رۆژنامەی ھەولێر

سوودانی سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک، دەکات و لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی هاوبەش پێكدەهێنێت

لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنییدا، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکەی سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی كوردستانی لە دهۆک، کرد. هەر لەو پێوەندییەدا پێكەوە تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکەیان کرد.

ئەمڕۆ شەممە نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە پێگەی فەرمیی خۆی بڵاوی کردەوە: “ئەمڕۆ شەممە 28/3/2026، محەمەد شەیاع سودانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دوایین پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە و لایەنە ئەمنییەکان و ڕێگاکانی دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری تاوتوێ کرد.”

ئاماژە بەوەش دراوە: “لەمیانی پەیوەندییەکەدا سوودانی سەرکۆنە ئەو هێرشە دڕندانەیەی سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پارێزگای دهۆک كرد و ستاییشی هەڵوێستە نیشتمانییەکانی نێچیرڤان بارزانی و پابەندبوونی بە پتەوکردنی یەکڕیزیی نێوان هەموو عێراقییەکان کرد.”

روونیش کراوەتەوە: “سوودانی فەرمانی پێکهێنانی تیمێکی هاوبەشی ئەمنی و تەکنیکی لە دەزگا ئەمنییە پەیوەندیدارەکان لە حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد، بۆ لێکۆکینەوە لە ڕووداوەکە و دەستنیشانکردنی تاوانباران و گرتنەبەری هەموو ڕێکارێکی یاسایی پێویست بەرامبەریان.”

هەروەها سەرۆکوەزیرانی عێراق پابەندبوونی حکوومەتی دووپات کردەوە بۆ ڕێگریکردن لە هەر لایەنێکی لەیاسادەرچوو، چ ناوچەیی بێت یان نێودەوڵەتی، لە ڕاکێشانی عێراق بۆ ناو ململانێکانی ناوچەکە و خستنەگەڕی هەموو هەوڵێک بۆ دەستەبەرکردنی سەروەری و ئاسایش و سەقامگیریی عێراق لەسەر هەموو ئاستەکان، لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتیی نیشتمانیی هەمەلایەنەدا.