ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر
وۆرکشۆپێك لە بارەی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە ناوەندەكانی خوێندن لە زانكۆدا بەڕێوە چوو.
بە ئامادەبوونی پ.د. سەردار قادر، ڕاگری كۆلێژی هونەرە جوانەكان و سەرۆكبەش و مامۆستایانی كۆلێژ، ئەمڕۆ لە هۆڵی گەلەری پ.د. محەمەد عارف، وۆرکشۆپێكی تایبەت بە پرسی “هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە ناوەندەكانی خوێندن لە زانكۆدا” بەڕێوەچوو.
بەڕێوەچوونی وۆرکشۆپەكە بەشێك بوو لە هەڵمەتێكی فراوانی زانكۆی سەلاحەدین بۆ كاركردن لەسەر پرسی توندوتیژی و ڕێكارە زانستییەكانی بەرەنگاربوونەوەی لە ناوەندەكانی خوێندندا و لەو چوارچێوەیەدا، كۆلێژی هونەرە جوانەكان سێیەم كۆلێژی زانكۆی سەلاحەدین ئەو وۆرکشۆپە ساز بكات.
كۆلێژی هونەرە جوانەكان لە راگەیێنراوێكدا ئاماژەی بەوە داوە، ئامانجی سەرەكی چالاكییەكە، دەستنیشانكردنی هۆكارەكانی توندوتیژییە لە ناوەندەكانی خوێندنی زانكۆیی و ناسینەوەی شێوازەكانی توندوتیژی و دەرخستنی كاریگەرییەكانی لەسەر قوتابیانی زانكۆ. هەروەها ئامانجێكی دیكە، دروستكردنی ژینگەیەكی سەلامەت و هاندەرە بۆ ڕەتكردنەوەی توندوتیژی لە كەمپەسی زانكۆدا.
سەرۆكی لێژنەی دەروونی و كۆمەڵایەتیی كۆلێژ ئاماژەی بەوەشدا، خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن زەمینەی لەباریان بۆ توندوتیژییە ئەلیكترۆنییەكان ڕەخساندووە و ئامانجێكی دیكەی ئەم پانێڵە ئاشناكردنی قوتابیانە بە ڕێگە درووستەكانی بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی و ئامێرە زیرەكەكان بە گشتی.
دوایی بەڕێزان “پەیڕەو ئەنوەر سعید” و د. ژیلوان محەمەد مەعروف”، بە وردی باسیان لە توندوتیژییە ڕەگەزییەكان و جۆرەكانی توندوتیژی و ڕێكارەكانی ڕێگرتن لە توندوتیژی خستە ڕوو.
هەروەها لە ڕووی یاساییەوە ناوەڕۆكی یاساكانی پەیوەست بە پرسی توندوتیژی بە تایبەتی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزان و یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندییان شی كردەوە.
هەروەها باسیان لەوە كرد، هێڵی گەرمی 119 بۆ ڕاوێژی یاسایی، دەروونی و كۆمەڵایەتیی 24سەعاتە و بێ بەرامبەر كارایە و هەموو هاووڵاتییەك لە كاتی توندوتیژیی خێزانی یان هەر جۆرە توندوتیژییەكی دیكە لەسەر بنەمای جۆری كۆمەڵایەتی دەتوانێت پەیوەندی بكات.

