ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
شەڕ و جەنگی نێوان ئەمریكا و ئیسرائیل لە دژی ئێران تا دێت زیاتر چالاكییە وەرزشییەكان پەك دەخات، تا ئێستا 10 وڵات بە فەرمی پاڵەوانێتی و چالاكییە وەرزشییەكانیان راگرتووە، ئەگەر شەڕەكە بەردەوام بێت چەندان وڵاتی دیكەش رەنگە تێوەبگلێن و چالاكییەكانیان بوەستێنن، ئیسرائیل و ئێران پێش هەمووان سەرجەم و خول و چالاكییەكانیان وەستاند.
یەکێتیی تۆپی پێی قەتەر، بەشێوەیەکی فەرمی بڵاویکردەوە کە تەواوی یارییەکانی خول و جامی وڵاتەکەی بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە و هیچ چالاکییەک ئەنجام نادرێت.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی قەتەر لە تۆڕی ئێکس ڕایگەیاند: “فیدراسیۆنەکەمان ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی ئەو ڕووداوە نەخوازراوانەی لە ناوچەکەدا ڕوودەدات تەواو چالاکییەکانمان دوادەخەین بۆ کاتێکی نادیار.”
بەرپرسانی تۆپی پێی قەتەر ئاماژەی بەوەشکرد، کە دواتر لەڕێگەی پێگەی فەرمی خۆیانەوە کاتی دەستپێکردنەوەی یارییەکان بڵاودەکەنەوە، هەر دوێنێش بەهۆی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر قەتەر یاریی نێوان شیمال و قەتەر ڕاستەوخۆ دواخرا.
بەهەمان شێوەی قەتەر، فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتانی عەرەبی زۆربەیان چالاکییە وەرزشییەکانیان دواخست، تۆپی پێی بەحرەین بڵاویکردەوە کە بەهۆی ئەو بارودۆخە نەخوازراووەوە تەواوی یارییەکان بۆ کاتێکی نادیار دواخراون.
هەروەها فیدراسیۆنی تۆپی پێی لوبنانی دوپاتیکردەوە، لە ئەمڕۆوە تەواوی چالاکییەکانی تۆپی پێ لە وڵاتەکەی ڕادەگیرێت و تاوەکو کاتێکی نادیار دەستپێناکاتەوە، ئەوەش بەمەبەستی پارێزگاریکردن لە سەلامەتی گیانی هەموولایەک، ئەمەش لە كاتێكدایە حیزبوڵڵای لوبنانی بە ئاشكرا خۆی تێوەگلاندە نێو جەنگەكە و هاتە بەرەی پشتگیریكردن لە ئێران لە دژی ئیسرائیل و ئەمریكا.
لە لایەكی دیكەیشەوە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیماراتیش یارییەكانی بۆ كاتێكی نادیار دواخست، فیدراسیۆنی تۆپی پێی سعوودیەش بەشێكی زۆر لە چالاكییە وەرزشییەكانی راگرتووە، تەنانەت یاریی شەبابی سعوودیە بەرامبەر زاخۆ كە بڕیار بوو لە شاری ریازی سعوودیە بكرێت بۆ كاتێكی نادیار دواخرا.
لەنێو وڵاتانی كەنداوی عەرەبی، زۆرترین مووشەك ئاراستەی بەحرێن كراوە، بۆیە فیدراسیۆنی ئەو وڵاتەش بە ناچاری خولەكانی نێوخۆیی بۆ كاتێكی نادیار دواخستووە، بەوپێیەی بەحرێن گەورەترین پێگە و پەناگەی ئەمریكای لێیە و بەردەوام بووەتە ئامانجی مووشەكەكانی ئێران.
لە لایەكی دیكەیشەوە، فیدراسیۆنەكانی كوێت و سووریاش بەشێك لە چالاكییەكانیان هەڵپەساردووە و تەنانەت رێگە بە هیچ وەرزشوان و تیپێك نادەن لە سنووری وڵاتەكە بێنە دەرەوە.
لە عێراقیش یاریی هەولێر و دیالە لە گەڕی بیستەمی خولی ئەستێرەكانی عێراق بەهۆی ئەم شەڕی مووشەك و درۆنەی بەسەر ئاسمانی عێراقدا تێپەڕ دەبێت دواخرا.
بەگوێرەی راپۆرتی لێژنەی ئەمنی عێراق، داوا دەكرێت خولەكانی عێراق رابگیردرێن یان بەبێ هاندەر بكرێن، بەڵام خولی ئەستێرەكانی عێراق ئەگەر رابگیردرێت مەترسی هەڵوەشاندنەوەی لەسەر دروست دەبێت، بەوپێیەی تاكە خولە لە جیهان زۆرترینجار لەم وەرزە بەهۆی یارییەكانی هەڵبژاردەی عێراق راگیراوە، لە ئەگەری هەر دواخستنی دیكە خولەكە بەهۆی مۆندیالەوە زەحمەتە تەواو بكرێت.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست رۆژنامەی هەولێر كەوتووە، لە ئەگەری ئاڵۆزبوونی جەنگەكەی نێوان ئێران و ئەمریكا ـ ئیسرائیل رەنگە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لە چەند كاتژمێری داهاتوو بڕیاری نوێ لەبارەی خولی ئەستێرەكانی عێراق بدات.
بەگوێرەی راپۆرتێكی پێگەی ریازی سعوودیە، پێشبینی دەكرێن سەرجەم پاڵەوانێتییەكانی ئاسیا بەهۆی بەردەوامی ئەم شەڕە دوابخرێن، بەوپێیەی ئێستا چامپیۆنزلیگی ئاسیا بۆ هەردوو ئاستی یەكەم و دووەم بەردەوامی هەیە.
لە لایەكی دیكەیشەوە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی هەرێمی كوردستانیش، سەرجەم چالاكییەكانی دواخست، جەختی لەوەش كردووەتەوە بەپێی هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەكە بڕیاری دیكە لەبارەی یارییەكانی خولی پلەیەكی كوردستان و خولی نایابی كوردستان دەدەن.

