رۆژنامەی ھەولێر

شاندێکی باڵای بەحرەین بە مەبەستی وەبەرهێنان سەردانی هەولێریان کرد

دوای گەیشتنی شاندێکی باڵای بەحرەین بۆ هەولێری پایتەخت، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، کەنداو و جیهان، لەسەرجەم ئاستە دیپلۆماسی، سیاسی و بازرگانییەکاندا.

پارێزگاری هەولێر، ئەوەی خستەڕوو؛ سیاسەتی حکوومەتی هەرێم و ستراتیژییەتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لەسەر بنەمای پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و دابینکردنی سوودی هاوبەش بۆ هەردوولا داڕێژراوە.
سەبارەت بە سەردانی شاندە بەحرەینییەکە، پارێزگاری هەولێر ئاشکرای کرد، ” شاندێکی باڵای وڵاتی بەحرەین کە لە ئاستی وەزیر و کۆمەڵێک کەسایەتی گەورەی بازرگانی پێک هاتوون، گەیشتنە هەولێر، ئەم وڵاتە نییەتی جددی هەیە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا وەبەرهێنانی زیاتر لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی لە هەولێر ئەنجام بدەن.”
گوتیشی: “شاندەکە بۆ ماوەی چەند رۆژێک لە هەولێر دەمێننەوە و بڕیارە چەندین کۆبوونەوەی فەرمی لەگەڵ بازرگانان و وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان ئەنجام بدەن، بە مەبەستی گەیشتن بە رێککەوتن بۆ ئەنجامدانی وەبەرهێنانی باشتر لە ناوچەکەدا.”