وەرگێڕان: شۆڕش غەفووری – هەولێر
(جەیمس پەتێرسۆن ـ James Patterson)، نووسەری باشترین ڕۆمانە پڕفرۆشەکانی (ئالێکس کرۆس ـ Alex Cross)ـە، کە کتێبە نوێیەکەی ناوی (خۆشەویستیی یەکەم ـ First Love)ـە و بە هاوبەشی لەگەڵ (ئێمیلی ڕەیمۆند ـ Emily Raymond) نووسیویەتی. جەیمس پەتێرسۆن لەم گفتوگۆیەیدا باس لەوە دەکات کە چەندە لە ژیانی خۆی بۆ نووسین تەرخان کردووە و باسی هەندێك لایەنی ئەدەب و نووسین و چیرۆك و ڕۆمانیش دەكات.
ـ دەكرێت باسی ڕۆتینی بەیانیانی خۆت بکەیت؟
پەتێرسۆن: من بە گشتی هەر حەوت ڕۆژەکەی هەفتە دەنووسم، واتە هەر ٥٢ هەفتەکەی ساڵ. بەیانیان کاتژمێر ٥:٣٠ لەخەو هەڵدەستم، ماڵەکەم ڕێک دەخەم، کەمێک دەنووسم، ڕەنگە پلانێک بێت بۆ ئەو ڕۆژەم. پاشان دەوروبەری کاتژمێر ٧ دەچمە دەرەوە، زۆرجار بۆ ماوەی کاتژمێرێك بە تەنها پیاسە بە نێو یاریگەی گۆڵفدا دەکەم. پاشان دەگەڕێمەوە و دەست بە نووسین دەكەم تا کاتژمێر ١١ بۆ ١٢ی نیوەڕۆ. ئیتر لەگەڵیشیدا هەندێك كاری بازرگانی دەكەم، هەڵبەت ئەگەر پێویست بێت. هەروەها كار لەسەر پلانەکانم دەكەم، لەو ماوەیە ئەو پلانانەم ژمارد كە ئەو ماوەیە دەمنووسین، بینیم ساڵانە نزیکەی ٩٠٠ لاپەڕە پلانم نووسیوە. زۆربەی پلانەکان سێ یان چوار ڕەشنووسن، کەواتە زۆرە! كەچی ساڵانە ڕۆمانێكیش تەواو دەكەم بە پێداچوونەوە و … ئەوەی لە ئۆفیسەکەمدا دەیبینیت، ڕەفەكانی نێو ژوورەکە، هەر ئێستا نزیكەی 50 بۆ 60 کۆمەڵە دەستنووسیان تێدایە، هەموو ئەوانە پڕۆژەی زیندوون. کەواتە نووسینێکی زۆرە، وانییە!
ـ چۆن ئەو هەموو پڕۆژەیە ڕێك دەخەیت؟ دەزانم هەندێکیان بە تەنها دەنووسیت، هەندێکیشیان لەگەڵ کەسانی تر. پڕۆسەکە چۆنە و جیاوازیی چییە لەوەی لەگەڵ كەسێك بنووسیت یا خۆت بە تەنیا بینووسیت؟!
پەتێرسۆن: زۆر جیاواز نییە، بەو مانایەی من تەنها لەگەڵ ئەو کەسانە کار دەکەم کە تێدەگەن. دواجاریش دەبێت کتێبێک بێت کە من زۆر خۆشحاڵ بم لەوەی ناوەکەمی لەسەر دابنێم. واتە خێرا و نووسینێکی باش. من هەمیشە ڕوو لە باشترین هاوبەشی گشتی دەكەم، واتە من چیرۆکی گشتی دەنووسم، بەڵام تەنها دەمەوێت چیرۆکێكی گشتیی باش بنووسم. ئەو کتێبانەی خۆم دەیاننووسم چەند ڕەشنووسێکیان هەیە. یەکەم شتێک کە دەبێت بیکەم ئەوەیە چیرۆکەکە ڕاست بکەمەوە. ئەگەر زۆر زوو پێداچوونەوەی بۆ بكەم، هەندێك بەش و پەڕەگراف و ڕستە هەیە كە خۆشت دەوێن، بەڵام نابێت لە کتێبەکەدا بن، بۆیە دەستكارییان دەكەم. من هەمیشە هەست دەكەم یەکەم جارمە كە چیرۆکەكە دەنووسم، بەڵام ئیتر هەمیشە كات هەیە بۆ پێداچوونەوە. من لەگەڵ نووسیندا، پلانێکی درێژیش دەنووسم، نزیكەی 60 بۆ 70 لاپەڕە و بە شێوەیەکی گشتیش بۆ هەر بەشێک ئەو پلانە دەنووسم، لانیکەم بۆ ٨٠ لە سەدی بەشەکان. پاشان داوا لە هاوبەشی نووسینەكەم دەكەم كە بەشداری لە پلانەکەدا بکات. ئەوەش لەبەر دوو هۆکار: دوو سەر باشترن لە یەک، بەڵام دەشمهەوێت هەست بکەن کە بەشێکن لە پڕۆسەکە، واتە بەشدارییان کردووە لە تەواوی پڕۆسەكە، هەر لە سەرەتا و پلانەکەوە تا كۆتایی. پاشان داوا دەکەم هەر چەند هەفتە جارێک لاپەڕەکان ببینین. بە پێچەوانەوە ساڵێک دواتر یان ١٨ مانگ دواتر دەستنووسەکە دەدەمە چاپەرەكە. لە کۆتاییدا كە كارەكە تەواو دەبێت ڕەشنووسەكە لە هاوبەشەكەم وەردەگرم و خۆم پێداچوونەوەی بۆ دەکەم.
ـ چۆن هاوبەشی نووسین هەڵدەبژێریت؟ دڵنیام ئەوە کارێکی قورسە؟
پەتێرسۆن: لە زۆر حاڵەتدا ئەو كەسانە دەمناسن و هەست دەکەم دەتوانم لەگەڵیان کار بکەم. حەزم لەو نووسەرانەیە کە دەتوانن دیمەنەکان بنووسن، و ئامادە بن ژیرانە گوێ بگرن، بەم شێوەیە دەتوانم كاریان لەگەڵدا بکەم. زیاتر لە نووسین کێشەم لەگەڵ سیناریۆنووسانی هۆڵیوود هەیە کە هەمیشە هەست دەکەن لە من زیاتر باشترین ڕێگە پێدەزانن. لەو كەسانە دەچن كە (شەڕ و ئاشتی)ـیان پێدەدەیت، كەچی دوو هەفتە دواتر ڕەئی خۆیان دەڵێنەوە.
ـ بەرهەمهێنەرەكان زیاتر بەشی شەڕەكەیان دەوێت، پێیان وایە دەتوانن ئاشتییەکە لەدەست بدەن…
پەتێرسۆن: ژینگەیەکی سەیرە ئەوێ [هۆڵیوود]. بەڕاستی من تیایدا ئاسوودە نیم. نووسەرە هاوبەشەكانم ئەوانە نین كە لەوێ ناسیومن. هەندێكیان لە ڕابردوودا كارم لەگەڵ کردوون، کەسیان وازی نەهێناوە. هەندێکیان چوونەتە دەرەوە بۆ نووسینی ڕۆمانەکانیان، بە پێچەوانەی زۆربەی خەڵک كە چێژ وەردەگرن و پێیان وایە کارێکی باشە. ئەو قورساییانەت نییە کە هەندێک کەس لەگەڵ دەستکاریکەراندا هەیانە.
ـ خوویێکی جیاواز یان تایبەتت هەیە؟
پەتێرسۆن: من بە پێنووس دەنووسم. کۆمپیوتەر بەکارناهێنم. ئەوە بێتامترین شتە. كە لێرە دانیشتووم و سەیری سێ یان چوار شتی سەر مێزەکەم دەکەم، هەمووی بە پێنووس نووسراون، و هاریکارێکم هەیە لاپەڕەکان تایپ دەکاتەوە، یان لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە دەیخوێنمەوە و تایپی دەكاتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، بڕێکی زۆر (سۆدە بە تامی پرتەقاڵ ـ orange soda) دەخۆمەوە. ڕۆژانەش لانیکەم جارێک بنێشت دەجووم. بەڕاستی پێش ئەوەی دەست بە قسەکردنەكەشمان بکەین، دەمجوو!
ـ باسی داهێنانی (ئالێکس کرۆس) بکە. ئایا وەک کارەکتەرێکی زنجیرەیی پێشبینیت بۆ كردبوو. ئەگەر وایە، پێش نووسینی چیرۆکەکە پلانت بۆی دانابوو؟
پەتێرسۆن: كە دەستم بە نووسینی ئالێکس کرد، ئەلێکسیس بوو، واتە كارەكتەرەكە ژن بوو. نزیکەی ٦٠ لاپەڕەیم نووسی، بەڵام ئەوەی ڕوویدا حەزم پێی نەبوو، بۆیە کارەکتەرەکەم گۆڕی بۆ نێر. لەو سەردەمەدا بەتایبەتی لە هۆڵیوود زۆر شتی ئەفریقی ـ ئەمریکی هەبوون هەستێکی بەرپرسیاریانەیان تێدا نەبوو. بۆیە من ویستم کارەکتەرێکی ئەفریقی ـ ئەمریکی دروست بکەم کە کێشەکان بە زیرەکی خۆی چارەسەر بکات، دژی ئەو وێنا کاریکاتێریە بێت كە لێوەیان دروست كراوە. ئەو كارەكتەرە بە تەنها منداڵان بەخێو دەکات، چاودێری داپیرەی دەکات، کێشەکان بە سەری (ئاوەزی) چارەسەر دەکات نەک بە مشتەكانی (توندوتیژی). بۆیە ئەوە منی هاندا گەشە بە کارەکتەرەکە بدەم.
ـ شێوازی مارکێتکردنی کتێب گۆڕاوە، وەك ئەوەی كە جەنابت كردت و سەرەتا ڕیکلامێکی تەلەڤزیۆنیت بۆ كتێبی (Along Came a Spider) كرد؟
پەتێرسۆن: یەکەم کتێب، بە بڵاوکەرەوەکەم گوت حەزدەکەم ڕیکلامێکی تەلەڤزیۆنیی بۆ بکەم. گوتیان، “ئێمە بە هیچ شێوەیەک ڕیکلامی تەلەڤزیۆنی ناکەین”، بۆیە خۆم چووم ڕیکلامێکی زۆر هەرزانم دروستکرد ـ تەنها نزیکەی ٢٠٠٠ دۆلاری تێچووـ . نیشانیانم دا و گوتیان: “ئۆو، ئەمەمان حەز لێیە”، ئەوەبوو ڕیکلامەکەمان کرد و کتێبەکە چووە نێو لیستی پڕفرۆشەکانەوە. سەرەتا تەنها لە سێ شار کردمان، نیویۆرک، شیکاگۆ و واشنتۆن. ئەو ڕۆژانە، بەڕاستی دوکانەکانی کتێبفرۆشتن زۆر بوون، پێویستت بەوە نەبوو ئەوەندە کتێبی زۆر بفرۆشیت بۆ گەیشتن بە لیستە پڕفرۆشەكان، بەڵام ئێستا گۆڕاوە. لانیکەم لە سەرەتا دەتوانیت بە شێوەی ئەلیكترۆنی سەدا 40 بۆ 60ی بفرۆشیت و كەچی دیسان هەر ئاسان نییە بۆ گەیشتنە بینەران. شتێک کە من هێشتا تەواو تێی ناگەم، لەو ڕووەوە كە چۆن دەكرێت بە شێوەی ئۆنلاین بگەیتە خوێنەرانت.
ـ چی دەتخاتە پێكەنین؟
پەتێرسۆن: پێموایە هەمیشە بەدوای ئەو شتانەدا دەگەڕێین کە تووشی سەرسوڕمان و شۆکمان دەكەن. سەرسوڕمانبوون کلیلەکەیە. وەك ئەوەی کەسێک شتێک بڵێت و شتێکی تەواو جیاواز بڵێت. زۆر بەوە پێدەکەنم ـ هەڵبەت بەرز پێناکەنم وەك ئەوەی هەندێك كەس پێدەكەنن ـ، بەڵام بە ڕاستی زۆربەی شتەکان لە ژیاندا جۆرێک خۆشیی خۆیان هەیە.
ـ شتێکمان پێ بڵێ دەربارەی خۆت کە كەس نایزانێت و سەرسوڕهێنەرە؟
پەتێرسۆن: هەرگیز لەسەر ئەمە وەڵامێکی ڕاستەوخۆ لە من وەرناگریتەوە.
ـ ئەگەر بتوانیت کەسێكی مردوو بگەڕێنیتەوە بۆ ژیان، کێ دەبێت و بۆچی؟
پەتێرسۆن: ئافرەتێکە کە لەگەڵیدا دەژیام، زۆر زوو مرد. ناوی (جەین ـ Jane) بوو و لە سی ساڵی كۆچی دوایی كرد. تەنها دڵخۆشیم بوو و خۆشەویستترین کەسم بوو. حەز دەکەم ببینم كە هەموو تەمەنی بژیتەوە. ئەوە شتێکی جوان دەبێت ئەگەر بشێت.
ـ كەی هەستت کرد نووسەریت؟
پەتێرسۆن: کاتێک ٢٦ ساڵ بووم، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیم پێگەیشت و ژنێك بوو گوتی لەگەڵ (ئێدگار ـ Edgars)ـەكانە. گوتی: خەڵاتی نووسەرانی نهێنیی ئەمریکات پێ بەخشراوە و پێویستە بچم بۆ ئەو بۆنەیە كە لە هوتێل کۆمۆدۆرە بۆ دوو شەو. ئاخۆ پێشتر پاڵێورابووم بۆ خەڵاتی ئێدگار. پێم گوت کە ناتوانم بێم. ئەویش گوتی کە دەبێت بچم، چونكە پاڵێوراوم. گوتم، “بەڕاستی ناتوانم”، گوتی: “نەخێر دەبێت بێیت! خەڵاتەكەت بردووتەوە!” گوتم: “ئۆو!”، ئەوەبوو چووم و دایک و باوکمم برد. دڵەڕاوکێ بووم، تەنانەت ئەگەرچی پێی گووتبووم كە بردوومەتەوە، چونكە هەستم دەكرد بۆ ئەوە وایگوتبێت تا بچمە ئەوێ. بۆیە هێشتا دوودڵ بووم كە داشنیشتم. کاتێک بانگیان کردم و ڕۆیشتم سەرەوە، بیرمە گوتم: “پێم وایە كە ئێستا نووسەرم”. ئەوەبوو لەو خاڵەوە بەڕاستی خۆمم بە نووسەر دادەنا.
ـ چ ئامۆژگاریەکت هەیە بۆ ئەو كەسانەی كە هیوایەتیانە ببنە نووسەر؟
پەتێرسۆن: ئەو کەسانەی دەیانەوێت چیرۆکی بازرگانی بنووسن، پێموایە دەبێت سێ یاساکەی چیرۆک ڕەچاو بكەن، واتە چیرۆک چیرۆکە. بە ڕاستی دەبێت بتوانیت بە کەسێک بڵەیت، لە پەرەگرافێکدا بیرۆکەکەت چییە و پێی بڵەین “ئۆو، ئۆو، ئەوە زۆر باشە.” لە ڕووی ڕەهەندە ئەدەبییەكانیشەوە، ئیتر ئەوە پەیوەستە بە خودی كەسەكەوە.
ـ پێخۆشە لەسەر كێلی گۆڕەكەت چی هەڵکەنرێت ؟
پەتێرسۆن: تەنها ڕێكەوتی لەدایکبوونم و بەس. نابێت ڕێكەوتی مردنم بنووسرێت.

