مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
جەنگ كێشەی بۆ ئیسپانیا و ئەرجەنتین دروست كرد
جەنگی ئەمریكا و ئیسرائیل لە دژی ئێران تادێت پشێوی ئاڵۆزی لە سەرتاسەری جیهان دروست دەكات، سەرەڕای وەستاندنی چالاكییەكان لە تەواوی وڵاتانی كەنداوی عەرەبی خەریكە، ئاڵۆزییەكان بۆ وڵاتانی دیكەی دونیا بپەڕێتەوە، لە سەرووی هەموویانەوە كێشەی بۆ یاریی فینالیسیمای نێوان ئەرجەنتین و ئیسپانیا دروست كردووە.
دوای راگرتنی سەرجەم چالاکییە وەرزشییەکان لە قەتەر، بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەوە، چارەنووسی یاریی فینالیسیمای نێوان هەردوو هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و ئیسپانیا دیارنییە.
یاریی فینالیسیما لەنێوان ئەرجەنتین و ئیسپانیا، بڕیارە رۆژی 27ـی مانگە کاژێر 21:00 لە یاریگەی لوسەیل لە قەتەر بەڕێوەبچێت، بەڵام چارەنووسی یارییەکە دیارنییە و ئەگەری هەیە دوابخرێت یانیش بۆ شوێنێکی دیکە بگوازرێتەوە.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپا و ئەمریکای باشوور، تاوەکو ئێستا بڕیاری کۆتاییان لەبارەی یارییەکەوە نەداوە و لە چاودێریکردنی دۆخەکە بەردەوامدەبن ببەر لەوەی هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی قەتەر بکەن و بڕیار لەبارەی چارەنووسی یارییەکەوە بدەن.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی قەتەر، رۆژی یەکشەممە بڕیارییدا سەرجەم چالاکییە وەرزشییەکانی وڵاتەکە بۆ ماوەیەکی نادیار رابگرێت، ئەمە پرسیاری زیاتری خستە سەر چارەنووسی ئەو یارییە جیهانییە، لەکاتێکدا سەرجەم بلیتەکانی رووبەڕووبوونەوەی ئەرجەنتین و ئیسپانیا فرۆشراون.
بڕیاری کۆتایی لەبارەی یارییەکەوە لەدەستی قەتەردا دەبێت، لەکاتێکدا پێش هەموو شتێک پێویستە سەلامەتی هاونیشتمانیانی، هاندەران و هەڵبژاردەکان بەرچاو بگرێت.
یەکێک لە بژاردەکان بۆ یارییەکە ئەوەیە، پێشنیازێک هەیە یارییەکە دوابخرێت بۆ کۆتایی وەرز، ئەو کاتە دەبێتە یارییەکی ئامادەکاریش بۆ هەردوو هەڵبژاردە، بەر لەوەی بەشداری لە مۆندیالدا بکەن.
کەمتر لە مانگێک بەرلە رووبەڕووبوونەوەی پاڵەوانەکانی ئەمریکا و ئەورووپا، تۆپی پێ جارێکی دیکە دەبێتە پاشکۆی بارودۆخێکی جیهانی کە لە وەرزش گەورەترە. ئێستا کاری لە پێشینەی قەتەر بۆ پاراستنی ئاسایشە و هەر بڕیارێکیش بەندە بەوەی کە دۆخەکە لە هەفتەکانی داهاتوودا چ گۆڕانکارییەک بەخۆیەوە دەبینێت.
بە گوێرەی راپۆرتێكی تۆڕی هەواڵی ئی ئێس پی ئێنی ئەمریكا، ئەم جەنگەی ئێستا لە جیهان هەڵگریساوە رەنگە كێشە بۆ مۆندیالی 2026 دروست بكات كە نزیگەی چوار مانگی ماوە، مەترسی دواخستنی وادەی بەڕێوەچوونی مۆندیالی داهاتوو هەیە كە بڕیارە لە رۆژی 11ـی مانگی شەشی ئەمساڵ بە هاوبەشی لە نێوان ئەمریكا، كەنەدا و مەكسیك بەڕێوە بچێت.

