رۆژنامەی ھەولێر

جەنگ و ئەنجامەکان

فازڵ میرانی

هیچ جەنگێک بێ ئەنجام هەڵناگیرسێت، وەک چۆن هیچ جەنگێک بێهۆکار ڕوونادات؛ نە ئەنجامەکان هەمیشە دڵخۆشکەرن و نە هۆکارەکانی جەنگیش هەمیشە ڕوون و ئاشکران. تەوەرەی هەموو جەنگێک بەرژەوەندییە؛ بەرژەوەندییەکانیش توخمێکی جێگیر و فاکتەرێکی گۆڕاون و هاوتەریبن لەگەڵ هەر پرسێکدا کە بەرژەوەندییەکی تێدا بێت. دەگمەنە ڕژێمەکان لە کاتی جەنگدا پابەندی یاسا کارپێکراوەکان بن، چونکە فاکتەرەکانی هێز و باڵادەستی و تەماحی گەیشتن بە ئامانج، ڕەنگە پەردەپۆشی هەر کۆتوبەندێکی یاسایی یان مرۆیی بکەن، کە حوکم بەسەر دەنگی چەک و ئامانجی نیشانەکانیاندا دەکات.
پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ئێران لە دوای بەجێهێشتنی تاران لە لایەن ڕەزا پەهلەوییەوە لە کانوونی یەکەمی ١٩٧٩دا، بە چەندین دەیەی پڕ لە گرژی تێپەڕیوە. لەو کاتەوە هاوپەیمانییە کۆنەکە گۆڕاوە بۆ دوژمنایەتییەک، کە کەمتر هێوری بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام نەگەیشتووەتە ئاستی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی فەرمی مەگەر لەم دواییانەدا نەبێت. سەرەڕای زۆریی ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکان دژی یەکتری و ئامادەیی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ناڕاستەوخۆ (بە وەکالەت) لە ناوچە گەرم و تەنانەت ناوچە هێمنەکانیشدا، بەڵام صاعیقەی بۆمبەکان تەنیا دوای چەندین دەیە تەقینەوە. ئێران کە هەوڵی بنیادنانی پێگەی بەرگریی سیاسی و سەربازیی دا، لە بەرامبەردا ڕووبەڕووی پلانی دژبەری نەیارەکانی بووەوە، چ لە ڕێگەی ڕووبەڕووبوونەوەی پەل و پۆکانی و چ لە ڕێگەی دروستکردنی تۆڕێک لە دەوروبەری.
پێگەی کاریگەری جوگرافیی ئێران، یەکەمین هۆکاری گومانی سیستەمی نێودەوڵەتییە کە هەمیشە ئەم پرسیارە لەپشتە: “کێ حوکمی ئەو وڵاتە دەکات؟”. ئەم قسەیەش نە نهێنییە و نە لایەنگریی تێدایە؛ چونکە ئێمە هەمیشە لەبەردەم هاوکێشەگەلێکدا بووین و هەین کە بۆ هێزە ناکۆکەکان دەستکەوت بەدی دەهێنن یان دەبنە هۆی زیان لێدان لێیان. لە سیاسەت و داڕشتنی بەرنامەکانیدا شوێنێک بۆ هەڵە نییە، ئەگەر هەڵەش ڕوو بدات، ئەوا باجەکەی بەو شێوەیە دەبێت کە لایەنی سەرکەوتوو دەیسەپێنێت. تەنانەت ئەگەر فاکتەرە کۆمەڵایەتییەکانی گەلانی ناوچەکە و سیستەمی بەهاکانیشیان لەبەرچاو بگرین، بەڵام جەنگ دەرەنجامی خۆی هەیە کە ئامرازەکانی (زانستی سەربازی، هەوڵی ئەمنی و تێچووەکان) دەیسەلمێنن بۆ گەیشتن بە ئامانج. جیاوازییەکی زۆر لەنێوان تێڕوانینی هەردوو لایەنی ململانێکەدا هەیە؛ هەروەها جیاوازییەکی زۆر لە پاساو و لێکدانەوە و تەنانەت ئەو ناوانەش هەیە کە لایەنەکان لە یەکتری دەنێن. هەرچەندە فاکتەرە جیاوازەکان لە هەندێک بارودۆخدا دەبنە هۆکاری لێک نزیکبوونەوە، بەڵام لە کاتی ململانێدا دەبنە کەرەستەی سەرەکی بۆ هێرشکردنە سەر نەیار؛ ڕەگەز، بیروباوەڕ، پڕۆژەی سیاسی و مێژووەکەی، دەبنە کەرەستەیەکی پڕوپاگەندەی کاریگەر لە هاوکێشەکانی جەنگدا.
ئێران دەوڵەتێکی کاریگەرە لە ناوچەکەدا و کاریگەرییەکەی بە ئاسانی کەم نابێتەوە، ئەمریکاش جڵەوی بەهێزترین جەمسەری بڕیاری نێودەوڵەتیی بەدەستە، ئیسرائیلیش بە هەمان شێوە؛ پێکدادانی ئەم دەوڵەتانە لێکەوتەکانی دەگەنە هەموو ڕەهەندەکانی ژیانی گەلانی ناوچەکەمان. تێکەڵبوونی ئابووری و جوگرافی لە ناوچەیەکدا کە دوو هەژموونی تێدا بەشەڕ دێن، پێویستی بە داناییەکی یەکجار ورد هەیە بۆ ئەوەی هاوکێشەی بەردەوامی و سەلامەتی بخەمڵێندرێت؛ چونکە ڕژێمەکان هەمیشە لە پاراستنی ئەو قەوارەیەدا تاقی دەکرێنەوە کە گەل و بەرژەوەندییەکانیان پێکی دەهێنن، دەگمەنیشە لە کاتی پێویستدا داناییەکی لەو شێوەیە دەربکەوێت. وەک چۆن لە سەرکەوتنی هەر ڕژێمێکدا بنەڕەتییە کە جێگرەوەیەک پێشکەش بکات ئەگەر شوێنەکەی چۆڵ بوو، ئەوا ئەوەی گرنگترە ئەوەیە کە هەر ڕژێمێک بە شێوەیەکی بێلایەنانە لە توخمەکانی هێزی خۆی و هێزی نەیارەکەی تێبگات، و پێش هەموو ئەمانەش، لە هۆکار و باج و ئەنجامەکانی ململانێکە بگات.