رۆژنامەی ھەولێر

بەغدا ئابڵۆقەی خنکێنەری خستووەتە سەر کوردستان کەچی بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی پەنا بۆ هەرێم دێنێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بەھۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و ڕاگرتنی ھەناردەی نەوت لەڕێگەی گەرووی ھورمزەوە، بەغدا پلانی ھەیە بۆ کەمکردنەوەی زیانەکان، ھەناردەکردنی نەوت لەڕێگەی بۆڕیی ھەرێمی کوردستانەوە بۆ بەندەری جەیھان زیاد بکات. مەرجەکانی ھەرێمی کوردستانیش بۆ ھەناردەکردنی نەوت، مووچە، ھەڵوەشاندنەوەی ئەسیکۆدا و دۆلار بە نرخی فەرمییە. شارەزایانی ئەو بوارە، دەڵێن، بەغدا خۆی ھۆکارە بۆ دواکەوتنی ڕێککەوتن لەسەر ھەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆریی کوردستانەوە بۆ بەندەری جەیھان، چونکە ھیچ ھەنگاوێک لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان نانێت.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ھەرێمی کوردستان، سەبارەت بە پرسی ھەناردەکردنەوەی نەوت، وەڵامی وەزارەتی نەوتی عێراق دەداتەوە و دەڵێت: ھۆکاری ڕاگرتنی بەرھەمھێنانی نەوت بۆ ھێرشی ئەو میلیشیایانە دەگەڕێتەوە کە لە لایەن بەغداوە مووچە و چەکیان پێ دەدرێت.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەنراوێکدا بۆ ڕای گشتیی ھەرێمی کوردستان و عێراق، وەڵامی ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی دایەوە، لە خاڵی یەکەمی ڕاگەیەنراوەکەدا ھاتووە، ئەوەی لە ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵدا خراوەتەڕوو، سەرجەم ڕەھەندەکانی کێشەکەی تێدا باس نەکراوە و بابەتەکەیان شێواندووە، ھەروەھا ھەوڵێکی ڕوونە بۆ تۆمەتبارکردنی ھەرێمی کوردستان لە پێناو چەواشەکردنی ڕای گشتی.
سەبارەت بە گەمارۆکانی سەر ھەرێم، وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە: حکوومەتی ئێستای عێراق لە مانگی کانوونی دووەمەوە گەمارۆیەکی خنکێنەری بە بیانووی جێگیرکردنی سیستەمی “ئاسیکۆدا” خستووەتە سەر ھەرێمی کوردستان، کە بەھۆیەوە ڕێگە نادات دۆلار بۆ بازرگانانی کوردستان بەردەست بێت، لەو کاتەوە جموجۆڵی بازرگانی وەستاوە و بەغداش ئامادە نییە کاتی پێویست بۆ ھەرێم تەرخان بکات بۆ جێگیرکردنی سیستەمەکە، سەرەڕای ئەوەی ھەر لە سەرەتای دروستبوونی ئەم قەیرانەوە ئێمە ئەو داوایەمان کردووە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەنراوەکەدا باس لە ھێرشی گرووپە چەکدارەکان کراوە بۆ سەر ژێرخانی ئابووریی ھەرێم و ڕوون کراوەتەوە، میلیشیا و گرووپە چەکدارە لە یاسادەرچووەکان سەرجەم کێڵگە و پاڵاوگەکانی نەوت، گاز و وزەی ھەرێمیان کردووەتە ئامانج، لە دەرئەنجامی ئەم ھێرشە تیرۆریستییانەدا، پرۆسەی بەرھەمھێنان بە تەواوی وەستاوە و ھیچ بڕە بەرھەمێکی نەوتی لە کوردستان نەماوە تا ھەناردەی دەرەوە بکرێت.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕەخنەی توند لە بێھەڵوێستیی حکوومەتی فیدراڵی دەگرێت و دەڵێت: بەغدا ئامادە نییە ڕووبەڕووی ئەو ھێرشە تیرۆریستییانە ببێتەوە و ڕێگرییان لێ بکات، تا ئێستاش ھیچ ڕێکارێکی کاریگەر بۆ وەستاندنیان نابینرێت، جێگەی سەرسوڕمانە کە بەشێکی زۆری ئەم ھێرشبەرانە لە بەغدا مووچە وەردەگرن، پڕچەک کراون و پارەدار دەکرێن، لە کاتێکدا مووچەی خەڵکی کوردستان ھەمیشە دوا دەخرێت و بڕێک دەنێردرێت کە کەمترە لە شایستەی پێویست.
وەزارەتەکە جەختی لە ھەڵوێستی نەگۆڕی ھەرێم کردووەتەوە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان و ڕایگەیاندووە، ھەرێمی کوردستان بە ھەموو شێوەیەک ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ دەربازکردنی عێراق و ھەرێم لەم قەیرانە، چەندین جاریش داوامان لە بەغدا کردووە گفتوگۆیەکی بنیاتنەر بۆ چارەسەری کۆی ئەم کێشانە دەست پێ بکات، بەڵام داواکارییەکانمان پشتگوێ خراون و ھەوڵ دراوە ئەجێندایەکی نادەستووری و نایاسایی بەسەر ھەرێمدا بسەپێندرێت.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دووپاتی کردەوە، ئامادەین ھەرچی زووە تیمە پسپۆرەکان لەسەر خاڵە ناکۆکەکان دانیشتن بکەن بۆ گەیشتن بە ئەنجامێکی خێرا کە تەواوی عێراق لێی سوودمەند بێت و چی دیکە ستەم لە کوردستان نەکرێت.
وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، بەھۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و ڕاگرتنی ھەناردەی نەوت لە ڕێگەی گەرووی ھورمزەوە، بەغدا پلانی ھەیە بۆ کەمکردنەوەی زیانەکان، ھەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆڕیی ھەرێمی کوردستانەوە بۆ بەندەری جەیھان زیاد بکات.
وەزارەتی نەوت لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، لە ھەماھەنگیی بەردەوامدان لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ھەرێم، بەپێی پلانەکە، بڕی ھەناردەی نەوت لە ڕێگەی بۆڕیی کوردستانەوە بۆ بەندەری جەیھان دەگەیەنرێتە ٣٠٠ ھەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، ئەمەش جیاواز لەو ٢٠٠ ھەزار بەرمیلەی پێشتر ھەناردە دەکرا.
وەزارەتی نەوت جەختی کردەوە کە توانای دیزاینکراوی ئەم بۆڕییە ڕۆژانە ٩٠٠ ھەزار بەرمیلە و لەم دۆخە ھەستیارەدا وەک جێگرەوەیەکی ستراتیژی بۆ ھەناردەی نەوتی باشوور بەکاردەھێنرێت، تاوەکو کاریگەرییە ئابوورییەکانی ئەو دۆخە لەسەر عێراق کەم بکرێتەوە.
نەبیل مەرسوومی، ئابووریناسی عێراقی، ئاشکرای کرد، ھەرێمی کوردستان سێ مەرجی سەرەکی ھەیە بۆ ڕێگەدان بە ھەناردەکردنی نەوتی عێراق لە ڕێگەی بۆرییەکانیەوە بۆ بەندەری جەیھان، لەوانە خەرجکردنی مووچەی ساڵی ڕابردووی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان، کە حکوومەتی فیدراڵی بەبێ ھۆکار خەرجی نەکردووە، ھەروەھا ھەڵوەشاندنەوەی سیستەمی (ئەسیکۆدا) لە ھەرێم، ئەم سیستەمە بووەتە ھۆی زیادبوونی باج لەسەر کاڵا ھاوردەکراوەکان و بەرزبوونەوەی نرخ لەسەر ھاووڵاتییان، لەگەڵ دابینکردنی دۆلار بە نرخی فەرمی بۆ بازرگانانی ھەرێم، کە پێشتر لەم مافە بێبەش کرابوون.
نەوزاد خانەمیر، شارەزای بواری نەوت، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: حکوومەتی ھەرێم ھەموو کات ئامادەبووە کێشەکان چارەسەر بکات و ھاوکاریی عێراق بکات، بەڵام ئەوە بەغدایە نایەوێت کێشەکان چارە ببن و پێچەوانەی دەستوور مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەکات.
ئەو شارەزایەی بواری نەوت، دەشڵێ: حکوومەتی ھەرێم داواکاری ھەیە، ھەموو داواکارییەکانیش لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستانن و لە چوارچێوەی دەستووری ھەمیشەیی عێراقن، ئەگەر حکوومەتی فیدراڵی دەیەوێ نەوت بە بۆریی کوردستاندا ھەناردە بکات، دەبێ ئەو داواکارییانە جێبەجێ بکات، چونکە ئەوە زیاتر لە ١٢ ساڵە بەغدا گەمارۆی خستووەتە سەر خەڵکی کوردستان و بودجەی بڕیوە مووچەشی کردووەتە کارتی سیاسی و بەشەبودجەی کوردستان نانێردرێت.