رۆژنامەی ھەولێر

نێرگزی ئاکرێ هەناردەی وڵاتان دەکرێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

نێرگزی ئاکرێ بەناوبانگە، سەرەڕای جوانی و بۆنەکەی بۆتە سەرچاوەی داھاتێکی زۆر باش بۆ خەڵکی ناوچەکە، لە دەستپێکی ساڵ تاوەکو مانگی چوار بازاڕی ئەو شارۆچکەیە پڕ دەبێت لە نێرگز و خەڵک لە ھەموو ناوچەکانی کوردستان ڕوودەکەنە ئەو شارە بۆ ھێنانی نێرگز. بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ، دەڵێت: ئاکرێ بە بەرھەمی ناوخۆ بەناوبانگە و ئەمساڵ ٧٠ دۆنم زەوی بە نێرگز داچێنراوە.

نێرگز، ڕووەکێکی گوڵدارە، گوڵەکەی بۆنێکی خۆشی ھەیە، لە ناوچە سارد و شاخاوییەکاندا دەڕوێت و گەورە دەبێت، ئەمساڵ لە سنووری پارێزگای دھۆک، بەتایبەتی لە شارۆچکەی ئاکرێ بە ھەزاران دۆنم چێنراوە، دوو جۆر نێرگز ھەن، نێرگز جۆری و نێرگز کتک، بەڵام نێرگز جۆری بەھۆی جوانی و بۆنەکەیەوە پارەیەکی زۆر دەکات و ڕەوانەی ھەموو شارەکانی ھەرێمی کوردستان و وڵاتان دەکرێت.
بەگوتەی بەرپرسانی کشتوکاڵ لەو شارە، گوڵ نێرگز بۆتە ھێمای جوانی شارەکە، ئاکرێ بە بەرھەمی ناوخۆ بەناوبانگە و ھەر لە کۆنەوە خەڵکی ئاکرێ نێرگز دەچێنن، ئێستا زیاتر لە ٧٠ دۆنم زەوی بە نێرگز داچێنراوە.
توێژەرە زانستییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، بۆنکردنی نێرگز ژمارەیەک سوودی تەندروستی ھەیە، لەوانە ئارام کەرەوە و دژە خەمۆکی، کاتێک بۆنی نێرگز بە مێشک دەگات ڕاستەوخۆ خوێنبەرەکانی مێشک کارا دەکات و ڕێگری لە خەمۆکی دەکات و ھۆرمونی شادی لە مێشک دەڕژێنێ، ھەروەھا ڕێگری لە ھەڵامەت دەکات، ھەڵمژینی بۆنی نێرگز ڕاستەوخۆ خانەکانی لوت دەکاتەوە و کێشەی ھەڵامەت چارەسەر دەکات، چارەسەرە بۆ شێرپەنجە، پێکھاتەی نێرگز بە شێوازێکە کە ڕێگری لە گەشەی خانەکانی شێرپەنجە دەکات، لەگەڵ ئەوەی نێرگز ھۆکارە بۆ پاککردنەوەی سییەکان و پێست و چارەسەری ژانە سەر دەکات.
ڕەمەزان حەجی، کە خەریکی چنینەوەی نێرگز بوو، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: زیاتر لە ١٠ ساڵە کاری نێرگز دەکەم و زیاتر لە ٣ ھەزار بنە نێرگزم چاندوونە، ھەر لە سەرەتای بەھار تا کۆتایی مانگی چوار دەست بە چنینەوەی نێرگز دەکەم.
حەجی، گوتیشی: نێرگز بەھاران پێ دەگات، بەڵام لەبەر ئەوەی خواستێکی زۆری لەسەرە، لەم وەرزەدا دەچنین و دەفرۆشینەوە، ھەتا بۆ دەرەوەی کوردستان ڕەوانە دەکرێت، نرخی ھەر دەسکێک نێرگز لە نێوان ٢٠٠٠ بۆ ٣٠٠٠ دینارە، ڕۆژانە زیاتر لە ١٠٠ دەسکە نێرگز دەفرۆشم و پارەیەکی باش قازانج دەکەم.
ھەوار ناتق، نێرگز فرۆشێکی ئاکرێیە، بۆ ڕۆژنامەی”ھەولێر” ڕوونیکردەوە: لەم وەرزەدا ھەر کەسێک بێتە ئاکرێ بێ نێرگز ناگەڕێتەوە، گەشتیارە عەرەبەکان نێرگز دەکڕن، یان خەڵک لە شارەکانی دیکەوە دێن دەکڕن و لە شارەکانی خۆیان دەفرۆشنەوە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت لەم وەرزەدا کارمان زۆر باشە و ڕۆژانە ٨٠ تا ١٠٠ دەسک دەفرۆشم، ھەر دەسکێک ٥٠٠ دیناری بۆ من تێدایە و لەم وەرزەدا پارەیەکی باش کۆ دەکەمەوە.
ساڵ لە دوای ساڵ زیاتر گرنگی بە چاندنی نێرگز دەدرێت. ئەندازیار فازڵ مستەفا، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: ئاکرێ بە بەرھەمی ناوخۆ بەناوبانگە و ھەر لە کۆنەوە خەڵکی ئاکرێ نێرگز دەچێنن، ئێستا زیاتر لە ٧٠ دۆنم زەوی بە نێرگز داچێنراوە، نێرگز بۆتە ھێمای جوانی شارەکە، نێرگزی ئاکرێ ڕەوانەی ھەموو شارەکانی ھەرێمی کوردستان دەکرێت و بۆتە داھاتێکی زۆر باش بۆ خەڵکی ناوچەکە، ڕۆژبەڕۆژیش خواست لەسەر نێرگزی ئاکرێ زیاتر دەبێت.
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ، دەشڵێ: حکوومەتی ھەرێم ڕۆڵێکی بەرچاوی ھەبووە لە پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ لە ئاکرێ و ھەرێمی کوردستان، ئەوەش ھەموو لە بەرژەوەندی جووتیارانە، لەم چەند ساڵەی دوایی بازاڕێکی باشی بۆ جووتیاران پەیدا کردووە، ھەتا بەدەیان بەرھەمی جووتیاران ڕەوانەی وڵاتانی جیھان کراون، ئەوانەش ھەموو ھۆکارن بۆ ئەوەی جووتیاران زیاتر گرنگی بە بەرھەمی ناوخۆ بدەن.