زەنوێر ئەحمەد محەمەد
لە بەردەوامیی هزر، پۆلێنی کار و داینەمۆی بڕیارداندا، ئافرەت تەنها بابەت نییە، بەڵکو بڕیاردەرە. لەگەڵ ئەوەشدا کۆمەڵگە هەمیشە دەبێت هەوڵی بەرەوپێشبردنی بڕیاری ئافرەت بدات؛ چونکە کاتێک ئافرەت بڕیار دەدات، چ لە ژیانی تایبەتییدا بێت، یان لە بوارەکانی کار، خێزان و کۆمەڵگەدا، ئەوە مافێکی بنەڕەتیی خۆیەتی.
ئافرەت هاوشانی پیاو مافی هەیە خۆی بە بەرپرسیاری ژیانی خۆی بزانێت، بەبێ ئەوەی پێویستی بەوە بێت کەسانێک پشتگیریی بکەن. کاتێک ئافرەت بڕیارێک دەدات، زۆرجار دەبینین دەوروبەرەکەی دەپرسن: «کێ ڕێگەی پێ دایت؟» بەڵام ئەم پرسیارانە کاتێک بڕیارەکە هی پیاو بێت، ناکرێن. ئەمەش ئەوە نیشان دەدات کە کۆمەڵگە هێشتا بڕیاری ئافرەت وەک شتێکی ئاسایی نابینێت، یان بە پێویستی دەزانێت ڕوونکردنەوەی لەسەر بدرێت.
بڕیاردانی ئافرەت نیشانەی کەمی نییە، بەڵکو نیشانەی ئەوەیە کە ئافرەت باشتر لە هەر کەسێکی دیکە، خۆی و پێویستییەکانی دەناسێت. ئافرەتی ئەمڕۆ نابێت چاوەڕێی هاوکاریی کەسانی تر بکات بۆ ئەوەی ڕێگەی نیشان بدەن، بەڵکو دەبێت لەسەر بنەمای ئەزموونی خۆی ڕێگاکان هەڵبژێرێت. ئەگەر ئێمە بەڕاستی پابەند بین بە یەکسانی، دەبێت بڕیاری ئافرەتیش هەمان ڕێز و قورسایی بڕیاری پیاوی هەبێت، بەبێ پرسیارکردن و بەبێ داواکردنی ڕوونکردنەوە.

