیكی رێک خستووە و لەو كۆنسێرتەدا ١٨ملیۆن دۆلاری خەرج كردووە.
ئەوەی باس دەكرێت و وەكوو گەندەڵی دراوەتە پاڵ یاڤاش، لەو كۆنسێرتانەی ساڵی ٢٠٢٠ کراوە و شارەوانیی ئەنكەرا پارەكەی داوە، كۆنسێرتی ئیبرۆ گوندەیش بووە، كە بەگوێرەی میدیاكانی ئاكەپە ١٢ملیۆن لیرەی توركی لەو كۆنسێرتەدا خەرج كراوە، بەڵام ئیبرۆ و شارەوانیی ئەنكەراش ئەو ژمارەیە رەت دەكەنەوە و دەڵێن پارەیەكی لەو شێوەیە خەرج نەكراوە.
دوای دەستگیركردنی ئیمامئۆغڵو، كە بەربژێری جەهەپە بوو بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆكایەتی لە توركیا، ناوی یاڤاش دەهات بەوەی لەلایەن جەهەپە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بەربژێر دەكرێت، بۆیە جەهەپەییەكان پێیانوایە، یاڤاش بۆیە دەكرێتە ئامانج تا نەبێتە ركابەری ئەردۆغان، چونكە ئەگەر ئەو ببێتە ركابەر دەتوانێت لە ئەردۆغان بباتەوە.
بەڵام ئاكەپەییەكان قسەیەكی تر دەكەن، ئەوان پێیان وایە یاڤاش سەرۆكشارەوانییەكی گەندەڵە و دەبێت بدرێتە دادگا، هیچ پەیوەندییەكی بەوەوە نییە كە لەلایەن جەهەپەوە بکرێتە بەربژێر و ئاكەپە لێی بترسێت، ئەوەی هەیە پرۆسەیەكی یاساییە.
ماوەیەكی زۆرە ناكۆكییەكی زۆر لە نێوان ئاكەپە و جەهەپە سەری هەڵداوە و لە رێگەی میدیا و میتینەگەكانەوە قسە بە یەكتری دەڵێن و رەخنەی توند لە یەكتری دەگرن، بەتایبەت ئۆزگوور ئۆزەل، سەرۆكی جەهەپە رۆژانە وتاری توند دژی ئەردۆغان دەدات.

