ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر
لە بەردەوامی هۆشیاری مانگی شێرپەنجە یەكێكی تر لە جۆرەكانی شێرپەنجە دەخەینە ڕوو كە بەهۆشیاری و زانیاری دەربارەی دەتواندرێت ڕێگری لێبكرێت، شێرپەنجەی ملی منداڵدان یەکێکە لەو نەخۆشییانەی ساڵانە هەڕەشە لە ژیانی هەزاران خانم دەکات، بەڵام پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە: تا چەند ئەم نەخۆشییە مەترسیدارە و چۆن دەتوانین خۆمانی لێ بپارێزین؟ د. پۆیلە حەبیب زەنگەنە، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون، تیشک دەخاتە سەر وردەکارییەکانی ئەم نەخۆشییە و ڕێگاکانی دەستنیشانکردنی پێشوەختە.
بەپێی وتەکانی د. پۆیلە، هۆکاری سەرەکیی تووشبوون بەم شێرپەنجەیە بریتییە لە ڤایرۆسی پاپیلۆمای مرۆڤ (HPV) زانیارییە سەرەکییەکان دەریدەخەن کە:
• زیاتر لە 90%ی حاڵەتەکان بەهۆی هەوکردنی بەردەوام بەم ڤایرۆسەوەیە.
• تا ئێستا ١٥٠ جۆری ئەم ڤایرۆسە ناسراون، بەڵام جۆرەکانی ١٦ و ١٨ مەترسیدارترینن و بەرپرسن لە 70% ی جۆرەکانی شێرپەنجەی ملی منداڵدان.
• جگە لە ڤایرۆسەکە؛ جگەرەکێشان، نەخۆشییە سێکسییەکان و بەکارهێنانی هەندێک ڕێگەی ڕێگری لە منداڵبوون ئەگەری تووشبوون زیاد دەکەن.
نیشانەکان؛ ئاگاداری گۆڕانکارییەکان بن
یەکێک لە مەترسییەکانی ئەم نەخۆشییە ئەوەیە کە لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا هیچ نیشانەیەکی نییە، بەڵام لەگەڵ پێشکەوتنی نەخۆشییەکە، ئەم نیشانانە دەردەکەون:
1. خوێنەچۆڕەی نائاسایی: وەخوێنکەوتن لە نێوان سووڕە مانگانەکاندا.
2. دەردراوی نائاسایی: دەردراوی قاوەیی، خوێناوی یان خاوەن بۆنێکی ناخۆش.
3. ئازار: هەستکردن بە ئازار لە ناوچەی حەوز یان لە کاتی جووتبووندا.
“پشکنینی پێشوەختە کلیلی ڕزگاربوونە؛ پێویستە خانمان لە تەمەنی 25 ساڵانەوە پێنج ساڵ جارێک خۆیان بدەنە بەر پشکنین.”
خۆپاراستن و چارەسەر
خۆشبەختانە، شێرپەنجەی ملی منداڵدان یەکێکە لەو جۆرانەی کە دەتوانرێت ڤاکسینی تایبەتی بۆ وەربگیرێت کە ئەگەری تووشبوون بە ڕێژەیەکی زۆر کەمدەکاتەوە.
سەبارەت بە چارەسەریش، دکتۆر پۆیلە ئاماژە بەوە دەکات کە جۆری چارەسەر (نەشتەرگەری، کیمیایی، یان تیشک) بەپێی قۆناغی نەخۆشییەکە دەگۆڕێت. مژدەی خۆش ئەوەیە کە ڕێژەی چاکبوونەوە زۆر بەرزە، بەتایبەت بۆ ئەو خانمانەی کە جگەرە ناکێشن و لە قۆناغی سەرەتاییدا نەخۆشییەکەیان دەستنیشان دەکرێت.

