وەرگێڕان: شۆڕش غەفووری – هەولێر
ڕۆمانی خۆشەویستیی بێكۆتایی (Endless Love) کە دوو جار و لە ساڵانی ١٩٨١ و ٢٠١٤ کرایە فیلم و، ناوی سکۆت سپێنسەر (Scott Spencer) ڕۆماننووسی گەیاندە هەموو ماڵێک، بەڵام ئەم نووسەرە کە پاڵێوراوی خەڵاتی نەتەوەیی کتێب (National Book Award) بوو، پێشتریش وەک لێزان و نووسەرێكی مۆدێرنی ئەدەب نێوبانگی خۆی هەبوو.
.ـ لە کوێ گەورە بوویتە و چۆن ژیاویت؟
سپێنسەر: من لە خانوویەک و لەوپەڕی باشووری شاری شیکاگۆ گەورە بوومە؛ لە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون کە چەند ساڵێک دوای جەنگی جیهانی دووەم و لەسەر پاشماوەی پیشەسازیی کارگەکانی ئاسن و پۆڵا دروست کرابوو. باوکم لە کارگەیەکی پۆڵای نزیک ماڵەكەماندا کاری دەکرد، دواتر تێگەیشتم کە ئەو تەنها لەبەر بنەمای مۆراڵی و ویژدانی، حەزی دەکرد کرێکارێكی سادە بێت. دایکیشم لە کۆمپانیایەکی خزمەتگوزاری وەك بازاڕدۆز (مەندووب) کاری دەکرد و دەچووە ماڵان و چاوپێکەوتنی لەگەڵ خەڵک دەکرد دەربارەی کاڵا و ڕیکلامەکان. یارمەتیدانی کۆمپانیاکان بۆ باشترکردنی ڕیکلامەکانیان، لەگەڵ بیروباوەڕی چەپی دایک و باوکم نەدەگونجا، بەڵام دایکم پێویستی بە کارێک بوو تا کاتی كاركردنی بە دەستی خۆی بێت. خانووەکانی گەڕەکەکەمان هەمووی وەک یەک بوون، ڕیزەخانوویەكی خشت بوو، بە رەنگی پەمەییەکی کاڵ؛ هەر یەکەیان ژوورێکی میوان (کە دایک و باوکم بە شەرمەزارییەکی زۆرەوە پێیان دەوت هۆڵ) و ژوورێکی نانخواردن (کە دووبارە بە شەرمەوە پێمان دەوت کتێبخانە) و ناندینگەیەكیان هەبوو. لە نهۆمی سەرەوەش دوو ژووری نووستن و گەرماوێک هەبوو. هاوڕێکانم پۆڵەندی و ئێرلەندی بوون. وەک منداڵێکی تاقانە، بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە ڕەفاقەتم دەكرد، لە هەموو ڕوویەکەوە وەک خوشک و برام وابوون، هەرچەندە باوان و دایك و باوكیان كەسانی زبر و قسەڕەق بوون و وشەی وەک قولەڕەش (nigger) و کایک (kike)ـیان بەسەر زارەوە بوو بۆ سووکایەتی بە خەڵکی ڕەشپێست و جوولەکە؛ بەڵام دایک و باوکم بە پێچەوانەوە وشەی وەک سەنترالیزمی دیموکراتیک (democratic centralism) و پرۆلیتاریا (proletarian)یان لەسەر زار بوو؛ نزیکترین هاوڕێی تەمەنی ٥ بۆ ١٢ ساڵانم، ناوی (دیکی دۆرک؛ Dickie Dork) بوو، جا هەمووان دەمانزانی دیک (Dick)، واتاکەیەکی هەیە رووی مەجلیسی نیە؛ بەڵام نەمزانیوە وشەی دۆرک (dork)یش سووکایەتیەکی پێوە بێ؛ چەند ساڵێک دواتر کاتێک ویستم خۆم لەناو کۆڕی ئەدیباندا جێ بکەمەوە و باسی ئەوم کرد، تێگەیشتم هاوڕێ نوێیەکانم وادەزانن من ئەو ناوەم بۆ گاڵتەجاڕی داهێناوە. وەک مەیموونێکی ترسراو زەردەخەنەم کرد. ئەو کۆڕە ئەدەبییە و ڕوانگەکانیان بۆ من زۆر گرنگ بوون، چونکە لە گەورەکان کەسم نەدەناسی شتێک بنووسێت، تەنانەت نامەیەکیش بۆ سەرنوسەری ڕۆژنامەکان، بەڵام ئەم هاوڕێ نوێیانەم هەموو خوێندەوار بوون، هەندێکیان لە دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە کاریان دەکرد و هەندێکیشیان کتێبیان لێ بڵاو کرابووەوە. پێش ئەوە، نزیکترین ئەزموونم لەگەڵ نووسەرێکدا تەنها ئەوە بوو کە لە زانکۆ جەیمس دیکی (James Dickey) بە ڕێکەوت هاتە ناو ئاهەنگێک کە منی لێ بووم.
ـ لە کوێ دەژیت و بۆ ئەو شوێنەت هەڵبژاردووە بۆ ژیان؟
سپێنسەر: کاتێک تەمەنم گەیشتە ١٤ ساڵان، گەورەترین ئاواتم ئەوە بوو ماڵ و گەڕەک و شارەکەم بەجێ بهێڵم. ئەمەم وەک نهێنییەک لام مایەوە. نەمدەویست شیکاگۆ بەجێ بهێڵم، بەڵکو دەمویست لە نیویۆرکدا بژیم. بۆ ماوەیەکیش لەوێ ژیام. دڵنیا بووم کە زیرەکترین خەڵکی جیهان لە نیویۆرکن، پێدەچێت بۆ نیوەی ڕاست بووبێتم، بەڵام نەمدەتوانی بەرگەی پیاسەی سەگەکەم لەناو شەقامەکاندا بگرم، ژاوەژاوی بەردەوام، خەریک بوو لە ڕووی دەروونییەوە تێکی دەشکاندم. تەنانەت دوای ئەوەی سەرکەوتنیشم بەدەست هێنا، پارەی پێویستم بۆ کڕین یان بەکرێگرتنی شوقەیەک بۆ هاوسەر و دوو منداڵەکەم نەبوو كە شیاوی ژیان بێت و گەورە، بۆیە ١٠٠ میل بەرەو باکوور کۆچمان کرد واتە بۆ دۆڵی هادسن (Hudson)؛ هاوسەرەکەم ڕۆیشت، منداڵەکان گەورە بوون و چوونە شوێنی تر، بەڵام من هێشتا لێرەم. چەند ڕۆمانێک پێش ئێستا، شارۆچکەکەی خۆمم وەک نموونەیەک بۆ شارۆچکەیەکی خەیاڵی بە ناوی لەیدن (Leyden) لە نیویۆرک بەکار هێنا و، ئەو ڕۆمانەی ئێستا کاری لەسەر دەکەم ٤٠ ساڵ لەناو ئەم ژینگە خەیاڵییەدا تێدەپەڕێت. ڕەنگە کاتێک کتێبەکە تەواو بکەم، بۆ هەمیشە ئەم شوێنەش بەجێ بهێڵم!
ـ باس لە ڕۆتینی بەیانیانت بکە، بەیانییەكانت چۆنە كە لە خەو هەڵدەستیت؟
سپێنسەر: لەم شوێنەی من لێی دەژیم، باشترە بەیانیان بنووسیت، چونکە شەو لێرە زۆر زۆر تاریکە و، پێم وایە ئەگەر خەوێكی زۆر و باشی بۆ نەكەیت، ئەوا بێشك شێت دەبیت. بە گشتی لە نێوان ٦:٣٠ بۆ ٧:٣٠ هەڵدەستم، سەگەکانم دەبەمە دەرەوە. ئەگەر مراویمان هەبێت، دەچمە سەر حەوزەکە بزانم هەموویان لە دەستی ڕاوكەرە کێوییەکانی شەو ڕزگاریان بووە یان نا. شەو بۆ مراوییەکان زۆر ترسناکترە وەک لە نووسەرەکان. ئەو ژنەی ڕۆژنامەی (نیویۆرک تایمز) دەهێنێت زۆر چالاکە، زۆربەی ڕۆژەکانی ساڵ ڕۆژنامەکە لە ناو پلاستیکە شینەکەیدا لە نزیک ماڵەكەم دادەنێت. دەچمە دەرەوە و دەیهێنمە ژوورێ، قاوەیەک ئامادە دەکەم و پارچە نانێک دەبرژێنم، تا ٨:٣٠ ڕۆژنامە دەخوێنمەوە و پاشان ڕاستەوخۆ دەچمە سەر مێزی کارەکەم (کە شوێنێکی شپڕێو و شێواوە، بەڵام هەمیشە باوەشم بۆ دەگرێتەوە) و تا ١١:٤٥ کار دەکەم. پاشان دوو کاتژمێر پشوو دەدەم و دەچم تێنسی سەر زەوی دەكەم. هەوڵ دەدەم ڕیتمێکی جێگیرم لە نووسیندا هەبێت. تێبینیم کردووە ئەو ڕۆژانەی زۆر شت دەنووسم، دواتر دوو سێ ڕۆژ ناتوانم وشەیەکیش بنووسم. پێشتر هەوڵم دەدا ڕۆژێ ١٠٠٠ وشە بنووسم، ئێستا ئەگەر بگەمە ٥٠٠ وشە ئەوا هەر بە ڕاست دەستخۆشی لە خۆم دەکەم. ئەگەر بەردەوام بم لەسەر ٥٠٠ وشەکە، ساڵانە ڕۆمانێک تەواو دەکەم، بەڵام من چەندین ڕەشنووس دەنووسم و عادەتەن سێ بۆ چوار ساڵم پێ دەچێت تا دەقێک ئامادە دەکەم.
ـ ئایا شتێکی جیاواز یان نامۆ لە شوێنی کارەکەت هەیە؟ جگە لە شتە ئاساییەکان، چی تر لەسەر مێزەکەت دادەنێیت؟ دیمەنی شوێنی کارە دڵخوازەکەت چۆنە؟
سپێنسەر: من دوو مێز و دوو کۆمپیوتەرم هەیە، چونکە هەندێک جار (ئێستا کەمتر لە جاران) لە یەک کاتدا کار لەسەر دوو بابەتی جیاواز دەکەم؛ ژووری خوێندنی ناو خانووە کۆنەکەمان، دوو مێزی لێیە؛ مێزێک بۆ پڕۆژەی ئەلف (A) و مێزەکەی تر بۆ پڕۆژەی (B)؛ ئەو ژوورە سێ پەنجەرەی گەورەی هەیە و دیمەنێکی جوانیان ئەڵبەت مێزەکانم جۆرێک داناوە کە ڕوویان لە دیوار بێت نەک پەنجەرە. ئاخر نامەوێت سەرقاڵی هیچ شتێکی دەرەكی بم و دەمەوێت سەرەنجم زیارت لەسەر ئەو شتانە بێت کە لە ناو مێشکی خۆمدا ڕوو دەدەن.
ـ چی دەتخاتە پێکەنین؟
سپێنسەر: ماوەیەکە لویس سیکەی (Louis CK)ـی کۆمیدیەن زۆر دەمخاتە پێکەنین، بەڵام پێکەنین بۆ من پەیوەستە بە سورپرایزەوە و سەرچاوەکانیشی نادیارن.
ـ چی دەتگریێنێت؟
سپێنسەر: گریان بابەتێکی ترە. ئەگەر بمهەوێت کەمێک بگریم، سەگە دڵخوازەکەم کە ١٠٠٠ پێ دوورتر لە ماڵەکەم نێژراوە، دەچمە سەر گۆڕەکەی و قسەی لەگەڵدا دەکەم. مۆسیقاش دەتوانێت تێکم بشکێنێت؛ بۆ نموونە ئەمڕۆ بەیانی كە (سام کۆک (Sam Cooke) ئەو گۆرانییەی دەچڕێ: دەستێک بێنە بە پەراوێزی کراسەکەیدا (Touch the Hem of His Garment). هەروەها هەندێک جار کاتێک یاریزانێکی گەورەی تێنس دوای یارییەک دەگریێت، منیش لەگەڵیدا دەگریم، چونکە زۆر کارم تێ دەکات، ئەو هەموو ماندوویەتی و تەنیایی و هونەرەی کە پێشکەشی کردووە.
ـ ئەگەر بتوانیت کەسێکی مردوو زیندوو بکەیتەوە، کێ هەڵدەبژێریت و بۆچی؟
سپێنسەر: زۆر کەس کە خۆشم ویستوون مردوون، بەڵام چونکە چێژی پرسیارەکە لەوەدایە تەنها یەک کەس هەڵبژێریت، ناتوانم لە نێوانیاندا یەکێکیان هەڵبژێرم. بۆیە کەسێک زیندوو دەکەمەوە کە خۆشم نەویستووە؛ واتە جەی ئێدگار هووڤەر (J. Edgar Hoover)، سەردەمانێک بەڕێوەبەری ئێفبیئای (FBI) بوو؛ دەمەوێت بزانێت کە ژیانە نهێنییەکەی چیتر نهێنی نییە و دوای تەمەنێک لە ترساندنی خەڵک، ئێستا بووەتە مایەی گاڵتەجاڕی و، ئەمەش گەورەترین ترسی ژیانی بوو. دەمەوێت بەو زانیارییەوە بژیێت کە هەر کەسێک دەیبینێت، وێنەی ئەوی لە مێشکدایە کە جلی ژنانەی پۆشیوە. دەزانم ئەمە کارێکی باش نییە، بەڵام پێم وایە بۆ هەمووان باش دەبێت ئەگەر ئەو ئەمە بزانێت.
ـ چیرۆکی بڵاوکردنەوەی یەکەم کتێبت چۆن بوو؟
سپێنسەر: بۆ ئەو نووسەری تازەکار، چیرۆکێکی هەم هیوابزوێنە و هەمیش هیوابڕ؛ پێش ئەوەی هۆتن مێفلین (Houghton Mifflin) یەکەم رۆمانەکەمم لێ وەربگرێت، دەسنووسەکەم بردە لای نزیکەی بیست دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە، کەسیان لای نەکردەوە؛ دوای دوو ساڵ ڕەتکرانەوە و بێزاری، گەیشتمە ئاواتی خۆم؛ ئاواتیشم ئەوە بوو كە مافی ئەوەم هەبێت بە فەرمی بە خۆم بڵێم: ڕۆماننووس. کتێبی یەكەمم واتە کتێبی (دوێنێشەو لە مەکۆی مێشکدزەکاندا) (Last Night at the Brain Thieves Ball) چاپ کرا، بەڵام سەری نەگرت. ئەوان پێیان وابوو من ڕۆمانێکی زانستی ـ خەیاڵیم نووسیوە و باسی مەترسییەکانی سیخوڕیی ئەلیکترۆنیم كردووە (وەک ئاماژەیەک بۆ کارەکەی دایکم). منیش زۆر دەترسام دەزگاکە پەشیمان ببێتەوە و ناچار بم ئەو ٢٧٠٠ دۆلارەی وەرمگرتبوو بیاندەمەوە، بەڵام ڕاستییەکەی من هەستم دەكرد ڕۆمانێکی کۆمیدیم نووسیوە. کتێبەکە تەنها بەسەر ئەندامانی خێزانەکەمدا ساغ بووەوە و فرۆشرا، بەڵام بووە سەرەتایەک بۆ پیشەکەم و ناسنامەیەکی نوێ. بەشە نائومێدکەرەکەش بۆ نووسەرانی تازەلاو ئەوەیە کە لەو سەردەمەدا (حەفتاکان) و لە نیویۆرک هێندە دەزگای چاپی زۆر هەبوون کە (هۆوتن مێفڵین) بیستەمین دەزگا بوو بۆ چاپی كتێبەكەم. پێم وایە نیوەی ئەو دەزگایانەی کتێبەکەی منیان ڕەت کردەوە، ئێستا هەڵشکاون (ئیفلاسیان کردووە) و داخراون!

