رۆژنامەی ھەولێر

یانەی هەولێر: بە بەڵگە بەهۆی زوڵم و هەڵەی ناوبژیوانان چەند خاڵێکمان لێ دزراوە

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

 

یانەی هەولێر، دوای یارییەکەیان بەرانبەر یانەی نەوتی میسان، راگەیاندراوێکی ناڕەزایی بڵاو کردەوە، لەسەر ئەوەی لێدانێکی سزای دروستیان بۆ نەژماردوون.

لە ڕاگەیاندراوەکەی یانەی هەولێردا هاتووە: بە داخەوە لەم وەرزە بە داتا و بە بەڵگە بەهۆی زوڵم و هەڵەی ناوبژیوانان و ژووری ڤار چەند خاڵێک دزراوە لەیانەکەمان .
لە بەشێکی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: هەموو ئەو هەڵانەی ناوبژیوانان، هەڵەی زەق بوون و لە هەمان کاتدا ئەنجامی یارییەکانی یانەکەمانیان گۆڕیوە، دەتوانین بڵێین ئەمساڵ یانەکەمان زەرەرمەندی یەکەم بووە لەهەڵەی ناوبژیوانان.
یانەی هەولێر باسی یارییەکەیان بەرانبەر نەوتی میسان دەکات و دەڵێ: بەداخەوە ئەمڕۆش هەمان زوڵم دووبارە و دەبارە کرایەوە بەرانبەر تیپەکەمان و بە ڕۆژی رووناک، ناوبژیوانی یاری ئەمڕۆمان بەرانبەر نەفتی میسان لەگەڕی ٢٤ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، زۆربەی بڕیارەکانی دژی یانەکەمان بوو وەک لەو پارچە ڤیدیۆیە – هاوکات پارچە ڤیدیۆیەیەکیان داناوە – زۆر بە ڕوونی دیارە ناوبژیوانی ژووری ڤار خۆی دەدزێتەوە لە بانگهێشتنی ناوبژیوانی ناوەڕاست کە لێدانێکی سزای روون و ئاشکرایە بۆ یانەکەمان.
بۆیە لەم بەروارە بەولاوە بەهیچ شێوەک قبوڵی ناکەین ئەم جۆرە ناوبژیوانانە یارییەکانی یانەکەمان بەڕێوە ببەن، چونکە لەوئاستەدا نین، بە داخەوە ئەم جۆرە ناوبژیوانانە هۆکارن بۆ لەکەدارکردنی وێنەی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، بەو پێیەی یانەکەمان ئێستا ململانێ لەسەر چوارگۆشەی زێڕینی خولەکە دەکات و بە مافی رەوای خۆمان دەزانین ئەم داوایە بکەین.
لەلایەکی دیکەوە، پێش یارییەکەیان بەرانبەر نەوتی میسان، یانەی هەولێر ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردبووەوە و رایگەیاندبوو: وەک لای هەمووان روون و ئاشکرایە یانەکەمان رۆژی هەینی داهاتوو کاتژمێر ٣:٣٠ بەرواری ٢٧ـی ئادار لەشاری میسان لەیارییەکانی گەڕی ٢٤ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق رووبەڕووی یانەی نەفتی ميسان دەبێتەوە ، یاریی داهاتووی یانەکەمان لەگەڕی ٢٥ـی خولەکە بەرانبەر زەوڕا رۆژی سێشەممەی داهاتوو کە دەکاتە ٣١ـی ئادار واتا دوای سێ رۆژ ، یانەی زەوڕا دوو رۆژ پێش تیپەکەمان لە شاری بەغدا یاری دەکات لەوکاتەی تیپەکەمان رۆژی شەممە لایەنی کەم کاتژمێر ٦ـی بەرەبەیان دەگاتەوە شاری هەولێر بەپێی دووریی نێوان پارێزگای هەولێر و پارێزگای میسان کە نزیکەی ١٠ کاتژمێر و ٨٠٠ کیلۆمەترە، ئەوە جگە لە بوونی خاڵی پشکنینی هێزە ئەمنیەکان، ئەمە زوڵمێکی دیار نادادپەروەریەکی ئاشکرایە بەرانبەر یانەکەمان و تیپەکەمان، بۆیە داوا لە لێژنەی پێشبرکێکان دەکەین پێداچوونەوە بەو بابەتەدا بکەن و سیستەمێکی دادپەروەرانە پەیڕەو بکەن لە نێوان یانەکان، لە دانان و دیاریکردنی کات و ڕێگوزنی سەرجەم پێشبڕکێکان.
هاوکات یانەی هەولێر چەند یارییەک بۆ سەلامەتیی گیانی هاندەرانی، بە ڕێنوێنییەکانی لیژنەی ئەمنیی پارێزگای هەولێر، یارییەکانی بەبێ هاندەر بەڕێوە دەبرد، بەڵام وەکوو لە پەیجی فەرمیی یانەکەدا هاتووە، دەڵێ: بە ناوی سەرۆک و ئەندامانی دەستەی کارگێڕیی یانەکەمانەوە، سوپاسی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و سەرۆکی شانازیی یانەکەمان دەکەین، کە بە فەرمی بڕیاری دا، یاریی نێوان هەولێر و زەوڕا لە گەڕی ٢٥ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق لە یاریگەی شەهید فەڕەنسۆ هەریری بە ئامادەبوونی هاندەران دەبێ.