ئەمڕۆ هەینی 2026.3.20، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە یاوەری یوسف چاوشین، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی و دلێر محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی گەشت و گوزار و عەمید کامل بەرزنجی، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر و زەیتۆ تۆفیق، بەڕێوەبەری چاودێری کۆمەڵایەتی و خەسرۆ غازی، بەڕێوەبەری کاروباری ناوخۆ و ناز جەلال، قەیرانەکانی پارێزگا، لە یەكێك لە چێشتخانەكانی هەولێری پایتەخت، نانی بەیانی جەژنی لەگەڵ منداڵانی خانەی نەوجەوانانی کوڕان و کچان خوارد و جەژنانەی بەسەردا دابەشکردن.
پارێزگاری هەولێر، وێڕای دەست خۆشی لە سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەر و توێژەر و مامۆستایانی خانەكە، جەژنی لە هەمووان پیرۆز کرد و ئاماژەی بەوە دا، ئەو منداڵانە بەشێکی ئازیز و گرنگی کۆمەڵگەن و ئەرکی حکومەت و دامەزراوەکانە کە لە ڕۆژانی جەژن و بۆنەکاندا لەگەڵیاندا بین و هەست بە تەنیایی نەکەن، ئەوانە کەس و کاری ئێمەن و ئەرکی ئێمەیە لە خزمەتیان دابین، پاشان دیاری و جەژنانەی بەسەر منداڵانی خانەكە دابەشکرد.
جێگەی باسە، ئەم بەسەرکردنەوەیەی پارێزگاری هەولێر لە چوارچێوەی چالاکییەکانی حکومەتی خۆجێییە بۆ گرنگیدان بە توێژە جیاوازەکان و بەسەرکردنەوەی ئەو شوێنانەی کە پێویستیان بە پشتیوانی و سۆزی زیاتر هەیە لە کاتی جەژنەکاندا.

