رۆژنامەی ھەولێر

خوولی دووەمی فێستیڤاڵی فیلمی کوردیی مۆبایل دەستی پێکرد

شیڤان شێرزاد – هەولێر

دامەزراوەی ڤیم خوولی دووەمی “فێستیڤاڵی فیلمی کوردیی مۆبایل”ـی بە فەرمی ڕاگەیاند، کە ئامانجی سەرەکیی ڕەخساندنی دەرفەتە بۆ گەنجان و لاوان تاوەکو بە کەمترین تێچوو و لە ڕێگەی مۆبایلەکانیانەوە بەرهەمە هونەرییەکانیان بخەنە ڕوو.

لەم خوولەدا ١١ خەڵاتی جیاواز بۆ بوارەکانی (باشترین فیلم، دەرهێنان، سیناریۆ، ئەکتەران، مۆنتاژ، میوزیک و چەند بوارێکی دیکە) تەرخانکراوە، کە گرنگترینیان “خەڵاتی ڤیم میدیا”یە؛ ئەم خەڵاتە بریتییە لە گرتنەئەستۆی تەواوی تێچووی بەرهەمهێنانی فیلمی داهاتووی براوەکە لە لایەن دامەزراوەی ڤیمەوە، بە مەبەستی پەرەپێدانی توانای بەهرەمەندان و دەوڵەمەندکردنی ڕەوتی سینەمای کوردی.
لە ڕاگەیاندراوەکەی دامەزراوەی ڤیمدا هاتووە، ئەو گەنج و ئارەزوومەندانەی دەیانەوێت بە بەرهەمەکانیان بەشداربن، کە هیچ تێچووێکی نیە دەتوانن لە ڕێگەی مۆبایلی زیرەکەوە فیلمە دیکۆمێنتیەکانیان یاخود کورتە فیلمەکانیان بگرن و لە ڕێگەی بەستەری تایبەتی دامەزراوەکەماندا بنێرن و کێبڕکێی خەڵاتی ئەم خوولەی فێستیڤاڵەکەمان بکەن، کە ١١ خەڵاتی جیاوازی لەخۆوە گرتووە و ئامانجیش لە سازدانی فێستیڤاڵەکە ئاشکراکردنی توانا شاراوەکان و دەرخستنی سەلیقەی گەنجانی بەهرەمەندە لەو بوارەدا.