رۆژنامەی ھەولێر

سەرۆک بارزانی؛ کلیلی چارەسەری ڕۆژئاوا

ئیبراهیم حەمیدی
لەنێوان شەڕەکانی سوپای سووریا و “هێزەکانی سووریای دیموکرات” (هەسەدە) و ئەو کەناڵە گفتوگۆیانەی دواتر لەنێوان ئەحمەد شەڕع و فەرماندەی “هەسەدە” مەزڵووم عەبدی هاتنە ئاراوە، تا دەگاتە دیداری شاندی هاوبەشی وەزیری دەرەوە ئەسعەد شەیبانی و عەبدی لە کۆبوونەوە سیاسییەکانی میونشن؛ هەموو چاوەکان لەسەر نەخشەکانی دەسەڵات، ڕێوشوێنە ئەمنییەکان، سنووری هەژموون و بڕگەکانی شەراکەت لە سووریا بوون. بەڵام لەپشتی ئەم دیمەنە پڕ هەراوزەنایە، براوەیەکی هێمن هەبوو کە بە هەنگاوی ورد و حیساببۆکراو دەهاتە پێشەوە: ئەویش سەرۆک مەسعوود بارزانی بوو.
سەرهەڵدانی ڕۆڵی بارزانی لە گۆڕەپانی سووریادا بەرهەمی ساتێکی کاتی نەبوو، بەڵکوو ئەنجامی کەڵەکەبوونی ئەزموونی سیاسی و تۆڕێکی فراوانی پەیوەندییەکان بوو، کە وای لێکرد ببێتە ئەو ناوبژیوانەی لای هەموو لایەنە لێکدوورەکان پەسەند بێت؛ لە دیمەشقەوە تا دەگاتە سەرکردایەتی “هەسەدە”، بە تێپەڕبوون بە ئەنقەرە و واشنتۆنیشدا. یەکەمین ئاماژەکانی ئەم وەرچەرخانە لەوەدا دەرکەوت کە لایەنە جیاوازەکان ڕۆڵی ناوبژیوانیی ئەویان قبووڵ کرد، لەوانەش میوانداریکردنی دیدارە ڕانەگەیەندراوەکان و پەیوەندییە هەستیارەکان. ئەوەش تەنها وردەکارییەکی سادە نەبوو کە هەولێر میوانداریی کۆبوونەوەکانی نێوان مەزڵووم عەبدی و تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ بکات؛ ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە هەرێم چیتر تەنها دراوسێیەکی جوگرافی نییە، بەڵکو بووەتە سەکۆیەکی پەسەندکراو بۆ داڕشتنی دۆسیەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا.

لەسەر ئەرزی واقیع، ڕەمزییەتی ئەم ڕۆڵە نوێیە لە دیمەنەکانی بەرزکردنەوەی وێنەکانی بارزانی و ئاڵای کوردستاندا لەو ناوچانەی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا دەرکەوت، کە پێشتر بە وێنەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری “پەکەکە” تەنرابوون. ئەمە گوزارشتێکی سیاسی و کۆمەڵایەتییە لە گواستنەوەی چەقی قورسایی مەعنەوی لای توێژێک لە کوردان، بەتایبەت کە هاوکات بوو لەگەڵ ئاراستەکردنی ڕەخنە لە هەندێک لە سەرکردەکانی “پەکەکە”. هاوتەریب لەگەڵ ئەمەشدا، ئامادەییەکی مرۆیی لە ڕێگەی دەزگا خێرخوازییەکانی سەر بە بارزانی هاتە ئاراوە، کە بوونە کەناڵێکی سەرەکی بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان؛ ئەمەش “هەژموونە نەرمەکەی” بارزانی لە ژینگەیەکدا بەهێزتر کرد کە بەدەست قەیرانی بژێوییەوە دەناڵێنێت. سەبارەت بە دەروازەی سێمالکاش، وەک شاخوێنبەرێکی زیندوو مایەوە کە ناوچەکانی “هەسەدە” بە جیهانی دەرەوە دەبەستێتەوە؛ ئەمەش کارتێکی کاریگەریی کردەیی دەداتە دەست هەولێر لە هەر ڕێکخستنێکی ئاییندەدا.
لەسەر ئاستی ناوچەیی، گرنگیی هەولێر هاوشان لەگەڵ دووبارە جێگیرکردنەوەی هێزەکانی ئەمریکا ڕوو لە زیادبوونە. لەگەڵ کشانەوە لە بنکەی “تەنەف” و هەندێک بنکەی عێراق وەک “عەین ئەسەد”، قورسایی بنکە ئەمریکییەکان لە هەولێر وەک لەنگەرێکی جێگیرتر زیاتر دەبێت. ئەمەش بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی ڕەنگدانەوەی دەبێت بۆ پێگەی بارزانی لە هاوکێشەکانی واشنتۆندا، لە کاتێکدا هەوڵێک لە کۆنگرێس هەیە بۆ تێپەڕاندنی یاسای “پاراستنی کورد”.

هەر بۆیە ڕێکەوت نەبوو کە “ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد” (ئەنەکەسە) وەک هاوپەیمانی بارزانی، زنجیرەیەک گەشت بۆ دیمەشق و هەولێر ئەنجام بدات و لەگەڵ “شەڕع” کۆببێتەوە بۆ بردنی دۆخەکە بەرەو “سیاسەت” و جێگیرکردنی مافەکانی کورد لە دەستووردا بە ئامرازی مەدەنی. چونکە ئەو عەقیدەیەی پارتی بڕوای پێیەتی، لە مەزاجی کۆمەڵایەتیی ناوچەکانی جەزیرەی سووریا نزیکترە؛ چەمکەکانی وەک خێزان، خێڵ و گۆڕانکاریی هەنگاو بە هەنگاو، بۆ ئەوان پەسەندترن وەک لەو گوتارە ئایدیۆلۆژییە چەپڕەوەی کە قوتابخانەکانی “دیموکراسیی گەلان” دەیخەنە ڕوو.
لە ڕووی ئابوورییەوە، “نموونەی هەولێر” ڕەهەندێکی دیکە بۆ ئەم هەڵکشانە زیاد دەکات. هەرێم سەرەڕای ئاڵنگارییەکان، ئەزموونێک لە بەڕێوەبردن و کرانەوە پێشکەش دەکات، کە وای لێدەکات ببێتە مەرجەعێکی پراکتیکی و سەرنجی ئەو خەڵکە ڕابکێشێت کە بەدوای ژیانێکی سەقامگیرتردا دەگەڕێن.
بەڵام هەموو ئەمانە بەو واتایە نین کە ڕێگەکە بێ کۆسپە؛ هاوسەنگییەکان لە سووریا هێشتا لەرزۆکن و کێبڕکێی ناو ماڵی کوردیش بەردەوامە. بەڵام خوێندنەوەیەکی هێمنانە ئاماژە بەوە دەکات کە هەولێر سەرکەوتوو بووە لەوەی جوگرافیا و پەیوەندییەکان بگۆڕێت بۆ سەرمایەیەکی سیاسیی گەورە. لەو ساتەدا کە نەخشەکانی هەژموون لە سووریا و عێراق دووبارە دەکێشرێنەوە، مەسعوود بارزانی بڕیاری دابێت ڕۆڵی “براوەیەکی هێمن” بگێڕێت؛ ئەو هەمیشە لە سەردێڕی هەواڵەکاندا نییە، بەڵام لە وردەکاریی ئەو تێگەیشتنانەدا ئامادەیە کە ئامانجەکەیان لە سنوورەکانی کوردستانی عێراق تێدەپەڕێت.