عومەر چنگیانی
بابەتی پێش نیازكراوی بۆردی باڵای ئامادەكردنی گوتاری هەینیی بۆ مامۆستایان تا لە 27ی شوباتی 2026 بیری مسوڵمانانی بێننەوە، تیشك خستنە سەر باسی “ڕۆژوو (رۆژگ) و قورئان لە قیامەت شەفاعەت دەکەن” بوو كە هەر لە سەرتاوە دوای خوێندنەوەی ئایەتی 183 ی سورەتی(ئەلبەقەرە)، كە دەفەرمێت: (خودای گەورەی کاربەجێ و باڵادەست ڕۆژووی لەسەر فەرز کردووین بۆ بەدیهێنانی ئامانجێکی گەورە و بەرهەمێکی شکۆدار، ئەویش “تەقوا” و پارێزگارییە) ئایەتی 185ـی سوورەتەكەمان هێنایەوە بیری بڕواداران كە دەفەرمێت: (مانگی ڕەمەزان ئەو مانگەیە كە خوای گەورە قورئانی تێدا ناردۆتە خوارەوە – بەمانا گەورەترین پیرۆزاییەکەی مانگەكە لەوەدایە كە قورئانی تێدا ناردۆتە خوارەوە – ئەو قورئانەی كە ڕێنماییكارە بۆ مەردمیەل و ڕوونكەرەوە و نیشاندەری ڕێگای ڕاست و بەرچاوڕۆشنییە و لە توولەڕێگاكان جودای دەكاتەوە). پێغەمبەری خۆشەویستیشمان، دروود و سەلامی خوای لەسەر، دەفەرمێت: (ڕۆژوو و قورئان لە ڕۆژی سەڵا دەبنە تكاكار!
ئەو ڕۆژووەی شەفاعەت بۆ خاوەنەکەی دەکات. . .
بەڕاستی ڕۆژوو پلەوپایەیەکی مەزنی لای خوای گەورە هەیە؛ چونکە خواپەرستییەکی پاکه بۆ گوێڕایەڵیکردن، کە خوای گەورە بێ حیساب پاداشتی دەداتەوە.
پێغەمبەریش دروود و سەلامی خوای لەسەر، هەواڵی پێ داوین کە ڕۆژوو لە ڕۆژی دواییدا وەک شەفاعەتکارێک بۆ خاوەنەکەی دێت.
ئەم شەفاعەتە مەزنەش تەنها بۆ بەڕواڵەت خۆگرتنەوە نییە لەو شتانەی ڕۆژوو دەشکێنن، بەڵکو بۆ کەسێکە کە ڕۆژوویەکی هەقیقی و راستەقینەی گرتووە و پاراستوویەتی لە قسەی بێهوودە و خراپە و تاوان. کەواتە ڕۆژوو «قەڵغانە»، واتە: پارێزەر و قەڵایەکە لە ئاگر، ئەگەر باوەڕدار بیپارێزێت و بە دڵسۆزییەوە پێی لە خوا نزیک ببێتەوە.
پەیوەندیی قورئان بە مرۆڤەوە و شەفاعەتکردن بۆی…
قورئانی مەزن پەتی پتەوی خوایە و، شەفاعەتکارێکی وەرگیراوە. قورئان شەفاعەت بۆ کەسێک دەکات کە لە کاتەکانی شەو و ڕۆژدا پێی هەستاوە و دەیخوێنێت؛ بۆ ئەو کەسەی وا کردوویەتی بە هاوڕێ و هاودەمی خۆی.
چۆن وا بکەین ڕۆژوو و قورئان شەفاعەتمان بۆ بکەن؟
یەکەم/ ڕۆژووی ئەندامەکانی لەش و مەبەستەکان: شەفاعەتی ڕۆژوو تەنها بە دوورکەوتنەوە لە خواردن و خواردنەوە بەدی نایەت، بەڵکو بەو ڕۆژووە بەدی دێت کە ئادابە شەرعییەکانی تێدا ڕەچاو دەکرێت. ڕۆژووی شەفاعەتکار ئەو ڕۆژووەیە کە زمان لە غەیبەت و قسەهێنانوبردن دەپارێزێت و، ئەندامەکانی لەش لە گوناهـ دەپارێزێت.
دووەم/ هاوڕێیەتی ڕاستەقینەی قورئان: شەفاعەتی قورئان، پێویستی بە پێکەوەبوونێکی هۆشیارانە هەیە ئەم هاوڕێیەتییەش تەنها ڕیزکردنی پیتەکان نییە، بەڵکو تێڕامانە لە ماناکانی و، شیکردنەوەی حەڵاڵ و حەرامەکانە و، جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانیەتی. هەرکەسێک بە کردار و بە گوفتار لەگەڵ قورئاندا بژی، ئەوا قورئان دەبێتە بەڵگەیەک لە بەرژەوەندیی وی، نەک لە دژی.
سێیەم/ پێکەوەگرێدانی ڕۆژگەوانی و قورئانخوێندن: کۆکردنەوەی هەردووکیان پاداشتەکە دوو هێندە دەکات؛ پێشینە چاکەکان، ڕەحمەتی خوایان لێ بێ، ڕۆژگ و قورئانیان کۆ دەکردەوە، هەر کەسێک بە ڕۆژ بەڕۆژوو بێت و شەویش بە قورئانخوێندن دڵی زیندوو بکاتەوە، ئەوا هۆکارەکانی شەفاعەتی لە هەموو لایەکەوە بەدەستهێناوە.
خوایە گیان بمانکە بەو کەسانەی گوێ لە قسە دەگرن و شوێنی باشترینەکەی دەکەون، ڕۆژگ و قورئان بکە بە دوو شەفاعەتکار بۆمان لە ڕۆژی دواییدا.
تێبینی: دكتۆر عەبدولفەتاح ئەندامی بۆرد بە عەرەبی گوتارەكەی نووسیوە و مامۆستا وەزیر باپیر كورداندی و منیش وەرگێڕانم بۆ ئایەت و فەرموودەكان كرد و كردمنە زمانی نووسین.

