وەرگێڕان لە فارسییەوە:
خدر ئیبراهیم خدر
خودا خێر بێنێتە ڕێی ئێوە و ئەو دوو برایە…
هەبوو نەبوو، دوو برای هەژار و نەدار هەبوون، لە بیری ئەوەدا بوون چ بکەن، چ نەکەن تاکو خەرجی ماڵ دابین بکەن. هەردووکیان پێک هاتن کە برای بچووک لە ماڵەوە بمێنێتەوە و برای گەورەش بچیتە لای کەسێکی دەوڵەمەند و، لەلای ببێتە خزمەتکار و هەقدەستەکەی ڕەوانەی ماڵەوە بکاتەوە.
بۆیە برای گەورە هەڵسا و چووە لای کەسێکی دەوڵەمەند، تاکو ببێتە خزمەتکاری…
هەردووکیان لەسەر ئەوە پێک هاتن کە ڕێککەوتنەکەیان تا ئەوکاتە دەخایەنێت کە کۆترەشینکە دەخوێنێت و گوێیان لێی دەبێت. کابرای دەوڵەمەند مەرجێکی سەیری بۆ خزمەتکار دانا و وتی:
ـ هەرکاتێک تۆ تووڕە بوویت، دەبێت لە بەرامبەردا، وەک سزایەک، هەزار مانت بدەیتە من! ئەگەر منیش تووڕە بووم، لە بەرامبەردا هەمان بڕە پارەت دەدەمێ!
خزمەتکار وتی:
ـ من کە هەزار مانتم نەبێت، لە کوێ دەتوانم بیدەمە تۆ؟
کابرای دەوڵەمەند وتی:
ـ گرنگ نییە، لە جیاتی ئەوە، دەتوانیت بۆ ماوەی دە ساڵ بەبێ بەرامبەر وەک خزمەتکار کار بکەیت.
هەرچەندە خزمەتکار لەئاست ئەو مەرجەدا کەمێک ترسا، بەڵام بە خۆی وت:
” مەگەر چ دەقەومێت؟ هەرچییەکی بڵێن، من تووڕە نابم و تەواو… بەڵام ئەگەر خۆی تووڕە ببێت… لێگەڕێ با خودی خۆی لەو مەرجە زەرەرمەند ببێت کە دایناوە.”
بۆیە وتی:
ـ باشە، قبووڵمە…
ڕێکەوتنیان کرد و دەستبەکار بوون.
*
ڕۆژی دوواتر، بەیانیەکەی، کابرای دەوڵەمەند زوو خزمەتکاری لە خەو هەڵساند و ناردییە مەزرا تا دروێنە بکات و وتی:
ـ بڕۆ، هەتا دنیا ڕووناکە، دروێنە بکە. هەرکاتێک تاریک دهات، بگەڕێوە.
خزمەتکار سەرتاسەری ڕۆژ، لە بەیانی تاکو ئێوارە دروێنەی کرد. شەو بە ماندوویەتییەوە گەڕایەوە ماڵ. کابرای دەوڵەمەند لێی پرسی:
ـ لەبەرچی هاتوویتەوە؟
خزمەتکار وتی:
ـ ئەوەتا خۆر ئاوا بووە، بۆیە منیش هاتوومەتەوە.
کابرای دەوڵەمەند وتی:
ـ نا، بەو جۆرە نییە. من پێم وتیت تاکو دنیا ڕووناکە، دروێنە بکە. ڕاستە خۆرئاوا بووە، بەڵام ببینە مانگی برای وەدەرکەوتووە. ئەویش ڕووناکییەکی کەمی نییە…
خزمەتکار بە سەرسووڕمانەوە وتی:
ـ یانی چی؟
کابرای دەوڵەمەند لێی پرسی:
ـ ها… خەریکە تووڕە دەبیت؟
خزمەتکار کە ترسی لێ نیشتبوو، زمانی تەتەڵەی کرد و وتی:
ـ نا، نا، تووڕە نابم… تەنها دەمویست بێڵم ماندووم… نیازم بەوەیە کەمێک پشوو بدەم.
ئەوەی وت و دووبارە ڕۆیشتەوە تاکو دروێنە بکات.
*
تا مانگ ئاوابوو، خزمەتکار دروێنەی کرد. لەگەڵ ئاوابوونی مانگیشدا، خۆر هەڵات و ڕۆ ژبۆوە. خزمەتکار کە ئیدی تاقەت و توانای نەمابوو، لەناو مەزرا کەوتەسەر زەوی و دەستی کرد بە هاتوهاوار و دادوبێدادکردن:
ـ مەزرات پێ حەرام بێت، نانت هەروا، ئەو هەقدەستەش دەیدەی، هەروا…
کابرای دەوڵەمەند، بەسەر سەرییەوە ڕاوەستا و وتی:
ـ ها ؟ خەریکە تووڕە دەبێت؟ ئێستا کە تووڕە بوویت، مەرجەکەمان جێبەجێ دەبێت. ئیدی نەڵێی لەگەڵ تۆدا بێ ئینسافیم کردووە.
بەگوێرەی ڕێکەوتنەکە، خزمەتکار ناچار کرا یان وەک سزایەک، هەزار مانت بدات، یان دە ساڵ بەبێ بەرامبەر کار بکات. خزمەتکار دەستەوەستان و گیرۆدە ببوو، نە هەزار مانتی هەبوو بیدات و گیانی خۆی ڕزگار بکات. نە دەشیتوانی بۆ ماوەی دە ساڵ لە لای بنیادەمێکی لەو شێوەیە، کار بکات.
لە بیر و خەیاڵ ڕاچوو. سەرەنجام قەواڵەیەکی هەزار مانتی دایە دەست کابرای دەوڵەمەند و بە ڕووگرژی و دەستی بەتاڵەوە، گەڕایەوە ماڵەوە.
برای بچووک لێی پرسی:
ـ باشە، چ کارێکت کرد؟
برای گەورە دانیشت و هەرچییەکی بەسەری هاتبوو، ورد و درشتی بۆ گێڕایەوە.
برای بچووک وتی:
ـ شتێکی وا نییە، خۆت سەغڵەت مەکە. تۆ لە ماڵ بمێنەرەوە، ئێستا من دەچم.
*
برای بچووک هەڵسایە سەرپێ و چووە لای هەمان کابرای دەوڵەمەند و بووە خزمەتکار. کابرای دەوڵەمەند جارێکی ماوەی ڕێکەوتنەکەی تا ئەوکاتە دیاری کرد کە کۆترەشینکە لە بەهاردا دەخوێنێت. بەو مەرجەی ئەگەرهاتو خزمەتکار تووڕە بوو، دەبێت لە بەرامبەردا، وەک سزایەک، هەزار مانت بدات، یان بۆ ماوەی دە ساڵ بەبێ بەرامبەر کار بکات. هەروەها ئەگەرهاتو خۆی تووڕە بوو، هەزار مانت بدات و هەمان ڕۆژیش خزمەتکار ئازاد ببێت.
خزمەتکار ڕازی نەبوو و وتی:
ـ نا، ئەو بڕە پارەیە کەمە. ئەگەرهاتو تۆ تووڕە بوویت، دەبێت دووهەزار مانت بدەیتە من. ئەگەر منیش تووڕە بووم، دووهەزار مانت دەدەمە تۆ، یاخود بۆ ماوەی بیست ساڵ بەبێ بەرامبەر کارت بۆ دەکەم.
کابرای دەوڵەمەند کەوتە شادمانی و ڕازی بوو.
ڕێکەوتنیان کرد و ئەوجارەیان برا بچووک بووە خزمەتکار.
*
بەیانی کە دنیا ڕووناکەوە بوو، خزمەتکار لە جێگەکەی نەهاتە دەرەوە. کابرای دەوڵەمەند، لە ماڵ چووە دەرەوە. کاتێک گەڕایەوە، هێشتا خزمەتکار لە خەودا بوو.
ـ هۆی کوڕە! هەڵسە، وا نیوەڕۆیە!
خزمەتکار سەری بەرزەوە کرد و، وتی:
ـ چییە؟ خەریکە تووڕە دەبیت؟
کابرای دەوڵەمەند بە ترسەوە، وتی:
ـ نا، تووڕە نابم، تەنها دەمەوێت بڵێم دەبێت بچینە مەزرا و دروێنە بکەین.
خزمەتکار وتی:
ـ هۆی… ئێستا کە وات گوت، باشە دەچین، ئەو پەلەپەلەت لە چییە؟
دواجار، خزمەتکار هەڵسا و خۆی بە کەوشەکانیەوە خەریک کرد تا لەپێیان بکات. کابرای دەوڵەمەند چووە دەرەوە. کاتێک گەڕایەوە، خزمەتکار خەریکی لەپێکردنی کەوشەکانی بوو. بۆیە وتی:
ـ هۆی کوڕە، زوو کە کەوشەکانت لە پێ بکە.
خزمەتکار وتی:
ـ چییە، خۆ تووڕە نەبوویت؟
کابرای دەوڵەمەند وتی:
ـ نا تووڕە نەبوومە، تەنها دەمەوێت بڵێم وەدرەنگ کەوتووین…
خزمەتکار وتی:
ـ بەڵێ… ڕاست دەکەیت، ئەگینا مەرجەکەمان جێبەجێ دەبێت.
تا خزمەتکار کەوشەکانی لە پێ کردن، بووە نیوەڕۆ. بۆیە وتی:
ـ ئیدی وەختی دروێنە نییە، دەبینی هەمووان خەریکن نانی نیوەڕۆ بخۆن. با ئێمەش نانی نیوەڕۆ بخۆین. دوواتر کار دەکەین…
دانیشتن و نانی نیوەڕۆیان خوارد. پاش نانخواردن، دیسان خزمەتکار وتی:
ـ مادام کار دەکەین، پێویستە کەمێک بخەوین و پشوو بدەین. ئەگینا…
ئەوەی وت و سەری خستە سەر گژوگیاکە و تاکو شەو خەوت. کابرای دەوڵەمەند کە نائومێد ببوو، دەستی کرد بە هاتوهاوار و وتی:
ـ هەڵسە، ئیدی تاریک داهاتووە. هەمووان لە دروێنە بوونەوە، تەنها بەرهەمەکەی ئێمە ماوە دروێنە بکرێت. ملی ئەو کەسە بشکێت، تۆی ناردە ئێرە. هەرچییەکی خواردووتە و هەرچییەکی کردووتوە، لێت حەرام بێت… چاک گیرۆدە بووم!
خزمەتکار سەری بەرز کردەوە و وتی:
ـ چییە، ناشێ تووڕە بووبێتی؟
کابرای دەوڵەمەند وتی :
ـ نا، تووڕە نەبوومە، مەبەستم ئەوەیە تاریک داهاتووە، کاتیەتی بگەڕێینەوە ماڵەوە.
خزمەتکار وتی :
ـ باشە… ڕاست دەکەیت، با بڕۆینەوە، ئەگینا دەزانیت مەرجەکەمان چییە؟ گوناهەکە دەکەوێتە ئەستۆی ئەو کەسەی تووڕە دەبێت؟
*
کاتێک گەڕانەوە ماڵەوە، بینییان میوانیان هاتووە، کابرای دەوڵەمەند، خزمەتکاری ڕەوانە کرد و وتی:
ـ بڕۆ مەڕێک سەر ببڕە…
خزمەتکار وتی:
ـ کامیان سەر ببڕم؟
کابرای دەوڵەمەند وتی:
ـ هەر کامێکیانت بینی، سەری ببڕە؟
خزمەتکار ڕۆیشت. پاش کەمێک هەواڵیان بە کابرای دەوڵەمەند دا و وتیان:
ـ لەبەرچی دانیشتوویت، خزمەتکارەکەت هەموو مەڕەکانی سەربڕیون!
کابرای دەوڵەمەند بە پەلەپەل ڕۆیشت و بینی ڕاستە، هەرچی مەڕە هەیەتی، خزمەتکار سەری بڕیون. بۆیە کێشای بە تەپڵەسەری خزمەتکاردا و هاواری کرد:
ـ ئەی خوانەناس، ئەوە چیت کردووە؟ دەک ماڵت وێران بێت، وەک ماڵی منت وێران کرد…
خزمەتکار بە خوێنساردییەوە وەڵامی دایەوە:
ـ خۆت وتت هەر کامێکیانت بینی، سەری ببڕە. منیش هاتم هەموویانم بینی و سەرم بڕین. ئیدی هیچ کارێکی نابەجێم نەکردووە. بەڵام پێم وایە تۆ خەریکە تووڕە دەبیت؟
کابرای دەوڵەمەند وتی:
ـ نا، تووڕە نابم، تەنها لەوە بەداخم ئەو هەموو ماڵ و سەروەتەم لەکیس چوو…
خزمەتکار وتی :
ـ باشە، کەوایە، ئەگەر تووڕە نابیت، هەر خزمەتکار دەبم!
*
کابرای دەوڵەمەند کەوتە بیرکردنەوە لەوەی چۆن لەدەست ئەو خزمەتکارە ڕزگاری ببێت. ماوەی ڕێکەوتنەکە، تا ئەوکاتە بوو کە کۆترەشینکە لە بەهاردا بجریوێنێت. لەکاتێکدا ئێستا، تازە بە تازە زستان بوو. تا بەهار دەهات و کۆترەشینکە دەکەوتە گمەگم و گماندن، زۆری مابوو…
دەستیکرد بە بیرکردنەوە و بیرێکی بە مێشکدا هات. هاوسەرەکەی لەگەڵ خۆیدا بردە دارستان و ڕایسپارد هاوشێوەی دەنگی کۆترەشینکە بخوێنێت. ئینجا بۆ خۆی گەڕایەوە و، بە بیانووی ڕاو و شکار، خزمەتکارەکەی لەگەڵ خۆیدا بردە دارستان. کاتێک گەیشتنە دارستان، هاوسەرەکەی لە بەرزایی درەختێکەوە وەک کۆترەشینکە گماندی.
کابرای دەوڵەمەند بە خزمەتکاری وت:
ـ چاوت ڕوون، کۆترەشینکە گماندی. ڕێکەوتنەکەی تۆش، کۆتایی هات…
خزمەتکار لە فێڵی کابرای دەوڵەمەند تێگەیشت و وتی:
ـ نا، کێ بیستوویەتی لەو سەروەختی ساڵەدا، کە زستان لەنیوەیدایە، کۆترەشینکە بخوێنێت. دەبێت فیشەکێک بنێم بەو کۆترەشینکەوە، ئەوە چ جۆرە کۆترەشینکەیەکە…
ئەوەی وت و بە تفگەنگەکەی نیشانی لە درەختەکە گرت. کابرای دەوڵەمەند بە هاتوهاوار و داد و بێدادەوە، پێشی پێگرت:
ـ ئای وای… بۆ خاتری خوا نەیتەقێنیت… چ ڕۆژێک بوو، ئەو ڕۆژەی تۆم بینی. ئەوە چ بەڵایەک بوو بەسەرم هات!
خزمەتکار وتی:
ـ چییە، ناکا بتەوێت تووڕە ببیت؟
کابرای دەوڵەمەند وتی:
ـ ئەرێ برالە، ئیدی بەسە، ئامادەی هەر سزایەکم و هەرچی لەسەرم پێویستە، دەتدەمێ، تا ڕزگارم بێت لە دەستت. ئەوە مەرجی من بوو، دەبێت بە خودی خۆم ستەم و ناهەقییەکەی لەئەستۆ بگرم. ئێستا لە واتای ئەو پەندەی پێشینان تێدەگەم کە دەڵێت: “هەرچییەکی بکەیت، بەخۆتی دەکەیت.”
بەم شێوەیە، کابرای دەوڵەمەند هۆشی هاتەوە سەر خۆیی و برای بچووک قەواڵەی قەرزی برا گەورەکەی دڕاند. وەک سزایەکیش هەزار مانتی وەرگرت و گەڕایەوە ماڵەوە.
سەرچاوە:
فصلنامە فرهنگی پیمان، شمارە (٨٥)، ساڵ بیستودوم، پائیز ١٣٩٧.
مترجم فارسی: ورژیک محمودی

