شاکر ڕەزا ئەحمەد
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سەردەمە کۆنەکان و ئێستاشدا بەردەوام جێگەی پێکهاتە و نەتەوە جیاوازەکان بووە؛ ئەو پێکهاتە و نەتەوانە بە کولتوور و دابونەریتی جیاوازەوە بەردەوامییان بە ژیان داوە لە جوگرافیایەکی مێژووییدا. سەبارەت بە ئافرەتیش، وەک بەشێکی گرنگی ئەم پێکهاتە و نەتەوانە، بەپێی کولتوور و دابی نەتەوەکان مامەڵەی جیاوازی لەگەڵ کراوە. هەر نەتەوە و هۆزێک، شێوازی مامەڵە و هەڵسوکەوتی بەرامبەر بە ئافرەت بەپێی ژینگە و هەڵسەنگاندنی کولتووریی خۆی بووە؛ بۆیە هەرچەندە لە ڕووی هەڵکەوتەی جوگرافییەوە ئەو نەتەوانە لە یەکتر نزیک بوون، بەڵام بە دابونەریت و کولتوور لە یەکتر دوور بوون.
لە ڕۆژهەڵاتی دێریندا، پێگەی ئافرەت لای ئەو هۆز و نەتەوانەی کە هەوێنی پێکهاتەی کوردن (کە بریتین لە هۆزەکانی چیای زاگرۆس)، بەشێکی گرنگی پرۆسەی ڕامیاری، سەربازی، کارگێڕی و ئابووری بووە. بەبێ ئافرەت ئەم پرۆسەیە لاسەنگ و ناڕێک بووە؛ چونکە ئافرەت تەواوکەر و هەندێجاریش بنیاتنەر و داینەمۆی کاری ڕامیاری، سەربازی و کارگێڕی بووە لای ئەم هۆز و نەتەوانە. بە شێوەیەکی گشتی، پێگە و قورسایی ئافرەت لای هۆزە ئاریاییەکان پلەیەک سەرووتر بووە بەراورد بە نەتەوەکانی تر؛ چونکە ئافرەت خاوەن بڕیار و شکۆمەندی بووە لە کایە و بڕیارە ڕامیارییەکاندا. نموونەی سێ ئافرەت لە مێژووی کۆندا ئاماژە پێ دەکەین، کە ڕەنگدانەوە و ئاوێنەن بۆ ئافرەتی ئەمڕۆی کورد، بە جۆرێک کە جیاوازیی ڕووداوەکان زیاتر لە سێ هەزار ساڵە، بەڵام کاریگەری و تەواوکەرەکەی ئێستایە؛ ئەمەش وەک میراتییەکی (بۆماوەیی) مێژوویی.
یەکەم ئافرەتی کاریگەر بریتییە لە *(نەفرتیتی)*ی میتانی، لە نیشتەجێبووانی ڕۆژئاوای کوردستانی ئێستا؛ کاتێک لە سەدەی چواردەمی پێش زایین، لە پرۆسەیەکی هاوسەرگیریی ڕامیاریدا دەبێتە هاوسەری ئامونحوتبی چوارەمی پاشای میسر. لەسەر ئاستی ناوخۆدا، ئەم ئافرەتە کاریگەریی لەسەر تەواوی پرۆسەی ڕامیاری و ئایینیی وڵاتی میسر دەبێت و ڕۆڵی هەیە لە هاوکاریکردنی هاوسەرەکەی لە بابەتی گۆڕینی ئایینی کۆمەڵگەی میسری لە خوداوەند “ئاموون” بۆ خوداوەند “ئاتون”، کە ئایینێکی یەکتاپەرستییە و شۆڕشێکی گەورە بەرپا دەکات؛ تەنانەت ناوی پاشا لە ئامونحوتبی چوارەمەوە دەگۆڕێت بۆ “ئەخناتون” بۆ پەیڕەویکردن لە ئایینە نوێیەکە. لە کۆی ئەو گۆڕانکاری و پێشهاتە نوێیانەی وڵاتی میسردا، ئەم ئافرەتە ڕۆڵی کاریگەر و بەرچاوی هەبووە. لەسەر ئاستی دەرەوەش، ئەم ئافرەتە بووە داینەمۆی بەرجەستەبوونی ئاشتی لەنێوان دوو ئیمپراتۆریەتی مەزنی ئەو کاتەدا، کە بریتی بوون لە حیسی و میسری.
دووەم ئافرەت *(ئەمیتس)*ی کچی پاشای میدییە؛ کاتێک ئەویش لە پرۆسەیەکی هاوسەرگیریی ڕامیاریدا دەبێتە هاوسەری نەبووخەزنەسری پاشای بابلی لە سەدەی حەوتەمی پێش زایین. لەسەر ئاستی ناوخۆ، بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی ئەم کچە کوردە و گرنگیی پێگەکەی، باخە هەڵواسراوەکانی بابل بونیاد نران، کە یەکێکە لە حەوت سەمەرەکەی جیهان و تا ئەمڕۆش باس دەکرێت. ئامانجی دروستکردنی ئەم ئایکۆنە سەمەرەیە بۆ ئەوە بوو تا پاشا کەشوهەوایەکی هاوشێوەی کوردستان بۆ بووکە کوردییەکە دروست بکات. لەسەر ئاستی دەرەکیش، ئەم ئافرەتە هۆکاری بەرقەراربوونی ئاشتی بوو لەنێوان دوو ئیمپراتۆریەتی گەورەی ئەو سەردەمەدا، کە میدی و بابلی بوون.
سێیەم کچە کورد، *”ماندانە”*ی کچی ئەستیاجسی پاشای میدییە؛ کاتێک لە پرۆسەیەکی هاوسەرگیریی ڕامیاریدا دەبێتە هاوسەری قەمبیزی میری فارس. بەرهەمی ئەم هاوسەرگیرییە بریتی بوو لە لەدایکبوونی “کۆڕشی مەزن”، کە یەکێکە لە کەسایەتییە هەرە بەناوبانگەکانی مێژووی کۆن و توانی تەواوی ڕۆژهەڵاتی دێرین بخاتە ژێر هەژموونی خۆی و گەورەترین ئیمپراتۆریەتی مێژوو (ئیمپراتۆریەتی ئەخمینی) دابمەزرێنێت؛ بێگومان ئەم سەرکردە بەناوبانگە پەروەردەی دەستی دایکە کوردێکە.
لە مێژووی نوێدا، ئافرەتی کورد پێشمەرگەیە، شەڕڤانە و گەریلایە؛ خاوەن بڕیار و پێگەی ڕامیاریی بەرزە. کولتووری نەتەوەکانی تری ناوچەکە ناتوانن ئەوە قبووڵ بکەن کە ئافرەت بەم جۆرە بێت، بەڵام ئافرەتی کورد مێژوویەکی هەزاران ساڵەی هەیە لە بوێری، خاوەنبڕیاریی ڕامیاری و بەرپرسیاریەتیی سەربازی. ئەوەی کە جێگەی تێڕامانە، ئێمەی کورد بەهۆی کولتووری نەتەوەیی و بۆماوەییمان لەلایەک، و لەلایەکی تر بەهۆی ئەو جیۆڕامیارییەی هەمانە، خاوەن ئەو جۆرە ئافرەتانەین کە خۆیان پاڵەوانن و لە مەیداندا شانبەشانی پیاو بڕیار دەدەن و خەبات دەکەن، یان کوڕێک پەروەردە دەکەن کە قارەمانێک بێت و لە مردن نەترسێت؛ هەروەک “زەینەفۆنی” یۆنانی دەڵێت: “ئەو گەلە باکی بە مردن نییە.”
لەبەر ئەوە دەبێ لامان ئاسایی بێت کاتێک گەلانی تری ناوچەکە ناتوانن ئەوە قبووڵ بکەن کە ئافرەت لە مەیدانی بڕیاری ڕامیاری و سەربازیدا بێت، چونکە ئەو کولتوورە بۆ ئەوان نامۆیە؛ بەڵام بۆ ئێمەی کورد، هەزاران ساڵمان لە ئەزموونی بڕیاربەدەستیی ئافرەتدا تێپەڕاندووە. لە مێژووی نوێماندا دایکە عایشە، ئیلهام ئەحمەد، لەیلا قاسم، دەنیز، ڕۆهێلات عەفرین، لەیلا زانا و هەزارانی تر سەرقافڵەی ئەو کاروانەن؛ یان خۆیان خاوەن بڕیارن یان پیاوێکیان پەروەردە کردووە کە خاوەن بڕیار بێت و بە هەموو ئاڵنگارییەکی نیشتمانی و نەتەوەیی بڵێت “نا”.
ئافرەتی کورد بە درێژایی مێژوو دەستێکی باڵای هەبووە لەو هەموو “نا”یانەی بەرامبەر بە سەختی و دژوارییەکانی دەرهەق بە کورد کراون؛ شیرانەش هاوشانی باوکی، هاوسەرەکەی، براکەی و کوڕەکەی بەرپرسیاریەتیی هەڵگرتووە و بڕیاری داوە. بۆیە هەردەم سەربەرزین بە ئافرەتی کورد و سەرفرازین بە کوردبوونمان. سەرکەوتووین کە ئافرەتەکانمان هەزاران ساڵە خاوەن بڕیار و پێگەی بەرزی ڕامیاری، کارگێڕی و سەربازی بوون و لە داهاتووشدا دەبن.
بەرزکردنەوەی دروشمی (ژن، ژیان، ئازادی) و بوونی ئافرەتەکانمان لە ڕیزەکانی شەڕڤان و پێشمەرگەدا و قوربانیدانیان لە تەنیشت پیاوەکان، بەرهەمی بیری “گەورەبینینی ئافرەت”ە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا؛ کە لە هەمان ناوچەی ئێمەدا زۆر نەتەوە هەن هێشتا پێی نەگەیشتوون و ناتوانن تێشیبگەن. بۆیە دەبێ ئەوە بزانین کە ئافرەتی کورد بڕیاری داوە تەنیا “شەرەف” (وەک چەمکێکی پاسیڤ) نەبێت بۆ گەلەکەی وەک نەتەوەکانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکو ئافرەتی کورد بڕیاری داوە شەرەفی نەتەوەکەی بپارێزێت؛ ئەوەش گەورەترین بڕیارە لە ناوەندی ڕامیاری، سەربازی و کارگێڕیدا.

