وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە نووسراوێکی فەرمی ئاگادارییەکی ئاراستەی سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەکان کردووە و رایگەیاندووە، دابەشکردنی مووچە تەنیا لە رێگەی پڕۆژەی هەژماری من دەبێت و هەر فەرمانبەرێک پابەند نەبێت مووچەکەی رادەگیرێت.
بەپێی نووسراوەکە کە واژۆی وەزیری دارایی لەسەرە ئاماژە بەوە کراوە، لە 20ـی کانوونی دووەمی 2026 بەدواوە سیستەمی دابەشکردنی مووچە لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک بەتەواوی بووەتە دیجیتاڵی و چیتر بە کاش دابەش ناکرێت.
وەزارەتی دارایی لیستی ناوی 5750 فەرمانبەری هاوپێچ کردووە کە تا ئێستا خۆیان لە پڕۆژەی هەژماری من تۆمار نەکردووە یان کارتی بانکییان وەرنەگرتووەتەوە و هۆشداری پێداون ئەگەر بەزووترین کات مامەڵەکانیان تەواو نەکەن ئەوا مووچەکانیان دەوەستێت و ناتوانن وەریبگرن.
لە بڕیارەکەدا داوا لەو فەرمانبەرانەش کراوە کە پێشتر خۆیان تۆمار کردووە و کورتەنامەیان بۆ چووە سەردانی ئەو بانکانە بکەن کە بۆیان دیاری کراوە بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکانیان بە پێچەوانەوە ئەوانیش بێبەش دەبن لە وەرگرتنی مووچە.

