رۆژنامەی ھەولێر

هەستانەوەی سروشت؛ حکومەتی هەرێم بە پلانێکی ستراتیژی ئاوی ژێرزەوی دەبووژێنێتەوە

محمد لادێ – هه‌‌ولێر

بۆ ماوەیەکی درێژ نەبوونی پلانێکی تۆکمە و زانستی ببووە هۆی مەترسییەکی گەورە لەسەر سەرچاوەکانی ئاوی ژێرزەوی لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، بە جۆرێک کە ئاستی ئەو ئاوە ڕووی لە کەمبوونەوەیەکی مەترسیدار کردبوو. بەڵام ئێستاکە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی کارنامەی کابینەی نۆیەمەوە، ژیان دەگەڕێنێتەوە بۆ ژینگەی کوردستان و، دەستی کردووە بە پڕۆژەیەکی ستراتیژی بۆ بووژانەوەی ئاوی ژێرزەوی.

پڕۆژەی پاراوکردنەوەی دەستکرد و چاودێریی دیجیتاڵی
ناوکۆکەی ئەم پلانە نوێیە پێکهاتووە لە “پڕۆژەی پاراوکردنەوەی دەستکردی ئاوی ژێرزەوی و چاودێریکردنی دیجیتاڵی”. ئەم پڕۆژەیە لە ڕێگەی دروستکردنی زنجیرەیەک پۆندەوە ئەنجام دەدرێت کە ئامانج لێیان تەنها کۆکردنەوەی ئاوی سەر زەوی نییە، بەڵکو مەبەستی سەرەکییان پاراوکردن و بەرزکردنەوەی ئاستی ئاوی ژێرزەوی و چاودێریکردنی بەردەوامیەتی.
تایبەتمەندییەکی گرنگی ئەم پۆندانە ئەوەیە کە تەنها وەک خەزانێکی ئاسایی نامێننەوە؛ لە تەنیشت هەر پۆندێکدا بیرێک بە قووڵایی ١٥٠ مەتر لێدەدرێت. ئەم بیرە ئەرکی چاودێریکردنی ئاستی ئاوی ژێرزەوی ناوچەکەی لەسەر شانە. سیستەمەکە بە شێوازێکی پێشکەوتووی دیجیتاڵی کار دەکات کە بەردەوام داتا و زانیارییەکان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان دەنێرێت تاوەکو بە وردی ئاگاداری گۆڕانکارییەکانی ئاستی ئاو بن.

پسپۆڕان: پێکهاتەی خاک و شوێن گرنگییەکی یەکلاکەرەوەیان هەیە
پێشەوا بارزان، پسپۆر لە بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم تایبەت بە هەولێر راییگەیاند: میکانیزمی هەڵبژاردنی شوێنی پۆندەکان هەڕەمەکی نییە، بەڵکو لەسەر بنەمای چەند پێوەرێکی زانستی و تەکنیکییە:
تۆپۆگرافیای زەوی: دەبێت شوێنەکە شێوەیەکی ئەندازیاری گونجاوی ھەبێت بۆ ئەوەی زۆرترین بڕی ئاو بە کەمترین تێچوو کۆ بکاتەوە.
دیراسەی هایدرۆلۆجی: بڕی بارانبارین و ئاستی کۆبوونەوەی ئاو (Catchment Area) لەو ناوچەیەدا دەپێورێت.
جۆری خاک: دەبێت خاکەکەی توانای ڕاگرتنی ئاوی هەبێت ئەگەر بۆ مەبەستی ئاو دێری بێت یان خاکەکە ڕێگە بدات ئاوەکە بۆ ژێرزەوی ڕوو بچێت ئەگەر مەبەستەکە پاراوکردنەوەی ئاوی ژێرزەوی بێ.
پێویستی ناوچەکە: ئەو شوێنانە لە پێشینەن کە کێشەی کەمیی ئاو یان وشکبوونی بیرەکانیان هەیە.
ئەڵبەت ئەو خاکەی کە هەڵدەبژێردرێ بۆ پاڵپشتیکردنی ئاوی ژێرزەوی دەبێت لم و چەوی هەبێت؛ چونکە:
• خاکی چەو و لم کونیلەی زۆرە و توانایەکی بەرزی هەیە بۆ پێداڕۆیشتنی ئاو.
• ئەم تایبەتمەندییە یارمەتیدەرە کە ئاوی کۆکراوە بە ئاسانی ڕۆبچێتە ناو ناخی زەوی.
• ئاوەکە بە ئاراستەیەکی زانستی ڕەوانەی خەزانەکانی ئاوی ژێرزەوی ناوچەکە دەکرێت.

ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا
گرنگیدان بە دروستکردنی پۆند و بەنداوەکان، تەنها پڕۆژەیەکی ئاسایی نییە، بەڵکو خاڵێکی ستراتیژییە لە کارنامەی کابینەی نۆیەم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییە توندەکانی کەشوهەوا. جگە لە بەنداوە گەورەکان، چەندین پۆند بە شێوازی “دۆستی ژینگە” دروست کراون.
شێوازی بیناسازییەکەی ئەم پۆندانە بە پێی سروشتی ناوچەکان دەگۆڕێت و سوود لە بەربەستی بەردین و گابیۆن (بەربەستێکی تۆکمەی پێکهاتوو لە خۆڵ و بەردە) وەردەگیرێت، کە هەم لە ڕووی بیناسازییەوە بەهێزن و هەمیش هیچ زیانێک بە ژینگەی ناوچەکە ناگەیەنن.
حکومەتی هەرێم لە ڕێگەی ئەم پلانە گشتگیرەوە دەیەوێت هاوسەنگی بۆ سروشتی کوردستان بگەڕێنێتەوە، بە جۆرێک کە ئاوی باران و لافاوەکان لە جیاتی بەفیڕۆچوون، ببنە سەرچاوەیەک بۆ دووبارە پڕکردنەوەی خەزانە سروشتییەکانی ژێرزەوی و دابینکردنی ئاسایشی ئاو بۆ نەوەکانی داهاتوو.