رۆژنامەی ھەولێر

دەستەی خــــــــــــولی ئەمریكی، مشتومڕێك لەسەر مێسی یەكلا دەكاتەوە

مامەیارە ئەحمەد – هەولێر

 

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

پێدری یاسایەكی هانز فلیك ئاشكرا دەكا و دەشڵێ یامال لە ڕەمەزاندا خووی خۆی گۆڕیوە
یاریزانی ناوەڕاستی یانەی بەرشلۆنە پێدری، ناوی یاریزانێك دەهێنێ كە تیپەكەی دەیەوێ لە ڕیاڵ مەدریدی ڕكەبەری دێرینیەوە بیباتە ریزەكانی، هەروەك باس لە خووی لامین یامال لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا دەكات.
پێدری لە بەرنامەی تەلەڤزیۆنیی ئیل – هۆرمیگوێرۆدا رایگەیاند: بڕوام بەوەیە كە بەرشلۆنە هەموو ئەو شتانە دەباتەوە كە لە نێو دەستماندایە، مادام ئێمە لە ڕكەبەریداین.
باسی لەوەش كرد: هانز فلیك راهێنەرێكی لێهاتووە، لە كاتێكدا لە ژووری جلگۆڕیندا ڕێوشوێنی وردی سەپاندووە، ئەو ڕژد و جدییە لەسەر پابەندی ب كات و وادەكان.
باسی لەوەش كرد، كە حەزی لێیە جلەكانمان لە زەوییەوە هەڵبگرین، گەر دواشبكەوین، دەبێ ڕۆژی یارییەكە پارە وەكوو سزا بدەین، خۆ ئەگەر 20 خولەك دوابكەوی، باشترە لە ماڵەكەت بمێنیتەوە.
باسی لەوەش كرد: سزای دواكەوتن بۆ 10 خولەك 40 هەزار یۆرۆیە، بەڵام گەر ڕۆژی یاری دوابكەوی، واتە كەمیی تەركیز، من لەوانەم كە زۆر زوو دەگەمە شوێنی مەبەست.
لە بارەی ئەو یاریزانەی ریاڵ مەدرید، كە پێی خۆشە یانەكەی گرێبەستی لەگەڵدا بكا، وتی: دەكرێ كیلیان ئمباپێی فەرەنسی هەڵبژێرم.
لە بارەی ئەو یاریزانانەی زۆرترین هەرا و ژاوەژاوە لە ژووری جلگۆڕین دروست دەكەن، پێدری وتی: كۆندێ و ئۆلمۆ، لەگەڵ گۆرانییەكانی لامین یامال، بەڵام لە مانگی ڕەمەزاندا گۆڕاوە، ئێستە ئەو ڕۆڵە ناگێڕێ.

دەستەی خولی ئەمریكی، مشتومڕێك لەسەر مێسی یەكلا دەكاتەوە
دەستەی خولی تۆپی پێی ئەمریكی، لەبارەی پێشهاتێكی مشتومڕهێنەر لەسەر لیۆنێل مێسیی ئەستێرەی ئەرژەنتینیی یانەی ئینتەر مەیامی، گەیشتە بڕیارێك.
یانەی ئینتەر مەیامیی خاوەن ناسناوی خولی تۆپی پێی ئەمریكا، وەرزەكەی بە شكستێكی گەورە لە بەردەم 75 هەزار هاندەردا لە یاریگەی لۆس ئەنجلێس تووش هات.
یانەی لۆس ئەنجلێس ئێف سی بە گۆڵێكی دەیڤید مارتینیز لە خولەكی 38ـدا پێش كەوت، یاریزان دینیس پوانگا لە خولەكی 73ـدا گۆڵی دووەمی تۆمار كرد، پێش ئەوەی لە خولەكی 94ـدا ناسان ئۆرداز سەركەوتنەكە گەورەتر بكا بە گۆڵی سێیەم.
دوای ماوەیەكی كەم لە یارییەكە، گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاو بووەوە كە تێیدا دەردەكەوێ لیۆنێل مێسی هەوڵ دەدا بچێتە ژووری جلگۆڕینی ناوبژیوانان، بەڵام لویس سوارێزی هاوڕێی ڕێی لێ دەگرێ.
بەرپرسانی خولی تۆپی پێی ئەمریكا، بە پێگەی وەرزشیی گۆڵیان ڕاگەیاندووە، كە مێسی نەچووەتە نێو ناوچەی قەدەغەكراو، ئەو دەرگەیەیشی كە بەكاری هێناوە، دەرگەی ژووری جلگۆڕینی ناوبژیوانان نییە و ناوچەیەكی قەدەغەكراو نییە بۆ یاریزانان.
بەرپرسی پەیوەندییەكان لە ڕێكخراوی ناوبژیوانە پیشەگەرەكان كریس ریڤێت، پشتگیریی لیۆنێل مێسیی گرت بەوەی نەچووەتە ژووری جلگۆڕینی ناوبژیوانانەوە.
ڕیڤیت بۆ تۆڕی ئێسپنی رایگەیاندووە: دوای قسەكردن لەگەڵ ناوبژیوانان، توانیمان دڵنیا بینەوە لەوەی مێسی نەچووەتە ژوورەوە.
بەرپرسانی خولی ئەمریكی بە هەمان پێگەیان ڕایگەیاندووە، كە ناوبژیوانان هیچ ڕاپۆرتێكیان دژی لیۆنێل مێسی پێشكەش نەكردووە.

فلیك لەبارەی تووڕەبوونی یامالەوە: ئەوانی دیكەیش شایانی یاریكردنن
دوای سەركەوتنە گرنگەكەی یانەی بەرشلۆنە بەسەر یانەی لێڤانتی لە گەڕی 25ی لا لیگا و گرتنەوەی پێشەنگی خولی ئیسپانیا، هانز فلیك خۆشحاڵیی خۆی بەو سەركەوتنە دەربڕی و لەبارەی تووڕەیی یامالیشەوە ئاخاوت.
هانز فلیك راهێنەری یانەی بەرشلۆنە، بە دڵخۆشییەوە باسی سەركەوتنە گرنگ و گەورەكەی یانەكەی بەسەر یانەی لێڤانتی كرد، كە بووە هۆی گەڕانەوەیان بۆ پێشەنگی خولی ئیسپانیا بە 61 خاڵ و بە جیاوازیی تەنیا خاڵێك لەگەڵ ڕكەبەرە سەرسەختەكەی (ریاڵ مەدرید).
هەرسێ گۆڵەكەی بەرشلۆنە لە ڕێگەی مارك بێرنال، فرینكی دی یۆنگ و فێرمین لۆپێز لە خولەكەكانی 4، 32 و 81ـدا تۆمار كران.
لامین یامال نیگەران بوو لەوەی گۆڕانكاریی پێ كرا و تووڕەیی پێوە دیار بوو، هانز فلیك لەسەر ئەوە قسەی كرد و ئاماژەی بە ئاستی هەردوو یاریزان مارك بێرنال و فرینكی دی یۆنگ كرد، كە سەركردایەتیی یانەكەیانیان لەو سەركەوتنە گەورەیەدا كرد.
فلیك وتی: دەكرێ تێبینیی ئەوەتان كردبێ، ئێمە پێویستمان بە هەندێ كات بوو بۆ ئەوەی بچینە نێو بارودۆخی یارییەكەوە، ئەوەش كارێكی سروشتییە دوای دوو شكستی لەسەریەك. لە كۆتاییدا یانەكە ئاستێكی باشی پێشكەش كرد و 3-0 بردمانەوە، ئەوەیش ئەنجامێكی نموونەییە و گەڕاینەوە پێشەنگیش.
دەشڵێ: ئەنجامی یاریی پێش خۆمان پۆستەوە و سوودمان لەو هەلە وەرگرت (دۆڕانەكەی ریاڵ مەدرید)، گرنگ ئەوەیە لە پێشەنگی خولەكەداین، بەڵام هێشتا ڕێگەیەكی دوورودرێژمان لەبەردەمدایە. من دڵخۆشم چونكە تیپەكەم لەو كاتەی پێویست بوو پەرچەكرداری هەبێ، هەیبوو.
دەشڵێ: بە دڵنیاییەوە هەموو شتێك نموونەیی نەبوو، هەندێ كاتمان پێویست بوو تا بچنە ناو دۆخی یارییەكەوە، ئەوەی گرنگ بوو زوو گۆڵمان تۆمار كرد، ئەوە وای كرد لە سەرەتاوە متمانەمان پێ بدرێ، لەگەڵ تێپەڕبوونی كات، ئاستمان باشتر بوو و سەركەوتنمان بە دەست هێنا.
لەبارەی سەختیی ڕووبەڕووبوونەوەی بەرگرییەكی ڕێكخراو، وتی: ئەو كاتەی بەرانبەر بەرگرییەكی وا ڕێكخراو یاری دەكەی، پێویستت بەوەیە یاریزانانی ناوەڕاستت بچنە پێشەوە، پێویست بوو لە باڵی چەپەوە چارەسەر بدۆزینەوە، گۆڵكردنەكانمان بەو شێوازە، زۆر ئەرێنی بوو.
دەشڵێ: دوای دوو شكستی لەسەریەك ئاسان نەبوو ئاسایی ببیتەوە، بەڵام تیپەكەم وەڵامێكی باشی هەبوو، شیكردنەوەی زۆرمان بۆ پێشهاتەكان كرد، ئەوەی گرنگە پێشەنگین جارێكی دیكە، ئەوەش زۆر باشە، چەند ڕۆژێك پشوودان بۆ یاریزانان زۆر گرنگە بۆ گەڕانەوەی تەركیزیان، بە تایبەت لەگەڵ نزیكبوونەوە لە یارییە یەكلاكەرەوەكان.
لەبارەی تووڕەیی لامین یامالەوە، وتی: لە هۆكاری تووڕەبوونەكەی تێ دەگەم، تێنەدەگەیشتم گەر دڵخۆش بووایە، ئەوەی گرنگە سەركەوتین، ڕوونیش مافی یاریكردنی هەبوو، چونكە ئەو زۆر باش مەشقی كرد و بە مانای وشە یاریزانێكی پیشەگەرە. ئاساییە كە بە هۆی گۆڕانكارییەوە نارەزایی هەبێ، ئەوە بەشێكە لە یاری، كارەكە وابەستەی تیپێكە بە تەواوی، نەك تەنیا یاریزانێك.
لە بارەی ئاستی كانسیلۆوە، وتی: كانسیلۆ یارییەكی باشی كرد، ئاستی خۆی بە تایبەت لە نیوەی یەكەم دەرخست، لە چاودێریكردنی ئاستی بەردەوام دەبین، بەڵام لەو یارییەدا وەكوو هێزێكی ئەرێنی دەركەوت و چەندان هەلی پێ داین، ئەو یاریزانێكی نایابە ودەتوانێ یارمەتیی زیاترمان بداتێ.
لەبارەی ئاستی خوان گارسیای گۆڵپارێزەوە، وتی: دڵخۆشین بە بوونی، گۆڵپارێزێكی تەواو و بێكەموكورتییە، هێمنە لەگەڵ تۆپ و لە پەرچەوەڵامدا خێرایە، زۆرلە هێڵی پشتەوە یارمەتیمان دەدا، دەكرێ بەردەوام بەرەو باشتربوون لە هەندێ رووەوە بچێ، بەڵام ئێستە ئەوە دەنرخێنین كە پێشكەشی یانەكەی دەكات.

محەمەد سەڵاح خراپترین ئاماری مێژوویی لە ژیانیدا تۆمار كرد
یاریزانی میسڕی محەمەد سەڵاح، شكیتی خوارد لەوەی گۆڵ لە تۆڕی یانەی نۆتینگهام فۆرست تۆمار بكا، لەو یارییەی رۆژی یەكشەممە لە گەڕی 27ی خولی ئینگلیزی بەڕێوە چوو.
محەمەد سەڵاح 77 خولەك بەرانبەر ئەو یانەیە یاریی كرد و لەو خولەكەدا ئەستێرەی لاو ریۆ نگۆمۆها شوێنی گرتەوە، لەو یارییەی لیڤەرپوول سەركەوتنێكی بەنرخ و كوشندە بۆ تیپی بەرانبەری تۆمار كرد بە گۆڵێك لە خولەكی 90+7 لە ڕێگەی یاریزانی ئەرژەنتینی ئەلێكسیس ماك ئەلیستەرەوە.
لیڤەرپوول بەو سەركەوتنە بەنرخە ژمارەی خاڵەكانی گەیاندە 45 خاڵ و خانەی شەشەمی ڕیزبەندیی پرێمەر لیگی گرت و بەوپەڕی هێزیەوە ڕكەبەری بۆ چوونە چوارگۆشەی زێڕین دەدات. لە كاتێكدا چێڵسی لە پلەی چوارەمدایە بە هەمان ژمارەی خاڵ.
تۆڕی تی ئێن تی سپۆرتس، بڵاوی كردەوە كە محەمەد سەڵاح ئەوە نۆیەمین یاریی لەسەریەكە ناتوانێ لە خولی ئینگلیزی گۆڵ تۆمار بكات، ئەوەش یەكەم جارە لە كاروانی پیشەگەریی خۆی روو دەدات.
لەو نۆ یارییەدا، محەمەد سەڵح دوو جار بەرانبەر مانچستەر سیتی، دوو جار بەرانبەر نۆتینگهام فۆرست، بەرانبەر سەندەرلاند دوو جار و بەرانبەر هەریەك لە یانەكانی برایتۆن، پۆرنمۆس و نیوكاسڵ جارێك یاریی كردووە.
محەمەد سەڵاح كە لە 2017ـەوە لە لیڤەرپوول یاری دەكا، سەرەڕای شكستی لە تۆماركردنی گۆڵ لە نۆ یاریدا، بەڵام سەركەوتوو بووە لەوەی 4 گۆڵ بۆ هاوڕێكانی دروست بكات، بەرانبەر هەریەك لە برایتۆن، پۆرنمۆس، نیوكاسڵ و سەندەرلاند.
لەم وەرزەدا محەمەد سەڵاح تەنیا 4 گۆڵی تۆمار كردووە، لە كاتێكدا بە هۆی بەشداریكردنی لە یارییەكانی جامی نەتەوەكانی ئەفریقا لەگەڵ میسڕ و هەروەها بە هۆی هەڵبەزودابەزی ئاستییەوە، لە چەند یارییەك دابڕا.
ئەم ژمارانە لە كاتێكدان، محەمەد سەڵاح گۆڵكەری وەرزی ڕابردووی پرێمەر لیگە بە 29 گۆڵ و 18 گۆڵیشی بۆ یاریزانانی هاویانەی دروست كرد، سەركردایەتیی یانەكەی كرد بۆ بردنەوەی پرێمەر لیگ.

یانەی سانتۆس هیوای لەسەر نێیمار هەڵچینبوو، كەچی ئەو یاریزانە بە دۆڕانی دا
نێیمار جۆنیۆر، یاریزانێكی بەڕازیلی لە وەرزی نوێی تۆپی پێی وڵاتەكەیدا، تووشی شۆكێك هات، دوای ئەوەی بە هۆی هەڵەیەكی ئەوەوە، یانەكەی (سانتۆس) بەرانبەر یانەی نۆفۆرزیۆنتینۆ شكستی خوارد.
لەو یارییەدا كە لە چارەكی كۆتایی پاڵەوانیەتیی پاوڵیستا بوو، یانەكەی نێیمار لە خولەكی 96 گۆڵی سەركەوتنی لێ تۆمار كرا و 1-2 گۆڵ دۆڕا، بەو پێیە لە پاڵەوانیەتییەكە دوور خرایەوە.
سەرەڕای بوونی هیوای زۆر لەلایەن نێیمارەوە، دوای گەڕانەوەی لە پێكانە سەختەكەی دوای نەشتەرگەریی ئەژنۆی، بەڵام ئەنجامی یارییەكە گران لەسەری كەوت، بە هۆی ئەوەی هەڵەیەكی ئەو بووە هۆی گۆڵی پێشكەوتنی یانەكەی بەرانبەری.
لەو كاتەی نێیمار دەیویست یارمەتیی هێڵی بەرگریی بدات و هێرشێك لە بەرگرییەوە بنیات بنێ، تۆپێكی كورتی بە هەڵە و نادروست بە ئاڕاستەی بەرگریكاری ئەرژەنتینی ئیسكۆبار نارد، تۆپەكە لە نزیك هێڵی سزا پچڕا و بووە گۆڵێكی خێرا بۆ یانەی نۆفۆریزۆنتینۆ لە چارەكی زیادكراو. ئەو گۆڵە بووە پاڵنەرێكی باش بۆ یانەی خاوەن یاریگە.
نێیمار لە بەرپرسیاریەتی راینەكرد و لە بەردەم هاوڕێكانیدا دانی بە هەڵەكەیدا نا، لەو كاتەی یارییەكە بەرەو لێدانە یەكلاكەرەوەكان دەڕۆیشت و لە دواساتەكانیدا بوو.
لە رووی هونەرییەوە نێیمار بە ئاستێكی باش لە كاتی یارییەكەدا دەركەوت و هەوڵی دا سەرەڕای كێشەكانی یانەكە، بەڵام یارییەكە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بجووڵێنێ.
بەڵام هەڵە تاكەكەسییەكەی، هەموو هەوڵەكانی داپۆشی و دەرگەی ڕەخنەی لە خۆی كردەوە، لە كاتێكی هەستیاردا كە یانەكەی لە سەرەتایەكی گورزلێدراودایە.
سانتۆس دەیویست سوود لە گەڕانەوەی سەركردەكەی (نێیمار) وەربگرێ، بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی، بەڵام خۆی لە دەرەوەی ئەو ڕكەبەرییە نێوخۆییە بینییەوە، لە كاتێكدا هێشتا بە دوای تۆماركردنی یەكەم سەركەوتن لە خولی بەڕازیلدا وێڵە.