ڕائیب جادر – هەولێر
لە دەستپێكی جەنگی ئەمریكا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، هەرێمی كوردستان بە 460 درۆن و مووشەك هێرشی كراوەتە سەر، شارەزایان پێیانوایە، گرووپەكانی عێراق دەیانەوێ لەڕێگەی هێرشە تیرۆرستییەكانیان، كوردستان تێوەگلێنن لە شەڕ و شەڕی پێ دەفرۆشن. سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند، هەرێمی كوردستان هەمیشە فاكتەری ئارامی و سەقامگیری بووە، ئێمە پابەندین بە سیاسەتی تێوەنەگلان و دووركەوتنەوە لە ململانێكان، بە هیچ شێوەیەك هەڕەشە نین بۆ سەر ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ.
چاودێرانی سیاسی، دەڵێن، ئەو گرووپ و میلیشیانە لە حكوومەتی عێراق چەك و پارە وەردەگرن و هەر لە ژێر دەسەڵاتی ئەوانیشەوە هێرش دەكرێتە سەر هەرێمی كوردستان و پاڵاوگەكانی نەوت، ئاماژە بۆ ئەوەش دەكەن، چەند ساڵە لە سایەی عەقڵیەتێكی شۆڤێنی خەریكی سزادانی خەڵكی هەرێمن، ئەمڕۆ هەرێم مافی خۆیەتی بەهێزی دەستوور و یاسا ئەم سزا سەپێندراوانە هەڵوەشێنێتەوە و مافە دەستووریەكانی بگەڕێنێتەوە، ئەوە لە كاتێكدایە كە لە سەرەتای هەڵگیرسانی شەڕای ئێران- ئەمەریكا و ئیسرائیل، گرووپە لە یاسادەرچووەكانی عێراق هێرش دەكەنە سەر هەولێر و دەیانەوێ سەقامگیریی ناوچەكە تێكبدەن.
سەركردەكانی كورد دووپاتیان لەوە كردووەتەوە كە كوردستان نابێتە لایەنێكی شەڕ، دووپاتی ئەوە دەكەنەوە كوردستان نابێتە بنكەیەك بۆ هێرشكردنە سەر وڵاتانی دراوسێ، هەرچەندە لەلایەن ئێران و گرووپە میلیشیاكان لە عێراق لە بەرچاو نەگیراوە، بەڵام ئەركی حكوومەتی عێراقە سەرچاوەكانی وزە و نەوت لە هەموو عێراق بە كوردستانەوە بپارێزێت، بەڵام نەیتوانیوە و ڕێگر بێت لە بەردەم گرووپە تیرۆریستییەكانی دەرەوەی یاسا كە لە بەرژەوەندی ئابووری گەلانی عێراق دەدەن.
لە 24ـی ئەم مانگە ئێران بە مووشەكی بالیستی هێرشی كردە سەر هێزەكانی پێشمەرگە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بەهۆیەوە شەش پێشمەرگە شەهیدبوون و 30 پێشمەرگەی دیكەش برینداربوون.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پرسەی پێشمەرگەكان ڕایگەیاند، ئێران دانی بەوەدا ناوە هەڵەیەك كراوە و لێكۆڵینەوە دەكەن، ئەوانیش وەكو هەرێمی كوردستان ئێستا چاوەڕاوانی وەڵامی ئێرانن.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان، دەشڵێ: هەرێمی كوردستان هەمیشە فاكتەری ئارامی و سەقامگیری بووە، ئێمە پابەندین بە سیاسەتی تێوەنەگلان و دووركەوتنەوە لە ململانێكان، بە هیچ شێوەیەكیش هەڕاەشە نین بۆ سەر ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ، بۆیە ئەم هێرشە، دەستدرێژییەكی دووژمنكارانەی ڕااستەوخۆیە بۆ سەر سەروەریی وڵات و هیچ پاساوێك هەڵناگرێت و تەواو پێچەوانەی بنەماكانی دراوسێیەتیی باشە.
نازم ئیسماعیل، چاودێری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “هەولێر” ئاشكرای كرد: حكوومەتی هەرێم بەردەوام داوای كردووە بە گفتوگۆ كێشەكان لەگەڵ بەغدا چارە بكات، بەڵام عێراق كەوتووتە ژێر كاریگەری و هەژموونی گرووپە میلیشیاكان، كە بوونەتە فاكتەرێكی سەرەكی بۆ دروستبوونی ناسەقامگیری لە عێراق و هەرێمی كوردستان، ئەوەش بۆ لاوازی حكوومەتی عێراق دەگەڕێتەوە، ئەگەر بەغدا بیەوێت ئارام بێت و لەگەڵ هەرێم ڕێك بكەوێت، دەبێت چارەیەك بۆ ئەو گرووپانە بدۆزێتەوە، كە كاری تێكدەرانە دەكەن و هێرش دەكەنە سەر دامەزراوەكانی هەرێم.
دەشڵێ: لە هێرشكردنە سەر كوردستان لەلایەن گرووپە چەكدارەكانەوە، بەرنامەی وڵاتانی ترە جێبەجێ دەكرێت، سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان بۆ پاراستنی مەترسیی گەورە بۆ سەر هەرێمی كوردستان، بێلایەنن لەم جەنگە و توندوتیژی دوور دەخەنەوە لە قەوارەی سیاسیی كوردستان، بەڵام پێویستە گوشار لە بەغدا بكرێت میلیشیاكان كۆنتڕۆڵ بكەن.
هۆزان خورشید، چالاكوانی سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “هەولێر” ڕوونیكردەوە، حكوومەتی عێراق دەسەڵاتی بەسەر ئەو گرووپانەدا نییە، ئەمە لە كاتێكدایە بەغدا مووچە و چەك دەداتێ، ئەمڕۆش هێرش دەكەنە سەر هەرێمی كوردستان تاكو ئەو ئاشتی و ئازادییەی لە كوردستان هەیە، هەروەها ئابووری كوردستان جارێكی دیكە لەناو ببەن، تا بتوانن ڕاووی خۆیان لەناو خەڵكی خۆیان سپی بكەن، بەوان بڵێن ئێمە هێرش دەكەینە سەر دوژمنی خۆمان، ئەوان ناڵێن، ئاوەدانی و سەقامگیری كوردستان، سەقامگیری و ئاوەدانی عێراقە، سەركەوتنی كوردستان سەركەوتنی هەموو عێراقە.
سۆران خاكی، نووسەر و شیكەرەوەی سیاسی، لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك، دەڵێت: چەند ساڵە لە سایەی عەقڵیەتێكی شۆڤێنی خەریكی سزادانی خەڵكی هەرێمن، ئەمڕاۆ هەرێم مافی خۆیەتی بەهێزی دەستوور و یاسا ئەم سزا سەپێندراوانە هەڵوەشێنێتەوە و مافە دەستووریەكانی بگەڕێنێتەوە.
ئەو شیكەرەوەی سیاسی، گوتیشی: لەلایەكەوە خەریكی وێرانكردنی ژێرخانی وزەی هەرێمن و لەولاوەش دەگەڕێنەوە هەرێم باری لاریان ڕاست بكاتەوە، ئەوە چ لۆژیكێكە شەوانە بە درۆن بۆڕی نەوتی كوردستان بۆردومان بكەن و بەڕۆژیش داوا بكەن نەوتی لێوە هەناردە بكەن، عەقڵیەتی درۆن بارانكردن، جێگەی عەقڵیەتی كیمیابارانكردنی گرتۆتەوە، برسیكردن و بڕاینی قووتی خەڵكیش جێگەی ئەنفال و زیندە بەچاڵكردن.
د. گۆڤەند شێروانی پسپۆڕای نەوت، بۆ ڕۆژنامەی “هەولێر” ڕوونیكردەوە، ئەو كردەوە تیرۆیستییانەی لەلایەن گرووپە چەكدارییەكان دژ بە كوردستان جێبەجێ دەكەن، سیاسەتی وڵاتێكی ترە دەیانەوێ شەڕاەكە بگوازنەوە بۆ هەموو ناوچەكە.
شێروانی، دەشڵێ، كوردستان ناوەندێكی ئارام و گەشەكردووە، پێیان قورسە لە عێراق پێشكەوتوو و ئارامترە، گرووپە تیرۆرستییەكان دەرفەت دەقۆزنەوە و هێرشی تیرۆرستی دەكەنە سەر كوردستان، بۆ لێدان لە ئابووری و تەناهیی ئەو شوێنانەی لە كوردستان دەكرێنە ئامانج شوێنی خەڵكی سڤیلە، ئەو گرووپە تیرۆریستییانە هێرش دەكەنە سەر وزە و نەوت و هەڕاەشەكردن لە كۆمپانیاكانی بواری نەوت و وزە، بووەتە هۆی ئەوەی كاركردن لە بەرهەمهێنانی وزەی گاز و نەوت ڕاابگیرێ، كاریگەریی لەسەر كوردستان هەبێت و ئاستی پێدانی كارەبا كەم بێتەوە.

