چواس خالید – هەولێر
دوای ئه‌وه‌ی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕیاری دابینكردنی كاره‌بای ٢٤ کاتژمێری بۆ هه‌رێمی كوردستان دا، ئێستا چوار ملیۆن و نیو لە هاووڵاتیانی كاره‌بای ٢٤ کاتژمێرییان هه‌یه و بڕیاره له ماوه‌یەكی كه‌مدا كاره‌بای ٢٤ کاتژمێری بۆ چه‌ندان شارۆچكه‌ی دیكه ده‌سته‌به‌ر بكرێت.
دوای په‌یڕه‌وكردنی پڕۆژه‌ی ڕووناكی له هه‌رێمی كوردستان و بوونی كاره‌بای ٢٤ کاتژمێری له هه‌رچوار پارێزگاكه‌ی هه‌رێمی كوردستان، كه ئێستا ژماره‌ی ئه‌و هاووڵاتیانه‌ی ٢٤ كاتژمێر كاره‌بایان بۆ دابینكراوه، چوار ملیۆن و پێنج سه‌د هه‌زاره، ڕشتانه كار ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی له ماوه‌یه‌كی نزیكدا، هه‌موو كوردستان كاره‌باكه‌ی ببێته ٢٤ كاتژمێری و جارێكی دی نه‌ڕه‌ی مۆلیده‌كان له كۆڵانه‌كان نه‌بیسترێت.
به‌پێی ئاماده‌كارییه‌كان ئێستا له چه‌ندین شارۆچكه‌ی وه‌ك، مه‌خموور و ئاكرێ و سه‌ید سادق و قه‌ڵادزێ و چۆمان و سیده‌كان و ڕه‌واندز و مێرگه‌سۆر و خه‌لیفان و گونده‌كانی ده‌وروبه‌ریان ئاماده‌كاری بۆ گه‌یشتنی پڕۆژه‌ی ڕووناكی و دابینكردنی كاره‌بای ٢٤ کاتژمێری كراوه و بڕیاره له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا كاره‌باكه‌یان بكرێته ٢٤ کاتژمێری و چیدیكه نه‌كوژێته‌وه.
حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌درێژایی ته‌مه‌نی هه‌وڵیداوه چاره‌سه‌ری كه‌می كاره‌با بكات و كاته‌كانی پێدانی كاره‌با زیادتر بكات، چه‌ندان جاریش به‌ڵێنی كاره‌بای ٢٤ کاتژمێری دراوه، به‌ڵام هه‌وڵه‌كان هیچی لێ شین نه‌بوو، دوای ته‌مه‌نێك له بوونی گرفتی كه‌می كاره‌با، دواجار له تشرینی دووه‌می ٢٠٢٤، مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕیاری چاره‌سه‌ركردنی یه‌كجاره‌كی گرفتی كاره‌بای دا، كه به په‌ره‌پێدانی كه‌رتی كاره‌با و جێبه‌جێكردنی چه‌ندان پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له سێكته‌ری وه‌به‌رهێنان و گواستنه‌وه و دابه‌شكردن له هه‌موو كوردستان و فراوانكردنی تۆڕه‌كان و بونیادنانی ده‌یان وێستگه، له‌گه‌ڵ دانانی پێوه‌ری زیره‌ك به‌تێچووی دوو سه‌د و په‌نجا ملیۆن دۆلاری ئه‌مه‌ریكی، ژێرخانی كاره‌بای له هه‌رێمی كوردستان پته‌وكرد، ئێستاش به‌جێبه‌جێكردنی ‘پڕۆژه‌ی ڕووناكی’، خه‌ونی بوونی كاره‌بای ٢٤ کاتژمێری له ته‌واوی هه‌رێمی كوردستان هێنایه دی.
پڕۆژه‌ی ڕووناكی له كۆتاییه‌كانی ٢٠٢٤ كه‌وته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، كه به‌هۆیه‌وه كاره‌بای ٢٤ کاتژمێری بۆ هاوبه‌شانی دابین ده‌كرێت و به‌پێی ئاماره‌كانی به‌رده‌ست، ئێستا زیادتر له پێنج سه‌د هه‌زار یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون و سه‌د و سی هه‌زار شوێنی بازرگانی له هه‌رێمی كوردستان كاره‌بای ٢٤ کاتژمێرییان بۆ دابینكراوه، كه به‌هۆی پڕۆژه‌ی ڕووناكییه‌وه، زیادتر له چوار ملیۆن و پێنج سه‌د هه‌زار كه‌س سودمه‌ند بوونه.
پڕۆژه‌ی ڕووناكی به‌جۆرێك ڕێكخراوه، تا ده‌ست به كاره‌باوه بگیرێت و به‌فیڕۆ نه‌درێت، بڕی خه‌رجی كه‌متر بۆ هاوبه‌شانی هه‌ژمار ده‌كرێت و پێشتر كه بڕیار بوو تا كۆتایی ساڵی ٢٠٢٦، له ته‌واوی هه‌رێی كوردستان فه‌راهه‌م بێت، به‌ڵام به‌و كاره ڕشتانه‌ی له پڕۆژه‌كه‌دا ده‌كرێت، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له ناوه‌ڕاستی ٢٠٢٦ هه‌موو هه‌رێی كوردستان بگرێته‌وه.

