كارزان گلی – ههولێر
پارتی داد و گەشەپێدان (ئاكەپە)، لەوەتەی هاتووەتە سەر دەسەڵات لە ٢٠٠٢، چەندین هاوپەیمانیی بەستووە، قسەی جیدیش لەسەر هاوپەیمانیی نێوان ئاكەپە و دەم پارتی دەكرێت، ئەمەش لە كاتێكدایە ماوەی زیاتر لە ١٠ ساڵە ئەو دوو پارتە دژایەتی یەكتری دەكەن.
دوای ئەوەی راپۆرتی كۆمیسیۆنی (پاڵپشتی میللی و برایەتی و دیموكراتی) لەناو پەرلەمانی توركیا دەنگی لەسەر درا، كە تایبەت بوو بە چارەسەری پرسی كورد و چۆنیەتیی چەكدانانی پەكەكە، دەنگۆ هەیە لە هەنگاوی داهاتوو یاسای تایبەت بۆ ئەو پرسە دەربكرێت، لەناو ئەو یاسایانەدا هاوكێشەی سیاسییش گۆڕانی بەسەردا دێت و هاوپەیمانیی تازە دێتە بوون، باسیش لە هاوپەیمانییەكی تازەی نێوان ئاكەپە و دەم پارتی دەكرێت.
ئەحمەد بیوكگوموش، جێگری سەرۆكی ئاكەپە، لە دیمانەیەكدا بۆ كەناڵی تەلەڤزیۆنی (7)، باسی لەوە كرد، لە داهاتوویەكی نزیك هاوپەیمانییەکی تازە دروست دەبێت.
لەبارەی ئەوەی ئایە ئەو هاوپەیمانییە تازەیە، هاوپەیمانیی نێوان ئاكەپە و دەم پارتی دەبێت؟ لە وەڵامدا گوتی: ”هەر لایەنێك ئێمە بەهێز بكات، ئێمە لەگەڵ ئەودا هەنگاو دەنێین، ئەگەر باس لە دەم پارتی دەكەیت، ئێمە لەگەڵ ئەو پارتە دەگەیەنە كوێ، ئەمە كات دەریدەخات.“
ئەم گوتانەی ئەو بەرپرسەی ئاكەپە، رێگەی خۆش كرد تا میدیاكانی توركیا باس لە هاوپەیمانیی نێوان ئاكەپە و دەم پارتی بكەن، بەتایبەت دوای ئەوەی شاندی دەم پارتی سێجار چاوپێكەتنیان لەگەڵ رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا ئەنجام داوە.
بەرپرسێكی باڵای ئاكەپە، كە نەیویستووە ناوی خۆی ئاشكرا بكات، قسەی بۆ ئاژانسی (DW)ی توركی كردووە، دەڵێت بۆ هاوپەیمانیی نێوان ئاكەپە و دەم پارتی، دەبێت بزانین بنكەی جەماوەری ئەو دوو پارتە چی دەڵێن؟ ئایە پێشوازی لە هەنگاوێكی لەو شێوەیە دەكەن؟
ئەو بەرپرسە دەڵێت: ”ئاكەپە لە ٢٠٠٢ەوە تاوەكوو ئێستا، بەگوێرەی كات و پێویستی، چەندین هاوپەیمانیی دروست كردووە و ئەنجامیشی هەبووە، بۆ نموونە لە ٢٠٠٢ تا ٢٠٠٧، لەگەڵ توێژی لیبرالەكاندا هاوپەیمانیی دروست كرد. ئەردۆغان لە ٢٠٠٥دا لە وتارێكدا لە ئامەد داوای لە كوردەكان كرد بێنە ناو ئەو هاوپەیمانییە، لە مووش و ئامەد و هەكاری، كوردەكان هاتنە ناو ئەو هاوپەیمانییە و ئەنجامەكەشی بۆ ئاكەپە زۆر باش بوو و تەنانەت كاریگەریی لەسەر ریفڕاندۆمی ٢٠١٠یش هەبوو.“
لە هەڵبژاردنی ٢٠٠٢٧، ئاكەپە لە رێگەی چەند بەربژێرێكی سەربەخۆ لە ئامەد و مووش و هەكاری بەشداری هەڵبژاردنی كرد، توانی ١٠ كورسی پەرلەمان مسۆگەر بكات. هەروەها لە ریفڕاندۆمی ٢٠١٠دا، بزوتنەوەی خزمەتیش هاتنە ناو ئەو هاوپەیمانییە و توانی سەركەون، بەڵام بەهۆی رووداوەكانی گەزی پارك لە ئیستانبۆڵ، كوردە لیبراڵەكان لەو هاوپەیمانییە هاتنە دەرەوە و پاشان گولەنییەكانیش هاتنە دەرەوە.
لە ٢٠١٦ نەتەوەپەرستەكان شوێنی ئەو لیبراڵانەیان بۆ ئاكەپە گرتەوە، دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنی ٢٠١٥، ئاكەپە زۆرینەی لەدەستدا و توركیا چووە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختە، مەهەپە هاوپەیمانیی لەگەڵ ئاكەپەدا ئەنجامدا بەناوی هاوپەیمانیی (كۆماری) و تاوەكوو ئێستاش ئەو هاوپەیمانییەیان بەردەوامە و بەهێزتریش بووە.
تاوەكوو ئێستا لەلایەن دەم پارتییەوە هیچ قسەیەك لەبارەی هاوپەیمانییان لەگەڵ ئاكەپە نەكراوە، بەڵام روونە دەم پارتی نیگەرانییەكی زۆری لە ئۆپۆزسیۆنی توركیا هەیە، بەتایبەت جەهەپە، چونكە جەهەپە رەتی كردەوە ئەندام بنێرێت بۆ ئیمرالی و لەبارەی پرسی چارەسەری كورد قسە لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان بكەن، ئەمە نەك تەنیا بەرپرسانی دەم پارتی، بەڵكوو بنكەی جەماوەری دەم پارتیشی نیگەران كرد، بۆیە ئیبراهیم ئوسلو، لێكۆڵەری سیاسی پێی وایە، دەم پارتی لە ئۆپۆزسیۆن دوور كەوتووەتەوە.
ئوسلو دەڵێت: ”بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، دەم پارتی وەكوو پارتێكی سەربەخۆ دێتە ناو هەڵبژاردن و بەهیچ شێوەیەك لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا پشگیریی لە بەربژێری جەهەپە ناكات. نزیكبوونەوەی دەم پارتی لە پارتی دەسەڵات زۆر ئاسان بووە، ئەمە سیناریۆیەكی بەهێزە كە باس لە هاوپەیمانیی نێوان دەم پارتی و ئاكەپە دەكرێت.“

