ئاگری بێ دووكەڵ

حەمەسەعید حەسەن

شـــیعر ئەگەر بەهرە بێت، ئەوا تەنیا بە کەسانی ڕاستگۆ ڕەوا دەبینرێت، کەسانێکی شـــوێن حەقیقەت کەوتووی غەریبی پەراوێزخراو. شاعیر ت. س. ئیلیەت گوتەنی: ئەوەندەی سوود لە پەخشان دەبینێت، نیو هێندە سوود لە شیعری گەلانی دیکە نابینێت. شاڕڵ بۆدلێر دەڵێت: لە نووسینی پەخشانیشـــدا شاعیر بە! ئەز ڕەخنەی ئەدەبییش بە زمانێکی دەنووسم، ئاخر وەک چۆن دونیای بێ فەلســـەفە، لە ونگە زیاتر هیچی دیکە نییە، دونیای بێ شـــیعریش بیابانێکی بەرینە. شیعر بۆ میر مەنووسە، بۆ ئەو
غەریبانەی بنووسە، خەون بە ئازادی و گۆڕانکارییەوە دەبینن.
شـــیعری نوێ ئەوە نییە کە تازەکی نووســـراوە، ئەو شـــیعرەیە لەگەڵ خوێنەری ئێســـتادا دەکەوێتە گفتوگۆوە، ئـــەوە نییە گۆران دەڵێی تازە لە نووســـینی (گوڵی خوێناوی) بووەتەوە؟ ئەگەر تەمەنت هەڵکشـــاوە و هێشـــتا دڵت بە زەبری خۆشەویســـتی لێ دەدات، ئەوا دەتوانیت، کام شیعری ئەڤینداری جوانە، بینووسیت. ژیان ئەو وەختە تەواو دەبێت، کە
چاوگی دڵمان چۆڕێک لە خۆشەویستیی لێ هەڵناقوڵێت.
ئەوە باشـــە ئینســـان لە کۆمەڵێک کتێب پێک هاتبێت، کێشـــە ئەوەیە پەروەردەی دەســـتی تاقە کتێبێک بین و پێمان وا بێت، حەقیقەت تەنیا لەو کتێبەدا هەیە. هەرچەندە ئەوە زادەی نەزانییە، تەنیا ســـەرچاوەیەک بە دروســـت بزانین، بەڵام کێشـــە ئەوەیە تا نەزانتر بین، متمانەمان بە زانیارییەکانـــی خۆمان زیاترە، بۆیە ئەوە یەقینە نەک گومان، ئینســـان دەکات بە دڕندە. ئەو هەموو شیعرە شۆڕشگێڕییە نووسراون، بەڵام ڕەنگە هیچیان ئەوەندەی گوتەکەی ماری ئەنتوانێت: ”چ قەیدی نان نییە، بڕۆن
کێک بخۆن!” ئاگری شۆڕشیان خۆش نەکردبێت.
وەک چـــۆن لە هونەری گێڕانەوەدا، ئـــەوی چیرۆکەکە دەگێڕێتەوە، هیچ مەرج نییە چیرۆکنووســـەکە بێت، لە شیعریشدا با شیعرەکە بە جێناوی یەکەمی بگۆیش نووســـرابێت، هیچ مەرج نییە شـــاعیرەکە باســـی خۆی بکات، ئاخر ئەدەب بە چاوپۆشین لەوەی چیرۆکە یان شیعر، ڕووداو یان هەواڵ نییە، زیاتر فیکشـــنە، یان لای کەم گێڕانەوەی واقیعە بە کۆمەکی خەیـــاڵ، ئەگەرنا بە ئـــەدەب هەژمار ناکرێت و ڕەنگـــە بکەوێتە خانەی
بیۆگرافیا یان ڕاپۆرتەوە.
ئەوە لەمێژە سەردەمی بەسەر چووە، لەبەر تیشکی ژیاننامەی نووسەردا سەرنجی بەرهەمەکەی بدەین، با گێرانەوە بە جێناوی بگۆیش بێت، ئاخر ڕۆڵان بارت گوتەنی، ڕەخنەی ئەدەبی نووسینەکە دەکات بە ئامانج نەک نووسەرەکەی. وەک چۆن ڕۆڵان بارت جاڕی مەرگی نووسەری دا، وەختی ئـــەوە هاتووە، جاڕی مەرگـــی گێڕەرەوەیش بدەین، بەو مانایەی هەر کە
گێڕەرەوە کەسی یەکەمی بگۆ بوو، ئیدی بە نووسەری لە قەڵەم نەدەین

ھەواڵی زیاتر