رۆژنامەی ھەولێر

نێرگز عەزیز: کار لەسەر دروستکردنی براندێکی تایبەت بە خۆم دەکەم کە ئامێرێکی میوزیکە

شیڤان شێرزاد – هەولێر

 

هونەرمەندی موزیسیان نێرگز عەزیز لە دیدارێکی هەولێرـدا وەک ئافرەتێکی بوێر لە نێو هونەر و ژیانێکی تایبەت لە غوربەت و بەرەنگاربوونەوەی چەندین ئاستەنگ لە تۆمارکردنی پارچە موزیکێکی تایبەت دەکات و دەشڵێت: کار لەسەر دروستکردنی براندێکی تایبەت بە خۆم دەکەم، کە ئامێرێکی میوزیکە و دەمەوێت بە ناوی خۆم لە جیهاندا تۆماری بکەم.

– زۆرجار دەگوترێت بەر لەوەی فێری ژەنین بیت یاخود ببیتە موزیسیان دەبێت گوێچکەیەکی تایبەتی موزیکیت هەبێت تا لەم بوارەدا شارەزا بیت، ئەمە تا چەند ڕاستە؟

فێربوونی ئامێرەکانی میوزیک بەپێی توانای فێربوون لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە.بۆ من فێربوونی ئامێرەکان تەنیا ژەنین نییە، بەڵکو دەبێت گوێبیستێکی باش بم لە شێوازی نەریتیی ژەنینەکە و تێگەیشتنم بۆ ئەو ژینگە کولتوورییەی ئامێرەکە هەبێت.
– سەختی فێربوونی موزیک لەچیدایە؟
خودی ئامێرەکە سەخت نییە، بەڵکو بەرهەمهێنانی ئەو هەستە نەریتییە سەختە کە لە پڕۆسەی ژەنینی ئامێرەکەدا هەیە.

– بۆچی هەمیشە ڕەخنە لە گەنجانی هونەرمەند دەگیرێت؟
ئاسانە ڕەخنە لە هونەرمەندانی ئێستا بگرین، بەڵام بە بڕوای من بەرپرسیارێتی تەنیا لە ئەستۆی ئەواندا نییە، بەڵکو زۆرێک لە گەنجان زانیاریی باشیان لەسەر هونەری کوردی نییە وەک سەرچاوە، پلاتفۆرم، کتێبی پەروەردەی هونەریی میوزیک و میتۆدە کوردییەکان؛ هەروەها پڕۆگرامی جیدیی تایبەت نییە کە سیستەم و کۆنتێکستی میوزیک و گۆرانیی کوردی روون بکاتەوە، بۆیە ناکرێت تەنیا داوا لە گەنجان بکرێت میوزیک و گۆرانیی کوردی پێشکەش بکەن، بەڵکو دەبێت میتۆدی پەروەردەیی هەبێت و فێر بکرێن.

– گەیشتووین بەوەی بڵێین خاوەن ئاوازدانەری بەتواناین؟
ئێمە خاوەنی کۆمەڵێک ئاوازدانەری بەتواناین، هەندێکیان توانیویانە میوزیکی فۆلکلۆری کوردی بە ئۆرکێسترا و سەمفۆنیا لەسەر شانۆ جیهانییەکان پێشکەش بکەن، بێ ئەوەی ناسنامە کوردییەکەی لێ بسێنرێتەوە.

– نوێترین بەرهەمی هونەریت چیە؟
چەند پڕۆژەیەکی نوێم هەیە وەک بیرۆکەی دروستکردنی پرۆگرامێکی هونەریی وەرزی لەسەر کۆمەڵێک ئامێری ناوازەی کولتوورە جیاوازەکان، هەروەها خەریکی نووسینی کتێبێکم سەبارەت بە مێژووی ئامێرەکان بۆ ئاستی باڵا لە هونەری میوزیکدا، کار لەسەر دروستکردنی براندێکی تایبەت بە خۆم دەکەم کە ئامێرێکی میوزیکە.