شیعری: عەبدولڕەحمان فەرهادی
هەولێر قەت نادرەوشێتەوە
تەنێ کاتێ عاشقەکانی
بە کووچەکانیا ڕادەبرن.
***
هەولێر
کچی شۆخوشەنگی ڕۆشنایییە
لە هەیوانێكی تەیراوە
تەمی ئاسۆی زستانی ساڵ
دەكا بە چەپكێ ئاونگ و
دایدەیڕژێنێتە نێو دڵی
تینووی شەیدا و عاشقانی شار.
***
هەولێر
ڕووخساری خۆی
هەر بە سۆزی من دەڕشێنێ
بۆیە زوو زوو شەتاوە باران دادەکا.
***
زریان لێرە.. لەو هەولێرە
بەرامەی نانی گەرم و دەنگی دێوەرە و
پێکەنینی منداڵ و گەنجم بۆ دێنێ،
وەلێ دڵم
جگە لە سەدا خۆشەکەی
هەر شەش پیتەکەی ناوی وی
هیچ نابیستێ.
***
هەولێر
ژنە شۆخەكەی سەردەمە
دوای هەر ئەفسانە و داستانێ
قەڵای سەركەشی وەک تاجێ دەكاتە سەر
بەسەر بەردەمێژووی كەونار
دێ و ڕادەبرێ.
***
خۆشتم دەوێ، وەک چۆن قەڵا
لە خۆراوات گڕی ورشەوپرشەی زۆری
وەک چرایەکی ئەبەدی
بەسەر سینەی دەشتایی دڵ
پەخشان دەکا
شنەی وەشتی شەمامکیش
هەڵدەکات و دەیهەژێنێ.
***
تۆ ئەو کەونارەی
شوورەی بەردینت تێر لە بۆی مێژوو
کە لە هەناوتا دێم بزر دەبم،
مینای پەنجەرەی خانووچکەی دڵت
دەبن بە دیدەم
خۆشت دەکەیتە
ستوونی تاوڵی هیوا وئومێدم،
خەمی سەربارم دەکەیتە پووشی
بەردەم ڕەشەبا و
بۆ تاهەتایە دەبیت بە زێدم.
***
تۆ زێدی خەونی
لە ئەوکی تینووم دەبیت بە شەونم،
هەر دێی دادەکەی
دەبیتە کانیاو لەنێو هەناوم
یا دەبیت بە چەم
دادەڕژێیتە نێو سپێنەی چاوم.

