رۆژنامەی ھەولێر

دەنگی ئافرەت لە میدیادا؛ لە نێوان ئامراز و ئازادییدا

سروود حاتەم
لە سەردەمی ئەمڕۆدا، میدیا تەنیا ئامرازێکی بڵاوکردنەوەی هەواڵ نییە، بەڵکوو بووەتە هێزێک کە شێوەی بیرکردنەوە و تێگەیشتنمان ئاراستە دەکات. لەناو ئەم گەردوونی کاپیتاڵیزمەدا، دەنگی ئافرەت لەنێوان دوو ڕێگادا وەستاوە: ڕێگای خۆدەرخستن و ڕێگای خزمەت و لەخۆبردوویی.

ئافرەت لە میدیادا دەکرێت ببینرێت، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە: ئایا دەبیسرێت؟ زۆرجار وێنەی ئافرەت لە پێش چاوەکاندا هەیە، بەڵام دەنگەکەی لە پشت مایکرۆفۆنەکاندا ون دەبێت. کاتێک میدیا وێنەیەکی دیاریکراو بۆ ئافرەت دروست دەکات —وێنەی جوانی، فاشیۆن، یان کەسایەتییەک تەنیا لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا— ئەمە بە شێوەیەکی نەبینراو سنوور بۆ بیرکردنەوەی کچان و ژنان دادەنێت.
بیرکردنەوەی ئافرەتان لەژێر کاریگەریی ئەو پەیامانەدا گۆڕانکاریی بەسەردادێت کە هەموو ڕۆژێک لە شاشەکاندا دەیبینن. ئەگەر میدیا ئافرەت تەنیا وەک بابەتێکی جوانکاری نیشان بدات، هزری کۆمەڵگە ئەو وێنەیە وەک ڕاستی وەردەگرێت؛ بەڵام ئەگەر میدیا ئافرەت وەک بیرمەند، ڕابەر، ڕۆشنبیر و دروستکەر نیشان بدات، ئەوا ئەم وێنانە دەبنە بنچینەیەکی نوێ بۆ باوەڕ و ئامانجی کۆمەڵگەیەکی تەندروست.
لە کوردستان و ناوچەکەماندا، هەنگاوی جدی هەن بۆ بەرزکردنەوەی دەنگی ئافرەت لە میدیادا، بەڵام هێشتا پێویستە لە ئاستی بڕیار و بەڕێوەبردندا ڕۆڵی گەورەتری پێ بدرێت. دەنگی ئافرەت نابێت تەنیا بۆ بابەتە تایبەتەکان بێت، بەڵکوو پێویستە لە سیاسەت، ئابووری، هونەر و کایە کۆمەڵایەتییەکاندا بە هەمان شێوە ببیسترێت.
میدیا دەتوانێت پردێک بێت بۆ ئازادی، یان دیوارێک بێت بۆ سنووردارکردن. ئەم هەڵبژاردنە لە دەستی ئەوانەدایە کە پەیام دروست دەکەن، بەڵام هەروەها لە دەستی ئەوانەشە کە پەیام وەردەگرن. کاتێک ئافرەت خۆی دەنگی خۆی دەگرێتە دەست و دلێر دەبێت، میدیا دەبێتە مەیدانی هاوڕێیەتیی ئەو دەنگە.
لە کۆتاییدا، دەنگی ئافرەت لە میدیادا تەنیا پرسێکی ژنانە نییە، بەڵکوو هاوسەنگیی دادپەروەری و پێشکەوتنی کۆمەڵگەیە.