رۆژنامەی ھەولێر

گرووپە میلیشیاکان دژی هەرێمی کوردستان و عێراق دەستیان بە نانەوەی پشێوی و کاری تێکدەرانە کردووە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

گرووپە میلیشیاکانی عێراق لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا دەستیان بە کردەوە تیرۆریستییەکانیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە و زیانیان بە بەرژەوەندییەکانی وڵات گەیاندووە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کە جەنگ دەستی پێ کردووە هەولێر بەهۆی ئەوەی ژمارەیەک بنکەی سەربازیی ئەمریکا و کونسوڵخانەی ئەو وڵاتەی لێ هەڵکەوتووە، یەکێک بووە لە ئامانجەکانی هێرشی ئێران، بەڵام ئەوەی زیاتر جێی تێڕامانە ئەوەیە بەشێک لە هێرشەکان لە لایەن گرووپە میلیشیا لەیاسا دەرچووەکانی عێراقەوە جێبەجێ کراون.
ئەو ڕاستییە سەلمێنراوە ژمارەیەک لەو هێرشە درۆنییانەی کراونەتە سەر هەولێر و شوێن و بارەگا جیاوازەکانی کوردستان، ئەنجامدەرەکەیان گرووپە میلیشیاکان بوون و ژمارەیەک لەو گرووپانە هەر خۆیان بەرپرسیارێتیی هێرشەکانیان بە ئەستۆ گرتووە و لە هێرشەکانیاندا تەنیا بە شوێنە سەربازییەکان نەوەستاون و تەنانەت دامەزراوەی سڤیل و شوینە گشتییەکانیشیان کردۆتە ئامانج.
رۆژی یەکشەممە گرووپی سەرایای ئەولیائولدەم کە بەشێکە لەو گرووپانەی لە عێراق خۆیان بە بەرەی مقاوەمە دەناسێنن بەرپرسیارێتیی خۆی لەو هێرشانە ڕاگەیاند کە کرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر.
گرووپەکە لە ڕاگەیەنراوێکدا کە شەوی یەکشەممە لەسەر دوشەممە بڵاوی کردەوە بانگەشەی ئەوەی کردووە کە ئەوان لە تۆڵەی کوژرانی عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ژمارەیەک درۆن و مووشەکی جۆری قاریع، هێرشیان کردووەتە سەر بنکەکانی هێزەکانی ئەمریکا لە هەولێر.
پێویستە بگوترێت هەموو ئەو هێرشانەی چ لە لایەن ئەو گرووپانەوە کرابێت چ لە لایەن ئێرانەوە کرابنە سەر هەولێر بەهۆی سیستمی بەرگریی دژەمووشەکیی ئەمریکاوە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بەرپەرچ دراونەتەوە و تێکشکێنراون.
ئەو هێرشانە تەنیا نەکراونەتە سەر هەولێر بەڵکوو لە سلێمانی و کۆیە و چەندین شوێی دیکەی کوردستان هێرشی درۆنی ڕوویداوە.
هەر ئەو شەوە وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بارەگای فیرقەی ١١ لە دێگەڵە بە درۆن کراوەتە ئامانج و هۆشداریشی دا کە ئەم کارە بێ وەڵام نابێت.
وەزارەتی پێشمەرگە لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، بارەگای فیرقەی ١١ی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە دەوروبەری شارەدێی دێگەڵە، لە ڕێی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراوەوە کراوەتە ئامانج و هەر بۆیەش وەزارەتەکە پێی وایە ئەوەی ڕوو دەدات کارێکی تێکدەرانەیە و هەوڵێکە بۆ زیاتر ئاڵۆزکردنی دۆخەکە و نانەوەی پشێویی زیاتر.
وەزارەتی پێشمەرگە دەستبەجێ داوای لە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد پێش بەو کارە نایاساییانە بگرێت و سنوورێک بۆ ئەم دەستدرێژیانە دابنێت و ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی یاساییان بکاتەوە.
دوێنێ دووشەممەش گرووپی سەرایای ئەولیائولدەم بەرپرسیارێتیی خۆی لەو هێرشانە ڕاگەیاند کە کرایە سەر بنکەی سەربازیی ڤیکتۆریا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا.
ئەو گرووپە میلیشیایانە کە لە سامان و داهاتی عێراق دەخۆن لەوەتەی هەن هیچ سوودێکیان بۆ عێراق و دانیشتوووانی عێراق نەبووە و کێشەیەکی زۆر سەرەکی بوون لە بەردەم پڕۆسەی سیاسی و ئاوەدانکردنەوەی عێراق. حکوومەتی عێراق خۆی بە دەستیانەوە گرفتار بووە و هەوڵێکی زۆری داوە کۆیان بکاتەوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبووە.
حکووومەتی ئەمریکا لە ڕابردوودا چەندین جار هۆشداری بە حکوومەتی عێراق داوە کە جڵەوی ئەو گرووپانە بکات ئەگەرنا خۆی دەستبەکار دەبێت و چارەنووسیان یەکلایی دەکاتەوە.
گرووپە میلیشیاکان لە ڕابردوودا بە دەیان جار هێرشیان کردۆتە سەر دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان لە دامەزراوەکانی وزەوە بگرە تا دەگاتە بارەگاکان و خەڵکی سڤیل و شوێنە گشتییەکان و لە دۆخێکیدا کە شەڕ تەواوی ناوچەکەی گرتۆتەوە، ئەو پێویستییە هاتۆتە کایەوە عێراق خۆی لە ئاگری شەڕ بەدوور بگرێت و پارێزگاری لە بەرژەوەندی و ئاسایشی خۆی بکات.