ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوو زۆرترین هەواڵ لەبارەی دوو ئەستێرە مەزنەكەی 20 ساڵی رابردوو (كریستیانۆ رۆناڵدۆ و لیۆنێل مێسی) بڵاو كرایەوە، هەواڵەكە بۆ هاندەرانی ئەرجەنتین و ئینتەر مەیامی خەمناك بوو، چونكە مێسی پێش مۆندیالی 2026 تووشی پێكان بوو. لە هەواڵێكی دیكەی سەرنجراكێش بەهۆی رۆیشتنی كەریم بێنزێما بۆ هیلال، چواردە مووچەخۆر و راهێنەر و كارمەندی ئیتیحادی سعوودی بێكار بوون.
كریستیانۆ گەڕایەوە و نەسر و مەجەكانیشی جێبەجێ كران
رۆژنامهی ریازیهی سعوودی بڵاویكردهوه كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پۆرتوگالی بایكۆتهكهی دهشكێنێت و بهشداری یارییەكانی نهسڕ دهكات.
رۆژنامهی ریازیه ئاشكرای كردووه سهرجهم مهرجهكانی كریستیانۆ رۆناڵدۆ جێبهجێ كراوه و شەوی رابردوویش كریستیانۆ لە خولی رۆشنی سعوودیە بهرامبهر فهتح یاری كرد.
كریستیانۆ رۆناڵدۆ له ئهكاونتی خۆی له توڕی كۆمهڵایهتی ئێكس وێنهیهكی خۆی پۆست كردووه و لهسهری نووسیوه كلیلهكه كرایهوه.
كریستیانۆ رۆناڵدۆ بههۆی ناڕهزایی له گواستنهوهكانی یانهكهی لهلایهن سندوقی وهبهرهێنانی سعوودییه له سێ یاریی رابردوو بهشداری نهكرد كه نهسڕ ههر سێ یارییهكهی بردهوه.
مێسی پێش مۆندیال تووشی پێكان بوو
یانەی ئینتەر مەیامی لە بەیاننامەیەكی فەرمی رایگەیاند لیۆنێل مێسی تووشی پێكان بووە و ماوەیەك لە یارییكردن دووردەكەوێتەوە.
ئینتەر مەیامی رایگەیاند پێكانەكەی مێسی ماسولكەییەوە و چاكبوونەوەشی دەگەڕێتەوە سەر خۆی، هیچ مەترسییەكی گەورە لەسەر ئەو یاریزانە نییە.
رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی بڵاویكردەوە پێكانەكەی مێسی ماسولكەیی نییە بەڵكو لە بەستەرەكانی ئەژنۆی تووشی پێكان بووە و ماوەیەكی زۆری بۆ چاكبوونەوە دەوێت،
لیۆنێل مێسی دوای كۆتایی هاتنی وەرزی رابردووی خولەكانی ئەمریكا بەشداریی ئامادەكارییەكانی سەرەتای وەرزی كرد و لە یارییە دۆستانەكەی بارسێلۆنای ئیكوادۆری تووشی پێكان بوو.
بەهۆی نەمانی بێنزێما، بێكاری رووی لە ئیتیحاد كرد
کەریم بێنزێما، هێرشبەری فەرەنسی، دوای ئەوەی ریزەکانی یانەی ئیتیحادی سعوودی جێهێشت، 14 پۆستی جۆراوجۆر لەو یانەیە بەتاڵ مانەوە و داهاتێکی زۆریش بۆ یانەکە گەڕاوەتەوە.
رۆژنامەی عەکازی سعوودی لە راپۆرتە هەواڵێكدا ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، دوای ئەوەی کەریم بێنزێما لە ساڵی 2023 پەیوەندی بە یانەی ئیتیحادی سعوودی کرد، یانەکە بە هەموو شێوەیەک کەوتە خزمەتی ئەو یاریزانە بە جۆرێک 14 کەس بە شێوەی جیاواز خزمەتی ئەو یاریزانەیان دەکرد، بەڵام دوای رۆیشنتی ئەو یاریزانە لە یانەکە و پەیوەندی کردنی بە یانەی هیلال، سەرجەم ئەو کەسانە بێکار بوون، بەهۆیەوە یانەکەیان جێهێشتووە.
ئەو 14 کەسەی کاتی خۆی لە ریزەکانی یانەی ئیتیحاد لە خزمەت کەریم بێنزێما بوون بریتی بوون لە چوار پاسەوانی تایبەت، چێشتلێنەر، سەرتاش، دیزاینەری جلوبەرگ، راهێنەرێکی تایبەت، راهێنەرێکی مەساج، پسپۆری خۆراک، شۆفێر و چەندان خزمەتکاری دیکە.
سەرچاوەکە بڵاویشی کردووەتەوە ئەو 14 کەسە ساڵانە مووچەیەکی زۆریان لە یانەی ئیتیحاد وەردەگرت، دوای نەمانی بێنزیما لەو یانەیە، هەموو ئەو کەسانەی ئەو یانەیان جێهێشتووە.
كەریم بێنزێما، لە هاوینی 2023 یانەی ریال مەدریدی جێهێشت و بەگرێبەستێكی ئازاد روویكردە یانەی ئیتیحادی سعوودیە، هێرشبەرە فەرەنسیەكە لەگەڵ ئیتیحاد لە كۆی 83 یاری، 54 گۆڵ و 17 ئەسیستی تۆمار كرد، دوو نازناوی خول و جامی سعوودیەی لەگەڵ یانەكە بەدەستهێنا، بێنزێما لە یەكەمین یاریی بە درێسی هیلال هاتریكی كرد.
گۆنزالۆ، یەكێكی دیكەیە لە قوربانییەكانی ئێمباپێ
رۆژنامەی ماركا لە راپۆرتێكدا نووسیویەتی: هاتنی ئێمباپێ بۆ ریال مەدرید تەنیا كاریگەری لەسەر ڤینسیۆس، رۆدریگۆ و ئەندریك نەكردووە، بەڵكو خەونی ئەو یاریزانانەشی لە گۆڕناوە كە لە ئەكادیمیای یانەكە هاتن و درەوشانەوە، لە سەرووی هەموویان گۆنزالۆ گارسیا كە لەژێر سێبەری ئێمباپێ بە تەواوەتی كوژاوەتەوە. ئەمەش بە بەڵگەی ئەوەی گارسیا بەبێ ئێمباپێ لە ماوەی 800 خولەك 10 گۆڵی كردووە، لە كاتێكدا
گارسیا لەگەڵ ئێمباپێ لە 574 خولەك، ئاماری گۆڵی سفر بووە.
ماركا نووسیویەتی: ئێمباپێ تاوانبار نییە، چونكە بە نزیكەیی لە هەموو یارییەك گۆڵی كردووە، لە باشترینەكانی جیهانە، بەڵام یارییەكانی ریال مەدرید لە دەرەوی ئێمباپێ دەسووڕێتەوە و بووەتە هەموو شتێكی یانەكە، پێشوەخستە سیناریۆیەكان داڕێژراون كە دەبێت هەموو تۆپەكان بگاتە پێی ئێمباپێ، بۆیە گۆنزالۆ و هیچ یاریزانێكی دیكەی ریال مەدرید ناتوانێت جێگەیەك بۆ خۆی لە پاڵ ئێمباپێ بدۆزێتەوە.
توخێل گرێبەستەكەی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئینگلاند نوێكردەوە
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئینگلاند رایگەیاند لەگەڵ تۆماس تۆخێل گەیشتنە رێككەوتن و گرێبەستەكەی لەگەڵ هەڵبژاردەكەیان تاوەكو كۆتایی یۆرۆی 2028 درێژكردەوە.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئینگلاند رایگەیاندووە پێشتر بڕیاربوو تاوەكو كۆتایی مۆندیالی 2026 تۆخێل لەگەڵ هەڵبژاردەكەیان بمێنێتەوە، بەڵام لەگەڵ راهێنەرە ئەڵمانییەكە دڵخۆشن و تاوەكو كۆتایی یۆرۆی 2028 لەگەڵیان بەردەوام دەبێت.
تۆماس تۆخێل لە سەرەتای ئەمساڵ لە شوێنی گاریس ساوزگێت بووە راهێنەری هەڵبژاردەی ئینگلاند و لەگەڵ سێ شێرەكە سەرپەرشتی 10 یاریی كردووە و 9 سەركەوتن و یەك دۆڕانی تۆمار كردووە.
سێفرین: گەڕانەوەی ریال مەدرید دڵخۆشی كردین
ئالێكساندەر سێفرینی سەرۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورپا لە كۆبوونەوەی ساڵانەی فیدراسیۆنەكان رایگەیاند دڵخۆشم كە ریال مەدرید و بارسێلۆنا گەڕانەوە بۆ نێو خێزانی تۆپی پێی ئەوروپا و گوتیشی ئەم رێككەوتنەی نێوان یۆفا و ریال مەدرید تەنیا باشە بۆ تۆپی پێ دەهێنێت.
ئەمەش دەفی قسەكانی ئالێكساندەر سێفرینی سەرۆكی یوفایە: زۆر دڵخۆشم ریال مەدرید و بارسێلۆنا جارێكی دیكە گەڕانەوە نێو خێزانی تۆپی پێی ئەوروپا، بەراستی هەموومان لەم دووبەرەكی و كێشانە بێزاربووین، چەند كێشەیەكیشمان لەگەڵ سەرۆكی ریال مەدرید بەڕێز فلۆرێنتینۆ پێرێز هەبوو، بەڵام هیچ كات سوكایەتیمان بە یەكتری نەكردووە و هەمیشە پیشەییانە مامەڵەمان كردووە و هیچ كات بێرێزی لە قسە و كردارەكانماندا نەبووە، هیچ كات خۆشەویستیمان بۆ یارییەكە كەمی نەكرد، بەم كۆبوونەوە و رێككەوتنەش تۆپی پێ سەردەكەوێت و لە باشی تۆپی پێیە و هیچ كەسی دیكە.

