ئارام کۆشکی
لە رۆمانی “قومری و قومری” تەحسین یوجەلدا، کاراکتەرێکی خزمەتگوزار لە ماڵێکدا سەرسامی خۆی بەوە دەردەبڕێت خاوەنماڵەکە کتێبی بەلزاک دەخوێنێتەوە و ئەمە دەبێتە هۆی پرسیار بۆی و لە خاوەنماڵەکە دەپرسێت بۆچی دەخوێنیتەوە؟ ئەویش چەشنی خوێنەرە وریا و بە ئەزموونەکان بەوپەڕی سادەییەوە دەڵێت “دەخوێنەوە بۆ ئەوەی لە شوێنی خۆمەوە گەشت بۆ هەموو جیهان بکەم.” بێگومان ئەمە یەکێکە لە وەڵامە سادەکان بۆ سوودەکانی خوێندنەوە، بەڵام لەگەڵ ئەمەدا دەیان سوودی دیکەی هەیە، کە من لە وتارەکانی پێشوومدا باسم کردوون و پێویست بە دووبارەکردنەوە ناکەن. بەڵام ئەوەی گرنگە لێرەدا ئاماژەی پێ بکەین ئەو بەرپرسیارێتییەیە، کە خوێندنەوە دەیخاتە سەر شانی خوێنەر و بەرپرسیاری دەکات بەرامبەر بەخۆی و دەرووبەر، تا ئازادی ئەوانی تر پێشێل نەکات و دووربێت لە قسەهەڵڕشتن و زۆربڵێی بێسوود.
هەمیشە دژ بە ڕەهاگەرایی بووم و بڕوای تەواوم بە ئازادی هەیە، بەڵام هەموو ئازادییەک سنووری تایبەتی هەیە و هیچ ئازادییەکی بێسنوور نییە، ئەگەر ئازادییەکی بێسنووریش هەبێت، ئەوا مافی کەسانی تر پێشێل کراوە و لە ئازادییەوە بەرەو بەرئاوەڵایی ڕۆیشتووە. نووسەران و هونەرمەندان ئازادن، بەڵام خاوەنی ئازادی ڕەها نین، هەمیشە سنوورگەلێک هەیە کە ڕەچاوی دەکەن، ئەمە نیشانەی ئەوە نییە، کە ئازاد نەبن، بەڵام ڕێگە بەخۆیان نادەن مافی ئەوانی تر پێشێل بکەن. ئەمە بۆ خوێنەرانیش درووستە. هەموو خوێنەرێک دەتوانێت لە سنوورێکی دیاریکراودا ئەزموونی ئازادی خۆی بکات، بەڵام خوێنەربوون نیشانەی ئەوە نییە، کە بەوپەڕەی بەرئاوەڵاییەوە بۆچوون دەربڕێت و تێکست ڕەفز بکاتەوە و نووسەرانی پڕخوێنەر بە عەوامپەسەند تۆمەتبار بکات.
خوێنەربوون سەرەتایەکە بۆ وشیاربوونەوە بەرامبەر سەرەتا خودی خۆت و دواتر بەرامبەر دەوروبەرت و پاشانیش دونیا. خوێنەربوون ڕێگەیەک نییە بۆ شکاندنی ئەوانی تر و ڕەتکردنەوە و سڕینەوەی ئەوانی تر. خوێندنەوە هونەری چێژوەرگرتن و دەستگەیشتنە بە مەعریفە. زۆر تێکست هەن هیچ چێژێکیان تێدا نییە، بەڵام خوێنەران بۆ دەستگەیشتن بە مەعریفەکەی نێوی دەیخوێننەوە. واتە خوێندنەوە ناکرێت تەنها لە پێودانگێکی چێژگەراییەوە سەیر بکرێت و لەوێوە تێکستەکان بەپێی چێژ و سەلیقەی خوێنەرەکە پۆلێن بکرێت. خوێنەربوون ڕێگەیەکە زیاتر لەوەی تەنها بۆ چێژ بێت، بەڵکو دەشێ هەندێک خوێنەر تەنها بۆ چێژ بخوێننەوە، بەڵام هەموو خوێنەران بۆ چێژ ناخوێننەوە، بەشێک لە خوێنەران بۆ چێژ دەخوێننەوە و دەشیانەوێت لەڕێیەوە بەر مەعریفە بکەون. ئەمەش دۆخە ڕاستەقینەکەی خوێنەربوونە.
بێگومان من لێرەدا “خوێنەری چێژگەرا” ڕەت ناکەمەوە و ئەمە مافی خۆیانە کە بەوشێوەیە لە خوێندنەوە بڕوانن، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە “چێژ”ی خۆیان نەکەنە پێوانە بۆ هەڵسەنگاندنی تێکست و ڕەتکردنەوە و ڕەفزکردنی نووسەران. هەموو تێکستێک بە “پێوانەی چێژ” ناپێورێت، بەڵکو تێکستەکان خاوەنی تایبەتمەندی جۆراوجۆرن و بەپێی میتۆد و هەڵسەنگاندنی جۆراوجۆریش دەکرێت هەڵبسەنگێنرێن. گوتەیەکی گەلێک سەرنجڕاکێش هەیە، کە دەڵێت “هەر تێکستێک جیهانێکی سەربەخۆیە.” ئەم سەربەخۆبوونەی جیهانی هەر تێکستێک سەرەتایەکە بۆ ئەوەی لەبەردەم مەعریفەی تێکستدا هەست بەسنوورداری بکەین، چونکە هەم مەعریفە و هەم توانای چێژکردنی هەر خوێنەرێک سنووردارە، کەواتە مافی دەربڕینی بۆچوونی ڕەهاگەرایی نییە.
لە ئەزموونی خوێندنەوەی خۆمدا گەلێک تێکست هەبووە چێژم نەکردووە، یان لە قۆناغێکدا توانای تێگەیشتنم نەبووە لێی، بەڵام هەرگیز ڕەتم نەداوەتەوە، یان لە دواتردا خوێندوومنەتەوە، یان بڕوام بەوە هێناوە، کە من حەزم لەو جۆرە لە تێکست نییە و بۆ ئەو جیهانی منی تێدام هیچی ئەوتۆی پێ نییە، بۆیە چێژی ناکەم. خوێندنەوە یەکەم هەنگاوە بۆ ئەوەی بزانین ئێمە بەرەو چ جیهانێک دەڕۆین و چیمان دەوێت؟ بەبێ ئەم وشیارییە سەرەتاییە ناتوانین بڵێین خوێنەرێکی وشیارین. بێگومان ئەم بۆچوونە بۆ جیهانی هونەریش بەهەمان شێوەیە، دەشێ هەر گوێگر/بینەرێک حەزی بە جۆرێک لە موزیک، یان کاری هونەریی دیکە نەبێت، بەڵام حەزی لە جۆرێکی دیکە و ستایلێکی دیکە بێت، ئەمە حاڵەتێکی زۆر ئاساییە، چونکە حەز و خولیا و ڕادەی چێژکردن و مەعریفەی مرۆڤەکان لە یەکتری جودایە و هەموان وەکو یەک بیر ناکەنەوە و لە یەک پاشخانی مەعریفەی و ئایینی و کولتوورییەوە نەهاتوونەتە دەرەوە، بۆیە ئەو پاشخان و مەعریفەیەی هەمانە کاریگەریی لەسەر ڕادەی چێژکردنمان و تێگەیشتنمان لە کارە هونەریی و ئەدەبییەکان دەدات، هەر بۆیە گرنگە خۆمان لە مافی ڕەتکردنەوەی کارە هونەریی و ئەدەبییەکانی ئەوانی تر بپارێزین، کاتێک تەنها لەبەرگی خوێنەر/بینەر داین، بەڵام کە پێگەکەمان بەرەو ڕەخنەگر ڕۆیشت ئەوسا دەرگایەکی نوێمان لەبەردەمدا دەکرێتەوە، کە دەرگایەکە بەرپرسیارێتیشمان دەخاتە سەر شان و دەربڕینی هەر بۆچوونێک سەلماندنی پێویستە.
بێگومان من لێرەدا نامەوێت بڵێم خوێنەران هیچ مافێکیان نییە، کە بۆچوون لەبارەی تێکستەکانەوە بنووسن، نەخێر. ئەوان دەتوانن بۆچوون بنووسن، بەڵام گرنگە تاکە سەرچاوەی مەعریفەیان ڕادەی چێژبینی خۆیان نەبێت لە تێکستەکان، چونکە تێکست تەنها بە چێژ هەڵناسەنگێنرێت، ئەوەی وا دەکات هەڵسەنگاندنی تێکستێک بایەخدار بێت ڕادەی پێوانەکردنی چێژبەخشینی نییە، بەڵام زۆر لایەنی دیکەی تێکستە، کە چێژبەخشی تەنها یەکێکە لەوانە. واتە هەموو هەڵسەنگاندن و پێوانەسازییەک، کە بنەماکەی تەنها چێژ بێت، هەڵسەنگاندن و پێوانەسازییەکی هەڵەیە. بڕیاردان لەبارەی تێکستەکانەوە بە میتۆد و مەعریفە و کەشفکردنی جیهانی تایبەتی تێکستەکە دەبێت و بەبێ ئەمە مافی ڕەتکردنەوەی تێکستمان نییە.
بەڵام کەی مافی ڕەتکردنەوەی تێکستمان هەیە؟
دەسەڵاتی خوێنەر سنووردارە و مافی نەخوێندنەوە و چێژنەکردنی تێکستی هەیە، بەڵام مافی ڕەتکردنەوەی تێکستی نییە و ئەوەی مافی ڕەتکردنەوەی تێکستی هەیە ئەوە ڕەخنەگرە. واتە ئەگەر خوێنەرێک هەوڵی ڕەتکردنەوەی تێکستێکی دا دەبێت پێگەی لە “خوێنەر”ەوە بەرەو “ڕەخنەگر” گواستبێتەوە و ڕەخنەگربوونیش پێویستی بە سەلماندنی هەموو ئەو بۆچوونانە هەیە کە دەردەبڕدرێت و گرنگیشە بۆچوونەکان لەژێر کاریگەریی سۆز و چێژگەراییدا نەبێت و ئەمەش کەرەستەی دەوێت، هەم بۆ خوێندنەوە و گەڵاڵەکردنی بۆچوونەکان، هەم بۆ کەشفکردنی ئەو جیهانەی کە تێکستەکە بوونیادی ناوە. لێرەوە تێدەگەین، کە خوێنەربوون چەندە هونەرێکی ئاسانە، بەڵام بەدەر نییە لە بەرپرسیارێتی بەرامبەر تێکست و نووسەر، هاوکات گرنگە خوێنەران سنووری نێوان “خوێنەربوون” و “ڕەخنەگربوون” بزانن و پێگەی خوێنەری خۆیان لە چەشنی ڕەخنەگرێک بەکار نەهێنن، چونکە ئەم جێگۆڕکێیە بەرپرسیارێتی زیاتر دەخاتە سەرشانیان.

