رۆژنامەی ھەولێر

بارسێلۆنا داوای عومەر مەروش لە مانچێستەر سیتی دەكات

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

 

لە 24 كاتژمێری رابردوو هەواڵی رازیبوونی مانچێستەر سیتی بۆ دەستبەرداربوون لە عومەر مەرموش لە بەرژەوەندی بارسێلۆنا بووەتە بابەتی گەرمی میدیایەكانی ئیسپانیا و بەریتانیا. لە لایەكی دیكەیشەوە، ریال مەدرید ئۆفەرێكی خەیاڵی بۆ نوێكردنەوەی گرێبەستی ڤینسیۆس جۆنیۆر ئامادە كردووە. پێكانەكەی فرانكی دی یۆنگیش زۆر لەوە قورسترە كە پێشبینی دەكرا.

عومەر مەرموش بووەتە ئامانجی یانەی بارسێلۆنا
رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی بڵاویکردەوە، عومەر مەرموش هێرشبەری میسڕی یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی، بووەتە ئامانجی یانەی بارسێلۆنا و ئەو یانەیە دەیەوێت هاوینی داهاتوو، ئەو هێرشبەر بگوازێتەوە ریزەکانی، بەڵام کارگێڕی یانە ئینگلیزیەکە ئامادەیە دەستبەرداری هێرشبەر مسڕییەکەی بێت، بە مەرجێك ئۆفەرێكی باشی بۆ بێت.
لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەکانی ئینگلاندیش بڵاویان کردووەتەوە، هەر یەک لە یانەکانی تۆتێنهام و ئاستۆن ڤیلا و گاڵاتاسارای تورکیا گرنگی بە تواناکانی ئەو یاریزانە مسڕییە دەدەن.
عومەر مەرموش یاریزانی هەڵبژاردەی مسڕ، هاوینی ساڵی رابردوو بەرامبەر 75ملیۆن یۆرۆ، لە ریزەکانی یانەی ئێنتراخت فرانکفۆرتی ئەڵمانی پەیوەندی بە مانچێستەر سیتی کرد، ئەو یاریزانە ئەم وەرزە لەگەڵ ستیزن بەشداری 24 یاریکردووە و تەنها چوار گۆڵ و دوو ئاسیستی هەیە.

ریال مەدرید سوپرایزی بۆ ڤینسیۆس هەیە
رۆژنامەی ئێل دێباتێ ئیسپانی ئاشکرای کردووە، کارگێڕی یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانیا لەگەڵ ڤینیسیۆس جونیۆر هێرشبەری بەڕازیلی یانەکەی، لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی گەیشتووەتە رێککەوتن و پێشکۆتایی هاتنی ئەم وەرزە، گرێبەستی ئەو یاریزانە بەڕازیلیە بۆ ماوەی سێ ساڵی دیکە واتە تاوەکو هاوینی ساڵی 2030 نوێ دەکرێتەوە.
سەرچاوەکە بڵاویشی کردووەتەوە لە گرێبەستە نوێیەکەی ڤینیسیۆس مووچەی ساڵانەی بۆ 22 ملیۆن یۆرۆ زیاد دەکرێت و لەگەڵ پاداشتەکانیش دەگاتە نزیکەی 27 ملیۆن یۆرۆ.
ڤینیسیۆس جونیۆر هاوینی ساڵی 2018 بەرامبەر 45 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی ریاڵ مەدرید کردووە و ساڵی داهاتوو گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی کۆتایی دێت، چەندین یانەش ئامادەن ئەو یاریزانە بە پارەیەکی خەیاڵی بگوازنەوە ریزەکانیان.

رۆبن ئامۆریم ده‌بێته‌ راھێنه‌ری ڤاسكۆ دی گاما
رۆژنامه‌ی زه‌ سه‌نی به‌ریتانی بڵاویكرده‌وه‌ رۆبن ئامۆریم یه‌كێكه‌ له‌ بژارده‌كانی بوون به‌ راھێنه‌ری یانه‌ی ڤاسكۆ دی گامای به‌رازیلی. رۆژنامه‌كه‌ ئاشكرای كردووه‌ دوای ده‌ركردنی فێرناندێز دینیز ئێستا ڤاسكۆ دی گاما به‌دوای راهێنه‌رێك ده‌گه‌ڕێت و رۆبن ئامۆریمیش یه‌كێكه‌ له‌ بژارده‌كان. رۆژنامه‌ به‌ریتانییه‌كه‌ بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ ئامۆریم به‌هۆی ئه‌وه‌ی پۆرتوگالییه‌ و زمانی فه‌رمی به‌رازیلیش پۆرتوگالییه‌ هیچ كێشه‌یه‌كی بۆ راهێنه‌رایه‌تیكردنی ڤاسكۆ دی گاما نابێت. رۆبن ئامۆریم دوای 14 مانگ له‌ ناوه‌ڕاستی ئه‌م وه‌رزه‌ له‌ راهێنه‌رایه‌تیكردنی مانچێسته‌ر یونایتد دوورخرایەوه‌، كه‌ راهێنه‌ره‌ پۆرتوگالییه‌كه‌ سه‌رپه‌رشتی 63 یاریی مان یونایتدی كرد و 25 سه‌ركه‌وتن و 15 به‌رامبه‌ربوون و 23 دۆڕانی تۆمار كرد.

پێكانەكەی فرێنكی دی یۆنگ قورسە
دوای ئەوەی یانه‌ی بارسێلۆنا له‌ به‌یاننامه‌یه‌كی فه‌رمی رایگه‌یاند، فرێنكی دی یۆنگ تووشی پێكان بووه‌وه‌ و ماوه‌یه‌ك له‌ یارییكردن دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌،
بارسێلۆنا رایگه‌یاند بوو دی یۆنگی ناوه‌ڕاستكاری هۆڵه‌ندی له‌ ماسوله‌كه‌كانی قۆڵی راستی تووشی پێكان بووه‌ و چاكبوونه‌وه‌شی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر یاریزانه‌كان.
رۆژنامه‌ی سپۆرتی كه‌ته‌لۆنی بڵاویكرده‌وه‌ پێكانه‌كه‌ی دی یۆنگ ئاسان نییه‌ و چوار بۆ شه‌ش هه‌فته‌ی پێویستە بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێته‌وه‌ یارییكردن.
بەڵام رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆ لە راپۆرتێكدا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە پێكانەكەی دی یۆنگ زیاتر لە مانگێكی پێویستە. دی یۆنگ له‌م وه‌رزه‌ به‌شداری 31 یاریی كردووه‌ و گۆڵێك و حه‌وت ئه‌سیستی هه‌یه‌ و به‌هۆی پێكانیش به‌شداری حه‌وت یاریی ئه‌م وه‌رزه‌ی نه‌كردووه‌.

ئەشرەف حەكیمی بە تۆمەتی دەستدرێژی تاوانبار دەكرێت
ئەشرەف حەکیمی بەرگریکاری مەغریبی یانەی پاریس سانجێرمانی فەڕەنسا، بە تۆمەتی دەستدرێژی کردنە سەر ئافرەتێک بانگهێشتی دادگای تاوان دەکرێت.
رادیۆی مۆنتی کارلۆی فەڕەنسی بڵاویکردووەتەوە، ئەشرەف حەکیمی بەرگریکاری مەغریبی یانەی پاریس سانجێرمان، بە تۆمەتی ئەوەی لە ساڵی 2023 و لە ماڵەکەی خۆی، دەستدرێژی کردووەتەوە سەر ئافرەتێکی 23 ساڵان، لەلایەن دادگای تاوانەکان لە شاری پاریس بانگهێشت کراوە، بۆ ئەوەی لێکۆلینەوەی لەگەڵدا بکرێت.
دوای بڵاوبونەوەی ئەو دەنگۆیانە ئەشرەف حەکیمی لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەمڕۆ تۆمەتی دەستدرێژی بەسە بۆ پاساودانی دادگاییکردن، هەرچەندە من بە هەموو شێوەیەک ئەو دەنگۆیە رەتدەکەمەوە و هەموو شتێک دەیسەلمێنێت کە درۆیە. ئەمە چەندە ناڕەوایە بەرامبەر بە بێتاوانەکان، ئەوەندەش ناڕەوایە بەرامبەر بە قوربانییە ڕاستەقینەکان. من بە هێمنی چاوەڕێی ئەم دادگاییکردنە دەکەم، کە ڕێگە دەدات ڕاستییەکان ئاشکرابن.