رۆژنامەی ھەولێر

بەپێی ئاماری پزیشکەکان ٤٠-٥٠٪ لە خێزانەکان یەکەم جار دەچنە لای مــــــــــــــــــەلا وشێخ، نەک پزیشکی دەروونی و ڕێنماییکاری دەروونی

حەسەن حەمەد ئاندێكی

 

پڕۆفیسۆری یاریدەدەر: لیا حەسەن محەمەد میراودەلی، مامۆستا لە بەشی پەروەردە و دەروونزانی کۆلێژی پەروەردە/ زانکۆی ڕاپەڕین، پسپۆڕی دەروونزانیی کەسایەتی لە دیمانەیەكی “هەولێر”ـدا ئاماژەی بەوەدا:” لەگەڵ نەبوونی ئاماری فەرمی و تەواو بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵام بەپێی لێکۆڵینەوە سنووردارەکان و ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان و چاودێری کلینیکی نزیکەی ٢٥-٣٥٪ لە دانیشتووانی کوردستان لە ماوەی ژیانیاندا تووشی لایەنێک لە نەخۆشی دەروونی دەبن”.

دەرووندروستی یان تەندروستی دەروونی چییە؟
تەندروستیی دەروونی (Mental Health) تەنیا بە واتای نەبوونی نەخۆشی یان نەبوونی تێکچوونی دەروونی نایەت، بەڵکو چەمکێکی زۆر فراوانترە. لە ڕوانگەی زانستی دەروونناسییەوە، دەرووندروستی بریتییە لەو بارودۆخەی کە تێیدا تاک دەتوانێت بە شێوەیەکی گونجاو لەگەڵ ژینگەکەی هەڵبکات و هاوسەنگییەکی ناوەکیی هەبێت.
بە پێوەری ڕێکخراوە جیهانییەکەی تەندروستی (WHO) دەرووندروستی بریتییە لە “بارودۆخێکی خۆشگوزەرانی” کە تێیدا تاک تواناکانی خۆی دەناسێت و تێدەگات کە خاڵە بەهێز و لاوازەکانی چین. هەروەها بەرگەی فشارەکان دەگرێت و دەتوانێت لەگەڵ فشارە ئاساییەکانی ژیاندا مامەڵە بکات و بەرهەمهێنەرە، واتە دەتوانێت بە شێوەیەکی کاریگەر کار بکات و سوود بە کۆمەڵگە بگەیەنێت.

چەند جۆر نەخۆشی دەروونیمان هەیە وەكو زانست؟ كامیان لە كومەڵگەی كوردی باوترە و لەبەرچی؟
لە زانستی دەروونناسی و دەروونپزیشکیدا، نەخۆشییە دەروونییەکان لە کتێبی (DSM-5) واتە کتێبە زانکۆییەکەی (رێبەری دەستنیشانکردن و ئاماری نەخۆشییە دەروونییەکان)ـدا کراونەتە چەندین پۆلی سەرەکییەوە؛ جۆرە سەرەکییەکان:
1. نەخۆشیی دڵەڕاوکێ و مەترسیدار (Anxiety Disorders) کە بریتین لە دڵەڕاوکێی گشتی (GAD)نەخۆشی پانیک، فۆبیا (ترسی زیادە)، نەخۆشی دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی
2. نەخۆشییە خەمۆکییەکان (Mood disorders): (خەمۆکی (Depression)، نەخۆشی دووقۆناغی (Bipolar)
3. نەخۆشی سکیزۆفرینیا و نەخۆشییە دەروونییەکان (سکیزۆفرینیا، نەخۆشی دەروونی کورتخایەن)
4. شڵەژانە کەسایەتییەکان(Personality Disorders) ؛ شڵەژانی کەسایەتی (چەوساوەیی، شیزۆیید، شیزی، دژەکۆمەڵ، هەڵچونی نا سەقامگیر، هسترۆنی، نەرجسی، دورەپەرێز، پاڵپشت، گەمارۆ).
5. نەخۆشی تراوما و فشار، وەک (کێشەی فشاری دوای ترۆما PTSD، نەخۆشی فشاری ئاکیوت(.
6. کێشەی خواردن؛ ئانۆرێکسیا، بولیمیا
7. نەخۆشییەکانی بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان (نەشئەیی، خواردنەوە کحولیەکان).
8. پەشێویە دەروونیەکان لە منداڵدا (ADHD)، ئۆتیزم، گرفتەکانی فێربوون، گرفتەکانی زمان.

سەبارەت بە پرسیاری نەخۆشییە باوەکان لە کۆمەڵگای کوردیدا
لەگەڵ نەبوونی ئاماری فەرمی و تەواو، بەپێی چاودێری کلینیکی و لێکۆڵینەوە سنووردارەکان،
هەروەها بەرکەوتە و ئەزمونی پسپۆڕیمان ئەم نەخۆشیانە باوترینن:
١. خەمۆکی (Depression)؛ یەکێک لە باوترین نەخۆشییەکانە لەناو کۆمەڵگای کوردیدا.
٢. نەخۆشی دڵەڕاوکێ و ترس، بەتایبەتی لەناو ژنان و لاوان. بەهۆی بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری سەخت، نەبوونی ئاسایشی سیاسی و کۆمەڵایەتی، بێکاری، کۆچکردن و دەربەدەری، مێژووی شەڕ و پێکدادان، فشارە کۆمەڵایەتییەکان، دڵەڕاوکێی داهاتوو، تراومای کۆمەڵایەتی.
٣. PTSD (تراومای دوای شەڕ) بەتایبەتی لەناو ئەوکەسانەی ڕووبەڕووی شەڕ، توندوتیژی، یان کۆچبەری بوونەتەوە؛ شەڕەکانی چەند دەهەی ڕابردو، ئەنفالکرانن و کیمیاباران و توندوتیژیی کۆمەڵایەتی.
٤. نەخۆشییە دەروون-جەستەیی (Psychosomatic) واتە ئازارە جەستەییەکان کە هۆکاری دەروونییان هەیە.
بەهۆی کولتووری پشتگوێخستنی کێشە دەروونییەکان و نەبوونی ڕێکار و شێوازی دەربڕینی هەستەکان.
٥. نەخۆشییەکانی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر.

ئایا تاکی کوردی تا چەند دەرووندروستە؟
وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە پێویستی بە ڕوونکردنەوەیەکی ورد و زانیاری و داتای ورد و توێژینەوەی زیاتر هەیە چونکە دەروندروستی بەپێی کەسەکان جیاوازە و کەسێک بە دەروونی تەندروست دەژیێت کاتێک دەتوانێت لەگەڵ گۆڕانکارییەکاندا بگونجێت، مەبەستی ژیانی هەیە توانای چارەسەرکردنی کێشەی هەیە هەست بە شادی و ڕەزامەندی دەکات.
لەگەڵ نەبوونی ئاماری فەرمی و تەواو بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵام بەپێی لێکۆڵینەوە سنووردارەکان و ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان و چاودێری کلینیکی نزیکەی ٢٥-٣٥٪ لە دانیشتووانی کوردستان لە ماوەی ژیانیاندا تووشی لایەنێک لە نەخۆشی دەروونی دەبن، کە ئەم ڕێژەیە بەرزترە لە ڕێژەی جیهانی (کە نزیکەی ٢٠-٢٥٪)ـە.
ئاماری دروست بەردەستە بۆ شڵەژانەکان لەناو کوردستاندا؟ لە چ ئاستێکدایە؟ لەناو شڵەژانەکانی کەسایەتیدا کامیان لەکۆمەڵگای کوردی بەربڵاوترینە؟
سەرەتا شڵەژانی کەسایەتی: شێوازێکی بەردەوام و توند لە بیرکردنەوە و هەستکردن و ڕەفتارکردن و پەیوەندیی لەگەڵ خەڵکی کە جیاوازە لە کولتووری کۆمەڵگا و دەبێتە هۆی کێشە لە پەیوەندییەکان. چەند جۆرێکی هەیە.
جۆرەکانی نەخۆشی کەسایەتی (DSM-5) دابەش دەکات بۆ ٣ کلاستەر:
کلاستەری A – “نامۆ/گومانبار” (Odd/Eccentric)
١. کەسایەتی پارانۆید (Paranoid PD): گومانبار بەرامبەر هەموو کەسێک، باوەڕی وایەهەموان خوریکی پیلانگێڕین دژی ئەو. توانای متمانەکردنی نییە.
٢. کەسایەتی شیزۆید (Schizoid PD): بێبەری لە پەیوەندیی کۆمەڵایەتی، بێهەستی، تەنیاپەرستی.
٣. کەسایەتی شیزۆتایپ (Schizotypal PD): باوەڕی نامۆ، بیرکردنەوەی نامۆ، ڕەفتاری سەیر
کلاستەری B – “دراماتیک/ هەستی” (Dramatic/Emotional)
٤. کەسایەتی دژەکۆمەڵ، (Antisocial PD – ASPD): پشتگوێخستنی مافی خەڵکی، درۆ و فریودان، توندوتیژی، نەبوونی پەشیمانی، یاسابەزێنی.
٥. کەسایەتی بۆردەرلاین (Borderline PD – BPD): گۆڕانکاریی توند لە هەست، پەیوەندیی ناجێگیر، ترسی بەجێهێشتن، ڕەفتاری مەترسیدار، هەستی بەتاڵی.
٦. کەسایەتی هیستریۆنیک (Histrionic PD): ویستی سەرنجڕاکێشان زۆر، دراماتیزەکردن، ڕەفتاری سێکسی زیادەڕۆیی، هەستی سەرسووڕهێنەر.
٧. کەسایەتیی نەرجسی یاخود نارسیستی (Narcissistic PD – NPD): حەزی زۆر بۆ خۆی، ویستی ستایشکردن،کەم‌هاوسۆزی، حەسوودی.
کلاستەری C – “ترسناک/دڵەڕاوکێ” (Anxious/Fearful)
٨. کەسایەتیی دوورەپەرێز (Avoidant PD – AVPD)؛ ترس لە ڕەتکردنەوە، شەرمەزاری کۆمەڵایەتی، هەستکردن بە کەمایەتی، دوورکەوتنەوە لە خەڵکی.
٩. کەسایەتیی پەیوەست (Dependent PD)؛ پشتبەستن بە خەڵکی زۆر، ترس لە بڕیاردان، نەتوانینی بەتەنهابوون، ترس لە جیابوونەوە.
١٠. کەسایەتی گەمارۆ (Obsessive-Compulsive PD – OCPD): زێدەوردبینی، کۆنترۆڵکردنی زۆر، تەواوخوازی، زێدەڕێکوپێکی زیادەڕۆ؛ کە جیاوازە لە (OCD) واتە نەخۆشی وردبینی زۆرەملێ.

رێژەی نەخۆشییە کەسایەتییە باوەکان لە کوردستاندا چەندە
لەگەڵ نەبوونی ئاماری فەرمی و تەواو، بەڵام بەپێی چاودێری کلینیکی و لێکۆڵینەوەی سنووردار و ئەزموونی تایبەتی شارەزایان ئەم جۆرانە زیاتر دەبینرێن:
١. کەسایەتی بۆردەرلاین (BPD)
زۆر باو – بەتایبەتی لەناو ژنان ڕێژە لە کوردستان نزیکەی ٢-٤٪
(لە کاتێکدا ڕێژەی جیهانی ١.٦٪)ە. بۆچی لە کوردستان باوترە؟ هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ:-
تراومای منداڵی:
توندوتیژی ماڵەوە (جەستەیی، دەروونی، سێکسی)
پشتگوێخستن لە لایەن دایک/باوک
کێشەی خێزانی (جیابوونەوە، شەڕ)، شەڕ و ناسەقامگیری
کولتووری کۆمەڵایەتی:
سیستەمی خێزانی پاتریارکی (دەسەڵاتی پیاو)، کۆنترۆڵی زۆر لەسەر ژنان، سنووردارکردنی ئازادی، فشاری کۆمەڵایەتی
کێشەی پەیوەندیی:
هاوسەرگیریی زۆرەملێ، نەبوونی هەڵبژاردن، توندوتیژی لە پەیوەندیدا، ڕێژە لەناو ژنان ٣-٤ جار بەرزترە لە پیاوان.
٢. کەسایەتی دژەکۆمەڵ (ASPD)
باو – بەتایبەتی لەناو پیاوان، ڕێژە لە کوردستان نزیکەی ٢-٣٪ لە پیاوان (ڕێژەی جیهانی ٣٪)

بۆچی لە کوردستان باوترە؟
مێژووی شەڕ:
ئەم نەوەیە لەتوندوتیژیدان گەورەبووە، نۆرماڵایزکردنی توندوتیژی، کەمبوونەوەی هاوسۆزی
کولتووری کۆمەڵایەتی:
پیاوانەیی توند و سالار، کولتووری “تۆڵەسەندنەوە”، کەمبوونەوەی دەسەڵاتی یاسا
بارودۆخی ئابووری:
بێکاری، بەئاساییکردن (نۆرماڵایزکردن)ـی تاوان، ڕێژەکەی لەناو پیاواندا ٤-٥ قات بەرزترە
٣. کەسایەتیی پەیوەستبوو (Dependent PD)
باوە؛ بەتایبەتی لەناو ژناندا، ڕێژەی نزیکەی ١-٢٪
بۆچی لە کوردستان باوترە؟
کولتووری پەروەردە و گەورەکردن:
ژنان پەروەردە دەکرێن بۆ پشتبەستن، کەمکردنەوەی سەربەخۆیی، “ژن پێویستی بە پیاوە”
سیستەمی کۆمەڵایەتی:
کۆنترۆڵی خێزان، نەبوونی سەربەخۆییی ئابووری، پشتبەستن بە باوک/ براکان/ هاوسەر
٤. کەسایەتی دوورەپەرێز(Avoidant PD)
تا ڕادەیەک باو، ڕێژەکەی نزیکەی ١-٢٪
بۆچی لە کوردستان باوترە؟
کولتووری ڕەخنە:
کۆمەڵگا، “خەڵکی چی دەڵێن”، ڕەخنەی بەردەوام، گاڵتەجاڕی
ستیگمای کۆمەڵایەتی:
شەرمەزارکردن کاتێک یەکێک هەڵدەکات، تاوانبارکردنی کۆمەڵایەتی
٥. کەسایەتی گەمارۆ (OCPD)
تا ڕادەیەک باوە – بەتایبەتی لەناو پیاوان، ڕێژەکەی نزیکەی ١-٢٪
بۆچی لە کوردستان باوترە؟
کولتووری کۆنترۆڵ:
ویستی کۆنترۆڵکردنی ژیان، ترس لە ناڕێکوپێکی، پێویستی بە سەقامگیری
بارودۆخی ناسەقامگیر:
هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ژینگەی دەوروبەر
٦. کەسایەتی پارانۆید
زیادبووە و ڕوی لەزیادبوونە بەداخەوە، ڕێژەکەی نزیکەی ٠.٥-١٪

تێڕوانینی کۆمەڵگە بەگشتی و تاک بەتایبەتی چۆنە بۆ چارەسەری دەروونی؟ ئایا قەناعەتیان پێی هەیە؟
تێڕوانینی کۆمەڵگای کوردی بۆ چارەسەری دەروونی پرسیارێکی زۆر گرنگە چونکە تێڕوانینی کۆمەڵایەتی یەکێکە لە گەورەترین ئاستەنگەکان بەردەم چارەسەری دەروونی لە کوردستاندا. تەنها ١ لە ٤-٥ کەس تێڕوانینێکی ئەرێنی و پشتیوانە لە چارەسەری دەروونی هەیە.
تێڕوانینەکان نەرێنین و دەڵێن “تەنها کەسی شێت دەچێتە لای پزیشکی دەروونی” یان “ئەقڵی لەدەست داوە.”
هەندێکیشیان تێڕوانینی هەڵەی ئایینییان هەیە، بە نموونە “جن چووەتە لەشی” یان “چاو لێی داوە” یان “خودا نەفرەتی لێ داوە”، “نوێژ ناکات، قورئان ناخوێنێتەوە”. ئەمانە و چەندان قسەی تر، بۆیە زۆربەی کۆمەڵگەی ئێمە بۆ نەخۆشینی دەروونی پێشنیاری چوون بۆ لای مەلا و شێخ و هەروەها نوێژکردن و ڕۆژووگرتن و، خوێندنەوەی قورئان و ڕوقیە (نزای جن دەرکردن) دەکات.
لە ڕاستیدا نوێژ و باوەڕ دەتوانێت یارمەتیدەر بێت، بەڵام نابێتە جێگرەوەی چارەسەری زانستی.
بەپێی ئاماری پزیشکەکان ٤٠-٥٠٪ لە خێزانەکان یەکەم جار دەچنە لای مەلا وشێخ، نەک پزیشکی دەروونی و ڕێنماییکاری دەروونی.
جگە لەوەی بەشێک پێیان شەرمەزارییە بۆ خێزان و بنەماڵەکەیان، دەڵێن “ئەگەر خەڵکی بزانن، ناوی خێزانمان دەزڕێت” یان “کچەکەمان مێردی پێ ناکرێت”، “کوڕەکەمان ژنی پێ نادرێت” بۆیە خێزانەکان دەیشارنەوە.
هەندێکی تریش لاوازی یەخود کەمی خواستی چارەسەریان هەیە.
گرفتێکی تر بریتییە لە هەڵەبیرکردنەوە و هەڵەتێگەیشتن لە دەرمانەکانەکانی چارەسەری دەروونی و ترس لە دەرمانی دەروونی، باوەڕی خەڵک وایە “دەرمانە دەروونییەکان دەتکەنە هۆکارە (مودمین و موعتاد) یان “مێشکت تێک دەدات” یان بە دەیان جار لە چارەخواز گوێبیست دەبین، دەڵێت:”جارێک دەستت پێ کرد، هەتاهەتایە دەبێ بیخۆیت” .
بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا خەڵکانێک کە خۆشبەختانە کە ڕێژەکەی رووی لەزیادبوونە، تێڕوانینی ئەرێنییان بۆ چارەسەری دەروونی و ڕێنمایی و ڕاوێژکاری دەروونی هەیە. ئەمەش بەهۆی کەمبوونی ستیگما لە نەوەی نوێدا. هەندێکیان داوای یارمەتی دەکەن و قبووڵی چارەسەر دەکەن.
دەمەوێت کاریگەری ستیگما لەسەر چارەسەر بخەمە ڕوو:
تەنها ١٥-٢٥٪ لەو کەسانەی پێویستیان بە چارەسەری دەروونیە بە ڕاستی دەوێرن ڕوو لە چارەسەر بکەن.
٥٠-٦٠٪ لەوانەی دەچن، درەنگ دەچن (دوای ساڵان لە تووشبوون).
٣٠-٤٠٪ لەوانەی دەست پێدەکەن، وازی لێدەهێنن لە ماوەی ٣ مانگی یەکەمدا.
٦٠-٧٠٪ دەرمان دەستنیشانکراو بە ڕێکوپێکی ناخۆن.
خاڵێکی تریش بەگرنگی دەزانم ئاماژەی پێبکەم، بریتییە لە کەمی نەزانیاری لەسەر نەخۆشی دەروونی و چارەسەریەکانی. ٦٠-٧٠٪ نازانن نەخۆشی دەروونی چییە، هەروەها تێکەڵکردنی نەخۆشی جیاواز لەگەڵ دەروونی.
ڕۆژنامەی هەولێر: کاتێک تاک هەست بە نائارامی و شلەژان دەکات، چی بکات؟
سەرەتا پێویستە تاک بزانێت هۆکاری شڵەژان یاخود نائارامییەکەی چییە؟ ئایا ئەم دۆخەی کە بۆ خۆی دروستی کردووە، شایانی ئەوەیە؟ چونکە هەندێجار مرۆڤ دەکەوێتە هەڵەی تێگەیشتن لە حەجمی کێشەکەی و گەورەکردنی. کە دیاریمان کرد گرفتەکەمان چییە و حەجمی چەندە، دەتوانی ڕێگاکانی زاڵبوون و ئاساییکردنەوەیان باشتر دەستنیشان بکەیت. بەڵام بە گشتی چەند ڕێکارێک هەیە کە یارمەتیدەرن و بۆ هەرکەسێک بەسوودە، لەوانە:
گۆڕینی ڕۆتینی ژیانی ڕۆژانە، وەرزش، چوونە دەرەوە و گۆڕینی شوێن، گرینگیدان بەکات و بڕی خەو، دروستکردنی پەیوەندی نوێ و ناسینی خەڵکی نوێ، دورکەوتنەوە لە هەندێ کەس بەتایبەت ئەوانەی نەرێنین، گرینگیدان بە گەشت و بۆنەی کۆمەڵایەتی، نوێژکردن و مدیتەیشن و پەیوەندیبەستن لەگەڵ خود، ڕاوێژ و گفتوگۆ لەگەڵ ئەو کەسانەی هەست بە ئارامی دەکەیت لەگەڵیاندا، سەردانیکردنی ڕاوێژکاری دەروونی و، هتد.
پەیامی کۆتایی: نەخۆشکەوتنی دەروون، شەرمەزاری نییە، بەڵکو نەخۆشینێکە وەک هەر نەخۆشییەکی دیکە.
داوای یارمەتی لاوازی نییە، بەڵکو هێزە. چارەسەر کاتێک کار دەکات، ئەگەر باش و گونجاو بێت و باوەڕت پێی هەبێت.