بانکی ناوەندیی عێراق هۆشداری دەداتە بانکە مۆڵەتپێدراوەکان و دامەزراوە داراییەکان کە نابێت جیاوازی لە بەهای مامەڵەی دۆلاری چاپی کۆن و نوێ (سپی و شین) بکرێت و دەڵێت، “بەردەوامین لە وەرگرتنی ئەو چاپانەی دۆلار بەگوێرەی رێکارە نێودەوڵەتی و خۆجێییەکان.”
بانکی ناوەندی رایگەیاند، بانکە مۆڵەتپێدراوەکان و دامەزراوە داراییە نابانکییەکانی ئاگادار کردووەتەوە لەوەی، دەبێت جیاوازی لەنێوان نرخی دۆلاری ئەمریکیی چاپی کۆن و نوێ نەهێڵن.
لە بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراودا لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بەهای ئەو دوو جۆرەی دۆلار جیاوازە، بە جۆرێک لە پارێزگای سلێمانی 20% و لە هەولێر و دهۆک 30%ی دۆلاری سپی بە نرخی دۆلاری شین وەردەگیرێت. ئەگەر رێژەکە لەوە زیاتر بێت، نرخەکەی بۆ 100 دۆلار لەنێوان هەزار بۆ دوو هەزار دینار کەمتر دەکات.
بانکی ناوەندی دەڵێت، “پێویستە سەرجەم بانک و دامەزراوە داراییەکان پابەند بن بە مامەڵەی دراو و گۆڕینەوەی بەگوێرەی ئەو پێوەرانەی بۆ گۆڕینەوەی دراوی بیانی پشتیان پێ دەبەسترێت، بەتایبەت دۆلاری ئەمریکی، بەشێوەیەک کە رۆڵ ببینێت لە سەقامگیریی مامەڵە دراوییەکان و سەقامگیریی بازاڕ.”
ئەو بانکە ئاماژەی بەوە داوە، یاسا و رێنوێنی و رێکارەکان هیچ جیاوازییەک ناکەن لەنێوان چاپە جیاوازەکانی دۆلار، بانکەکەش بەردەوامە لە وەرگرتن و مامەڵەکردن پێیانەوە لە رێگەی بانکە مۆڵەتپێدراوەکان، بەو مەرجەی لە چوارچێوەی پێوەر و رێکارە نێودەوڵەتی و خۆجێییەکان بێت.

